پلەی گەرما و بێخەمی حکومەت زەوییە کشتوکاڵییەکانی بێ بەرهەم کردووە

بەهۆی هەبوونی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا و نەبوونی سیستمێکی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان جوتیاران ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و زەوییە کشتوکاڵیەکانیش زیانیان پێگەیشتووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەبوونی پلەیەکی گەرمای زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دۆخی کشتوکاڵی خستووەتە مەترسییەوە، وشکەساڵی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەهۆیەوە چەندین گوند وشک بوون و چیتر کشتوکاڵیان تێدا ناکرێت، پلەی گەرمای بەتین سەرانسەری جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی سیستمێکی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی ئاو و دابەشکردنەوەی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا و نەبوونی پلانی کشتوکاڵی، وشکەساڵی زیاتر کاریگەری لەسەر کردووە.

 

شەیما حەمدوڵا، ئەندازیاری کشتوکاڵ و پسپۆڕ لە بواری کشتوکاڵی داپۆشراو، دەربارەی وشکەساڵی بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستانیش وەک هەر ناوچە و وڵاتێکی دیکە ڕووبەڕوو وشکەساڵی بووەتەوە، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٩وە وشکەساڵی دەرکەوتووە و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەکات، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە کە یەکێک لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیە بە ئاستێکی بەرز، هەروەها نەبوونی ئاو و سیستمێکی باش بۆ بەکارهێنانی ئاو، هەڵنەگرتنی ئاو و چۆنیەتی بەکارهێنانی لەلایەن جوتیارانەوە، جگە لەمانەش نەبوونی سیستمێک بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی زێراب و بەفیڕۆچوو بەشێکی هۆکارەکانن.

 

"گەرمای هاوین کاریگەری خراپ لەسەر زەویە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمەکانیان دروست دەکات"

خودی گەرما بۆ خۆی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر زەوی بە گشتی و زەوییە کشتوکاڵییەکان بە تایبەت، چونکە زەویە کشتوکاڵییەکان پێویستیان بە هەبوونی بڕێکی باش لە ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی هەیە، لە بوونی گەرمایەکی زۆردا ئاو کەم دەکات و کۆمەڵێک کاریگەری خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

شەیما خستیەڕوو کە کاریگەرییەکانی گەرما لەسەر زەوییەکان بریتین لەوەی کە دەبێتە هۆی شەقبوونی زەوییەکان، کاتێک ڕووەکی تێدابێت ڕەگەکەی بە هەمان شێوە کەرت دەبێت و تێکدەچێت دواجار ڕووەکەکە بەرهەمێکی باشی لێ پەیدا نابێت، گەرما کاردەکاتە سەر کەمبوونەوەی ئاو، هەتا ئاو کەم بێت دەبێتە هۆکار بۆ سوێربوونی خاکەکە و هەموو وردە زیندەوەرەکان لەناودەچن لە کاتێکدا سودیان بۆ کشتوکاڵ هەیە، مادە ئۆرگانییەکان شینابنەوە و دواجار ڕووکەکە ماددە خۆراکییەکانی خۆی لەدەستدەدات.

 

هەبوونی پلەی گەرمایەکی زۆر و نەبوونی ئاو لە هەمان کاتدا پێکەوە کاردەکەنە سەر زەویە کشتوکاڵییەکان، چونکە تا پلەی گەرمی بەرزبێت زیاتر ئاو بە هەڵم دەبێت و ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات، دواجار دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمەکان.

 

"چەندین گوند بەهۆی گەرما و نەبوونی ئاو کشتوکاڵیان تێدا ناکرێت"

شەیما حەمدوڵا کە دانیشتووی ناوچەی بازیانە ئاماژەی بەوەدا، لە بازیان چەندین گوند هەن جوتیارەکانیان وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە، چونکە بەتەواوەتی ڕووبەڕووی نەبوونی ئاو بوونەتەوە و ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو گەرما زۆرە ببنەوە و خاکەکەیان بپارێزن، ئەو جوتیارانەی کشتوکاڵیش ئەکەن زۆرکات بەرهەمەکانیان تێک دەچێت.

