ژنانی ونبووی ئەنفال ٣٣ ساڵە لەکوێن؟ ...٤

ئەنفال یەکێکە لە دڕندەترین هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، تا ئێستاش کاریگەری ئەنفال بەسەر ناوچە و خەڵکەکەیەوە ماوە، بەڵام هەمیشە کورد لەسەر پێی خۆیەتی و هیچ شتێک نابێتە هۆی لەناوچوونی.

عەتیە حوسێن: ئەنفال نەیڕوخاندین هیچ کەس نامانڕووخێنێ

 

سلێمانی-کارەساتی ئەنفال یەکێکە لە هەرە دڕندەترین هێرشە سەربازییەکان کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام درابێت، ئەنفال کۆمەڵکوژیەک بوو کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام درا بە مەبەستی لەناوبردنی کورد، لەم پڕۆسەیەدا هێزە سەربازییەکانی سەردەمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن هەروەها هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مەغاویر، گاردى کۆمارى، بەڕیوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگیرى سەربازى، یەکە تایبەتەکان بە چەکی کیمیایی  و سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە، بەشدارییان تیایدا کرد. .

 

عەتیە حوسێن ژنێکی ناوچەی گەرمیانە و چیرۆکی داگیرکاریەکانی ڕژێمی بەعس دەگێڕێتەوە

قۆناعی سێی ئەنفال ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، لە ٧ بۆ ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، گەورەترین هێرش و پەلامار بوو بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان و کوردەکان و زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددی گەیاند بە نزیکەی پێنج هەزار گوند، لە ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ دا چوار شارۆچکەی ناوچەی گەرمیان لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی ٢٠ هەزار خێزانیان بۆ سەربازگەی قۆرەتوو ڕەوانەکران، بۆیە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا تاوانە گەورەکەی ئەنفال یاد دەکرێتەوە.

 

عەتیە حوسێن لە چیرۆکی ژیانیدا باس لەوە دەکات، لە هەڵمەتی ئەنفالدا دوو برا و دوو خوشک و دایک و باوک و هاوژینەکەی لەدەستداوە، دەڵێت: "لە شەودا ئەهاتینەوە ماڵەکانی خۆمان نانمان دەخوارد بەڵام بە ڕۆژدا دەچوینەوە دەشت و خۆمان دەشاردەوە"، تەیارە بەردەوام خەڵکی ڕەمی دەکرد تا لە ساڵی ١٩٨٨ بە تەواوی هاتنە ناو گوندەکان و خەڵکیان دەبرد و دەیانکوشت.

باس لەوە دەکات موستەشارەکانی ئەوکاتە هەڵیان دەخەڵەتاندن، دەچوون بۆلایان و پێیان دەوتن کە شوێنی ئەمینییان بۆ دابین کردوون بەڵام لە پشتەوە ڕادەستی ڕژێمی بەعسیان دەکردن، هاوژینەکەی عەتییەش یەکێک بووە لە قوربانییەکانی دەستی موستەشارەکان.

 

"خۆم بە سکێکەوە لەگەڵ منداڵەکانم ماینەوە"

عەتیە، ئاماژەی بەوەدا کاتێک هاوژینەکەیان گرتووە خۆی بە سکێکەوە ماوەتەوە لەگەڵ منداڵەکانیدا و بێکەس بووە و ماڵی باوکیشی بە هەمان شێوە ئەنفال بوون و خەڵکی هاوکاری کردووە، عەتیە دەڵێت "ماڵە و ماڵم زۆر کردووە تا بتوانم خۆم و منداڵەکانم بپارێزم، لە دوای تەواوبوونی شاڵاوی ئەنفال، چەندین کارم کردووە وەک کرێکاری، حەماڵی و کارگوزاری تا بتوانم بە بڕە پارەیەکی کەم منداڵەکانم بخەمە بەر خوێندن".

عەتیە ئاماژەی بەوەش کرد لەو سەردەمەدا مەلاکانیش بانگەوازیان دەدا کە ئەوانە کوردن و بیانگرن و بیانکوژن ماڵی باوکی و هاوژینەکەشی بەر ئەو لێشاوە کەوتوون، دەڵێت: "عەسکەرەکان کە دەهاتنە ناو گوندەکانەوە بە چەک خەڵکیان دەخستە ناو زیلەکانەوە و دەیانبردن بێ جیاوازی گەنج، پیر، ژن و منداڵ"

 

"٣٠ ساڵە چاوەڕێم کەسوکارەکەم بێنەوە لام"

عەتیە دەڵێت کە تا ئێستا نازانێت هاوژینەکەی و ماڵی باوکی ئەژین یاخود مردوون، بۆیە هەمیشە چاوەڕێیە کە دووبارە کەسوکارەکەی ببینێتەوە، لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت: "لە تاو دڵی خۆم هەندێک کات لاوانەوە دەکەم بۆ کەسوکارەکەم، هەرشتێک دەبینم ڕۆژانە ئەوانم بیر دێتەوە، باوک و منداڵ دەبینم منداڵەکانی خۆمم بیر یەتەوە کە بێ باوکن"، عەتیە تا ئێستاش جامانەی هاوژینەکەی هەڵگەرتووە و لە چاوەڕوانی ئەوەدایە رۆژێک بێت و هاوژینەکەی بێتەوە و جامانەکەی بداتێ، ٣٠ ساڵە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە یەکێک لە کەسوکارەکەی بڵێ یەم بۆ ماڵەکەت، لەگەڵ ئەوەشدا عەتیە هەر بە هێزەوە دەژی و هیوای بە ژیان هەیە و دەڵێت: "ئێمە ئەنفال چۆکی پێدانەداین هیچ کەسێک چۆکمان پێ دانادات".

 

لەگەڵ ئەوەی عەتیە و چەندانی وەک عەتیە لە ئەنفال رزگاریان بووە و بەردەوام ڕووداوی ئەنفالیان لەبەرچاوە و برینیان ساڕێژ نابێ بەڵام حکومەت تا ئێستا بە پێی پێویست نەهاتووە بە هانای کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە و تا ئێستا موچەیەکی وای بۆ دابین نەکردوون تا بتوانن ماڵ و منداڵیان پێ بەخێوبکەن.

 

ت.پ