پارتی سەوز هۆشداری دەدات لە کۆنەکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سلێمانی

پارتی سەوزی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات هۆکارێکی پیسبوونى ژینگەیە، کۆنەکردنەوەی خۆڵ و خاشاکە لە پارێزگاکان بە تایبەت لە سلێمانی ئەوەش بەهۆى دابیننەکردنى پارە بۆ کۆمپانیاکانی پاککەرەوە، کە هۆکاری ڕوودانی کارەساتێکی ژینگەییە لە سلێمانی.

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆ پارتی سەوزی کوردستان لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە سلێمانى لە بارەی پیسبوونی ژینگە و مەترسی و لێکەوتەکان و ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر سروشت و ژینگە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

 

ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتى: بەپێی خوێندنەوەکانى ئێمە بۆ پیسبوونی ژینگە یەکێک لەهۆکارەکانى دەگەڕێتەوە بۆ بوونى ململانێ سیاسییەکان و لەئێستاشدا ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی هاویشتووە بۆ پیسبوونی خێرا و لە هەمانکاتیشدا ژینگەیان بچووک کردووەتەوە و یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنەکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە پارێزگاکان بە تایبەت لە سلێمانی، دابیننەکردنى پارەیە بۆ کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لەلایەن حکومەتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کارەساتێکی ژینگەی لە پارێزگای سلێمانی ڕووبدات".

 

ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت حکومەت پەلە بکات لە دابینکردنی پارە بۆ کارمەندانى کۆمپانیاکانى پاککەرەوە، کە لە ئێستادا هیچ پارەیەکیان بۆ خەرجناکرێت و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کارمەندانی ژینگە پارێز مانگرتنی خۆیان ڕابگەیەنن، کە لە ئەنجامیشدا برێکى زۆر لە خۆڵ و خاشاک لە ناو کۆڵان و شەقامەکاندا کۆبووەتەوە و ئەوەش، جگە لە ئەوەى، سیمایەکى ناشرینى بە شارەکان بەخشیووە لە هەمانکاتیشدا دەبێتە هۆى دروستبوونى کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی.

 

سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان ئەوەشى خستەڕوو: هۆکارێکى دیکەى پیسبوونى ژینگە زۆربوونی ئۆتۆمبێل و ژمارەى کارگەکانە، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دێنە ناوخاکی هەرێمەوە بەداخەوە بە هیچ فلتەرێکدا ناڕۆن و لە هەمانکاتیشدا زۆری ڕێژەى توشبووانی شێرپەنجەش بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێنینەوە و بەپێیى ئەو ئامارەی لەبەردەستیشماندایە ئەگەر ڕێژەکە بەرەو هەڵکشانى زیاتر بچێت، ئەوا کارەساتی گەورەتر ڕوودەدات.

 

دواتر دانا نەجمەدین، وتەبێژی پارتی سەوزی کوردستان ئەوەی خستەڕوو کە ڕووبەری سەوزایی لە باشوری کوردستان کەمترە لە ستانداری جیهانی، چونکە لە هیچ شوێنێکی کوردستاندا ڕێژەی سەوزایی ناگاتە ستانداردی جیهانی، کە بەڕێژەى لە ١٥٪ دیاریکراوە.

 

وتیشى: "بەپێى ئەو ئامارانەی، کە لە نەخۆشخانەی هیواى هەن، ئاماژەیەکى دڵخۆشکەر نین، چونکە تەنها لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٥١٧ توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە لەو ڕێژەیەش ٤٨٦ توشبوو لە جۆرى شێرپەنجەی خوێنن، لەوانەش ڕێژەى لە ٨٠% بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە، ڕێژەی لە ٩% لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمن و لە ١١% ى ڕێژەکەش سەر بە پارێزگاکانى دیکەى عێراقن".