تابان گەرمیانی: ژنان پشکی شێری ئازارەکانی ئەنفالیان بەرکەوتووە

تابان گەرمیانی، ژنێک ٧ کەس لە خێزانەکەی ئەنفالکرا، باس لە ڕۆژانی پێش ئەنفال، کاتی ئەنفال و دۆخی ژنان دوای تاوانی ئەنفال دەکات، کە ژنان پشکی شێری ئازارەکانی تاوانی ئەنفالیان بەرکەوتووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان نە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالی کردووەتەوە، نا تاوانەکەی دۆکۆمێنت کردووە، نە تاوانەتەکەشی کردووەتە دەستکەوێت لە بەرژەوەندی گەلی کورد.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- تاوانی ئەنفال، هەزاران کوردی ئەم هەرێمەی کردە قوربانی، ١٨٢ هەزار کەس ئەنفالکران، جگە لەوان هەزاران منداڵ بێناز بوو، هەزاران کەس بە تەنها مانەوە و زیاتر لە نیوەی خێزان و بنەماڵەکەیان لەدەستدا، تابان گەرمیانیش یەکێکە لەو هەزاران ژنەی نیوەی خێزانەکەی لەدەستداوە.

 

تابان گەرمیانی، خەڵکی گەرمیانە، بڕیاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لە کاتی شاڵاوی ئەنفالدا ٧ کەس لە خێزانەکەی ئەنفالکراون، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لە ڕۆژانی پێش شاڵاو ئەنفال، کاتی ئەنفال، دوای ئەنفال و دۆخی ژنان دوای ئەنفال دەکات.

 

پێش شاڵاوی ئەنفال

وەک تابان گەرمیانی باسی دەکات، لە پێش تاوانی ئەنفالدا لەبەر ئەوەی باوکی پێشمەرگە بووە لە شارەوە چوونەتە شاخ و گوندەکان، ماوەیەک پێش ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، لەلایەن ڕژێمی عێراقیەوە ئابڵۆقە خراوەتەوە سەر گوندەکان و ڕێگەی نەداوە هیچ پێداویستییەک بچێتە ناو گوندەکانەوە، ڕۆژانە بۆ ترساندنی خەڵکەکە بە فڕۆکە تۆپی هەڵداوە.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، ڕژێمی عێراق ئاڕاستەی شەڕەکەی بە ڕووی شۆڕشدا گۆڕی و کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد، دواتر شاڵاوی ئەنفالی ئەنجامداوە، دوای چەند ڕۆژێک لە سەرکردایەتیی شۆڕشەوە ئاگاداری باوکی کراوە تا گەرمیان چۆڵبکەن، چونکە ئەگەر هەیە ڕژێمی عێراق گەرمیانیش کیمیاباران بکات.  

 

ڕۆژی تاوانی ئەنفال لە گەرمیان

خێزانە ١٤ کەسیەکەی تابان گەرمیانی لەپێناو مانەوەی بەشێکیاندا بڕیاردەدەن ببنە دوو بەش، تا ئەگەر بەشێکیان ئەنفال کران بەشێکی دیکەیان بمێننەوە، هەر بەشێکیش بە ئاڕاستەیەکی جیاوازدا بڕوات، بەشێکیان کە پێنج خوشک و دوو برا و خوشکەزایەکیان بوون بەرەو شاری سلێمانی دەڕۆن، ئەوانەی دیکەشیان پێکەوە دەڕۆن.

 

کاتێک ئەو بەشەی خێزانەکەیان کە بەرەو شاری سێلمانی دەڕۆن بەڵام لەو کاتەی لە تراکتۆرێکدان فڕۆکەی ڕژێم لە ئاسمان و هێزەکانی عێراق لە زەویەوە دەستبەسەریان دەکەن، دواتر دەیانبەن بۆ ڕەبایەیەک و دوای چەند ڕۆژێک دەیانبەن بۆ لیوای کەلار، دوای ئەو کاتە هیچ ئاگایەکییان لەو ئەندامانەی خێزانەکەیان نەماوە.

 

ژنان دوای ئەنفال

تابان گەرمیانی دەربارەی دۆخی ژنان دوای تاوانی ئەنفال دەڵێت ژنان لەو تاوانەدا پشکی شێریان بەرکەوتووە، لەگەڵ کۆڵێک لە خەمی لە دەستدانی کەسوکار، بێ پارەیی و بەسەرداکەوتنی چەندین منداڵ دۆخی ژنانی دەیان هێندە خراپتر کردبوو، بە جارێک سەرجەم ئەرکەکانیان کەوتە ئەستۆیان و دەبوایە ڕۆڵی هەموو کەسوکاری و خێزان ببینن.

 

تابان دۆخی دژواری ژنان پاش ئەنفال و لەدەستدانی کەسوکاریان دەخاتەڕوو، کە ژنان هیچ بڕوانامەیان نەبوو، دامەزراندن نەبوو، لەو کاتەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئابڵۆقەی خستبووە سەر عێراق، عێراقیش ئابڵۆقەی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانیش خۆی شەڕی ناوخۆی تێدابوو، بۆ ژنانێک کە بێ کەسوکاربوون و لەگەڵ چەند منداڵێک بوون دۆخەکە هێندەی دیکە قورس بووە.

