نازەنین ٨ ساڵە دوکاندارە و هەلی کاری بۆ ژنان دابینکردووە

نازەنین مەحمود ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، ماوەی ٨ ساڵە خاوەن دوکانی خۆیەتی و توانیویەتی هەلی کار بۆ ژنانی دیکە بڕەخسێنێت.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- نازەنین مەحمود، ژنێکی خاوەنکاری شارۆچکەی سەیدسادقە، ماوەی هەشت ساڵە دوکانی هەیە، لە دوکانەکەیدا پێداویستییەکانی ژنان وەک جوانکاری، جلوبەرگ، قوماش، ئێکسسوارات و کاری دەستی، موروو و زەنگیانە دەفرۆشێت، نازەنین ئەگەرچی چەندین ئاستەنگی و سەختی هاتووەتە ڕێگەی، بەڵام کۆڵی نەداوە تا بووەتە خاوەنکاری خۆی و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ١٠ی شەو دوکانەکەی کراوەیە

 

ئەو ژنە ڕەنجکێشە دەڵێت: لە منداڵییەوە حەزم بە کارکردن کردووە و بەردەوام لە کاردا بووم، حەزدەکەم هەموو ژنێک کاری خۆی هەبێت و بتوانێت کاری جیاواز بکات، تا پێویستییەکانمان لەلای ژنان بهێنین.

 

لە ئێستادا بازاری کار لە شارۆچکەی سەیدسادق بەڕووی ژناندا کراونەتەوە، زۆر ژن هەن توانیویانە دوکانی خۆیان دابنێن و لەم ڕێگەیەوە داهاتی سەربەخۆی خۆیان بەدەستدەهێنن و بژێوی خێزانەکانیشیان دابین دەکەن.

 

نازەنین مەحمود باس لەوەدەکات پێداویستی دوکانەکەم لەسەر داوای ژنان دەهێنم، هەندێکجار دێنە لام و داوای پارچەیەک دەکەن لە دوکانەکەدا نەبێت، هەوڵدەدات هەرچۆنێک بێت بەدەستی بخات و لە دوکانەکەیدا دەیفرۆشێت.

 

نازەنین مەحمود، دەربارەی دۆخی ئابوری بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا کە پێداویستییەکان گرانتر دەبن، دەڵێت: هەمیشە نرخم لە بازاڕ کەمتر بووە و کڕیاران لێم ڕازین، مرۆڤ پێویستە تەنها بیر لە پارە پەیاکردن نەکاتەوە، چونکە دنیا تەنها ئەوە نییە، بۆیەش هەمیشە هەوڵمداوە کە نرخی کەلوپەلەکان لای من هەرزانتر بێت تا ژنان بتوانن بەدەستی بهێنن، ژنان لە کارەکەم ڕازین و ڕازی نەبوونایە نەمدەتوانی هەشت ساڵ لەم کارەدا بەردەوام بم.