کڵێسای ئەرمەنییەکان بەرەنگاری وێرانبوونی دەبێتەوە

کڵێسای مێژوویی گەرموش کە دەوترێت لە سەدەی نۆزدەیەم دروست کراوە، بە باڵا نهێنی و سیحرییەکەی و بیناسازییە ڕەنگینەکەی سەردانیکارانی سەرسام دەکات، بەڵێنەکانیش بۆ نۆژەنکردنەوەی کڵێسا مێژووییەکە تا سەدەی ٢١ لە هەوادا ماوەتەوە.

 

مەدینە مەمەد ئۆغڵو

ڕەحا- کڵێسای گەرموشی ئەرمەنییەکان لە گەڕەکی گەرمورشی ناوچەی حەلیلی ڕەحایە کە دەوترێت لە سەدەی نۆزدەیەمدا دروستکراوە، کڵێسای مێژوویی ئەرمەنییەکان هەرکەس لێی دەڕوانێت سەرسامی تەلارسازی و بینا نهێنییەکەی دەبێت، بەڵام ئەو زیانەی بەر کلێساکە گەیشتووە بە درێژایی کات جێی نیگەرانییە.

 

کڵیساکە لەدوای ساڵی ١٩١٥ و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانەوە دەست لە پاراستنی هەڵگیرا، دیوارەکانی چەندین نەخشەی بەردین و نوسراوی مێژووی لەسەر هەڵکۆڵدراوە و چەندین چاڵ کە وەک گەنجینە بەکارهاتوون بەجێماوە و لە ئێستا بووەتە جێی ئامانجی ڕاوچی گەنجینەکان.

 

ئەو بەڵێنانەی دراون، جێبەجێ نەکراون

ئەو گەڕەکەی کە ئەرمەنەکان بە گەرمورچ و کورد بە گەرموش ناوی دەبات، دواتر گۆڕدرا بۆ داگتەگی، لە سەردەمی خۆیدا بە گەورەترین گوندی شارەکە ناسراوە، کڵێساکە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ەوە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار وەک ناوەندێکی "پەرەپێدانی گەشتیاریی" لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاریکراوە و پاسەوانی بۆ دابینکراوە بۆ پاراستنی.

 

دوو ساڵ لەمەوپێش لە پرۆژەیەکدا کە پارێزگاری حەلیل ئامادەی کردبوو بڕیاری نۆژەنکردنەوەی کڵێساکە درا کە پشتگیری دارایی لەلایەن ئاژانسی گەشەپێدانی کاراکاداغەوە بۆ دابینکرا، هەرچەندە چەند ساڵێک بەسەر ئەو بڕیارانەدا تێپەڕیوە، بەڵام لەلایەن ئەو کەسانەی سەردانی کڵێسا دەکەن دەبینرێت کە هیچ کارێک نەکراوە بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی کڵێساکە.

 

بیناکە سەردانیکارانی دەباتەوە ساڵەکانی پێشوو

لە سەرەوەی کلێسا دوو قاتەکە چەشنی قوبە سێ هەیکەڵ هەن، دوو دانەی نزیک لە یەکتر و دانەیەک لەوان دوورتر، دوو شوێنی ئایینی هەیە ٦ کۆڵەکەی تێدایە کە سەرەڕای تەمەنە زۆرەکەی بەڵام سەرنج بۆخۆی دەبات، پەنجەرەکانی لە قوبە خڕەکاندا دەڕوانێت بەسەر دەرەوەدا لە شێوەی خاچدایە و نەخشی سەر دیوارەکان هێشتا بە ڕوونی دەبینرێت.

 

دوو ژوور کە ڕێگەی چوونە قاتی دووەمی هەیە، سەردانیکەرانی دەباتەوە سەردەمە زۆر کۆنەکان و سەرەتای تەمەنی کڵێساکە، قاتەکانی سەرەوە لەگەڵ تەمەنە زۆرەکەیدا بەڵام بەرەنگاری وێرانبوونی و بەرخۆدان لەگەڵ مێژووەکەیدا دەکات.

 

وێرانکردنی کڵێساکە لە دوای ساڵی ١٩١٥ دەستیپێکرد

لە سەدەی ٢١دا گۆڕەکانی ئەم گوندە مێژووییە لەلایەن خاوەن گەنجینەکانەوە هەڵکەندران و قوتابخانەکانیان ڕوخێنران و ئەوانی تریش تێکشکێنران، تەنها پاشماوەکانی پەرستگاکانی دەوروبەری گوندەکە بە ناوی سورپ هۆفانیس، سورپ تادیۆس، سورپ هاگۆپ و سورپ میناس ماونەتەوە، جگە لە وێرانەکانی ئەم پەرستگا و قوتابخانە و گۆڕستانە، گوندی مێژوویی کڵێسای گەرموش کە هێشتا بە چوار دیوارەکەی خۆی بەرهەڵستی تاڵانی دەکات، ماوەتەوە.

 

کڵێساکە لە ساڵی ١٨٨١دا لەلایەن هاگۆپ ئەردڤیسیانەوە نۆژەنکراوەتەوە، تا ساڵی ١٩١٥ لەلایەن ئەرمەنییە ئەرتۆدۆکسەکانەوە وەک شوێنی پەرستن بەکاردەهێنرا، ئەو کڵێسایەی کە دواتر ڕووبەڕووی وێرانکردن و تاڵانکردن بووەوە زیانێکی زۆری پێگەشتووە، گەنجینەوانەکان کڵێساکەیان کردووەتە موڵکی خۆیان و ٦ چاڵی ٣ مەترییان لە بن کڵێساکەدا هەڵکۆڵیوە، باس لەوەدەکرێت کە پێش گەنجینەوانەکانیش لەلایەن گوندنشینانەوە وەک شوێنی پاراستنی ئاژەڵ بەکارهاتووە، بڕیاریش بوو لە مانگی کانوونی دووەمیشەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکرێت بەڵام هیچ ئامادەکارییەک لە ئارادا نییە.

 

ت.پ