 

وەک تابان دەیگێڕێتەوە، ژنانی گەرمیان دەچوونە سنوری عێراق و لەوێ بەنزینیان دەهێنا و لە سنوری هەرێمی کوردستانەوە بە نرخێکی گرانتر دەیانفرۆشت، لە بازگەکاندا بە خراپترین شێوە دەپشکنران و شتومەکەکانیان دەسوتێنران، بێ ڕێزییان پێدەکرا، "زۆر هەستێکی ناخۆش بوو، ئەو ڕژێمەی کە هەموو کەسوکارەکەتی کوشت، بەڵام ئێستا دەچیتە دەرگاکەی و بێ ڕێزیت پێدەکات، هەموو ستەمێک لەبەر منداڵەکانت پەسەند بکەیت".

 

تابان دەڵێت: ژنان لە کێڵگەکاندا کاریان دەکرد، یاخود خزمەتکارییان بۆ ماڵان دەکرد، ئەمە ئەگەر ژنیک گەنج بوایە و بیتوانیایە کار بکات، ئەی ئەو کەسانەی کە نەیان دەتوانی کار بکەن، نە بڕوانامەیان هەبوو، نە دامەزراندن هەبوو، لەکاتێکدا لەو سەردەمەدا بەهۆی گرانیەوە یەک کیلۆ ئادر بە ١٢ هەزار دینای سویسرای بووە، ڕۆژانەش هەر کەسێک لە بەیانییەوە تا ئێوارە بە ١٢ دینار کاری دەکرد، واتە پارەکە تەنها بەشی ئاردی دەکرد، ئەی خواردن، نەخۆشی و جلوبەرگ.

 

 

دوای کۆتایی هاتنی شاڵاوی ئەنفال

پاش تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ بەڵام ئازارەکانی تاوانی ئەنفال بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان هێشتا تازەیە، وەک تابان باسی دەکات: دوای ئەو هەموو ئازارە تاوانی ئەنفال بەرامبەر کوردەکان کرا، بەڵام ئێستا بە سیاسی کراوە، لە زۆر ڕووەوە کاری لەسەر نەکراوە، لە کاتێکدا دەبوو لە دوو ڕووەوە کار لەسەر تاوانی ئەنفال بکرێت، یەکەم بە جینۆساید ناساندی تاوانەکە لەسەر ئاستی جیهاندا، دووەم چی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێت.

 

بە جینۆساید ناساندنی کەیسەکە لە جیهاندا

بەپێی ئەو ئامارانەی هەیە، ١٨٢هەزار کورد لە ژن، منداڵ و پیاو ئەنفالکران، بەڵام تا ئێستا ئێسک و پروسکی کەمتر لە چوارهەزار لە بیابانەکانی نوگرەسەلمان، ئەبوغرێب، ساماڕا و بەسڕە، لە  ناوەڕاست و باشوری عێراق دۆزراونەتەوە، کە ئەمەش واتە تەنها ٪٢ دۆزراونەتەوە، بەشی زۆری گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش هەڵنەدراونەتەوە.

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات دەبوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەم تاوانەیان بکردایە بە دۆکۆمێنت، ئامارەکانیان بە وردی دەستنیشان بکردایە، کە چەند کەس ئەنفال کراون، چەندی ژن، منداڵ و پیاو بوون، چەند گوند کاول کراون، چەندە زیانی ماددی و کۆمەڵایەتی لە کورد داوە، ئێسک و پروسکەکانی ئەنفالکراوان بدۆزرایەتەوە، بەڵام هیچی نەکراوە، تا ئێستاش نەیتوانیووە، تەنانەت تاقیگەیەک بۆ وەرگرتنی نمونەی DNA لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دروستبکات.

 

هەروەها دەڵێت: یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبێت ئەنجامی بدات، بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکەیە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ئەگەر کەیسەکە بە جینۆساید بناسێندرێت، ئەوا دەوڵەتی عێراق ناچارە داوای لێبوردن بکات و قەرەبووش بکاتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خۆمانین کە هەوڵێکی  جدیمان بۆ نەداوە".

 

خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان

بەپێی وتەکانی تابان گەرمیانی، لە ڕووی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان نا دادی هەیە، چونکە خێزانێک کە یەک کەسی ئەنفال کراوە مووچەکەی جیاوازیەکی زۆر کەمی هەیە لەگەڵ خێزانێک کە ٧ کەسی ئەنفال کراوە.

 

باس لە دۆخی کەسانی بەساڵاچوو بەتەمەن دەکات، کە پاش ئەنفالبوونی منداڵەکانیان ئێستا زۆرینەیان بە تەنهان، حکومەت تەنانەت خانەیەکی بەساڵاچوونیشی بۆ نەکردوونەتەوە.

 

دەشڵێت "ئێستا نەوەیەک لە ئەنفال بووە، کە بەشێکیان خوێندەوارن و بڕوانامەیان هەیە، بەڵام بەشێکیان دوای لەدەستدانی باوک و دایکیان، ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکانیان کەوتە ئەستۆ، کرێکاری کردووە و نەیخوێندووە، قەرەبووی تەمەن و کەسوکارەکەی ناکرێتەوە، بەڵام خۆ حکومەت دەتوانێت قەرەبووی ژیانیان بکاتەوە، ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت " ئەگەری چی ئێمەی کورد خاوەنی ئەم تاوانانەی وەک هەڵەبجە، ئەنفال، کۆڕەو، شەنگال و بارزانییەکان، بەڵام تا ئێستا ئەمانە نەکراونەتە هۆکارێک بۆ دەستەکەوت و بەرژەوەندی گەلی کورد، ئیشمان لەسەر ناساندنی تاوانەکان نەکردووە".

 

ت.پ