 

وتی "بۆ ئاودانی زەویە کشتوکاڵییەکان سیستمی دەستکرد هەیە وەک ڕێگە چارەسەرییەک، بەڵام ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەوێت کە لە توانای جوتیارەکاندا نییە، هەر بۆیە پەنادەبەنە بەر بیر لێدان یاخود ئاوی چەم، هەرچەندە زۆرکات ئاوی چەند بیرێکیش بەشی زەوییەکی جوتیارێک ناکات، بووەتە هۆکارێکیش بۆ کەمبوونەوەی ئاو بە گشتی لە ناوچەی بازیاندا کە پێشووتر دەیانوت بازیان وەک دەریا وایە ژێری هەمووی ئاوە".

 

ڕێگایەکی دیکە هەیە کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و دواتر سود وەرگرتنی بۆ ئاودانی زەوییەکان ئەویش دروستکردنی حەفرە لەو جێگەیەی زەویە کشتوکاڵییەکەی لێیە، لە کاتی گەرمادا ڕووپۆش دەکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە هەڵم، بەڵام کاتێک باران بە شێوازێکی بەهێز دەبارێت یاخود چڕیەکەی کەمە ناتوانرێت سودی لێوەربگیرێت، بە داخەوە حکومەتیش هیچ ڕێکارێکی نییە بۆ سود وەرگرتن لە ئاوی باران و کۆکردنەوەی.

 

"بەهۆی نەبوونی ئاوی باران و ئاوی پاک جوتیاران پشت بە ئاوی چەم دەبەستن"

ئەو پسپۆڕە دەڵێت: هەبوونی گەرما دووبارە کار دەکاتە سەر دروستبوونی نەخۆشی و زیادبوونی مێروو و حەشەرات لەناو زەویەکاندا، کە ئەمەش دووبارە دەبێتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی بەرهەمەکان و زەویە کشتوکاڵییەکان، وشکەساڵی کە یەکێک لە هۆکارەکانی گەرمایە کاریکردووتە سەر کەمبوونەوەی دانەوێڵەش بە تایبەتی گەنم، جۆ، گەنمەشامی.

 

شەیمای پسپۆڕ ئاماژەی بەوەدا، ئەو جوتیارانەی بەردەوامن لە کشتوکاڵکردن پشت بە ئاوی چەم دەبەستن، هەرچەندە ئەمساڵ ڕێگریان لێدەکرا بەوەی کە بووەتە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوەتی ڕێگری لێبکرێت چونکە تاکە چارەسەرە بۆ جوتیاران، شەیما باسی لەوەکرد کە جۆری ئاو کاریگەری هەیە لەسەر زەویەکان و بەرهەمەکانیان، بۆ نمونە ئاوی باران ترشە بارانی تێکەڵە. بەڵام ئاوی چەم زێرابی ماڵانی تێکەڵ دەبیت کە ئەمەش خراپە و زیاتر پێویستە گرنگی بە کۆکردنەوەی ئاوی باران بدرێت و بەکاربهێندرێت وەک لە ئاوی چەم.

 

بەڵام ئاوی پاک و پیس کاریگەری نییە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، چونکە ڕووەک و بەرهەمەکە ئەو ماددانە هەڵدەمژێت کە پێویستی پێیەتی جا لە ئاوی پاکدا بێت یاخود پیس، هەندێک کات ئاوی چەم هەرچەندە پیسە، بەڵام هەموو ئەو ماددانەی تیایە کە جوتیارەکان خۆیان دەیکڕن و دەیدەنە بەرهەمەکانیان، وتیشی "جوتیارەکان ئەو ئاوە بەکاردەهێنن خۆیانی پێووە ماندوو دەکەن، بەڵام دواجار حکومەت دێت و زەوییەکانیان لەناودەبات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێگە چارەسەرییەکیان بۆ ناخاتەڕوو، پێویستی جوتیارەکان پڕناکاتەوە".

 

"بە ئاوی چەم ڕووەکێکی تەواو پێگەیشتوو بەرهەم نایەت"

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ئەندازیار شەیما نمونەی کێڵگەیەکمان بۆ دەخاتەڕوو کە بەهۆی گەرما و نەبوونی ئاو جوتیارەکەی پەنای بۆ ئاوی چەم بردووە، کە بە هۆیەوە ئەو ڕووەکە بەرهەم نەهاتووە کە جوتیارەکەی چاوەڕێی دەکات، چونە ئاوی چەمەکەش بە تەواوەتی بە کەڵکی نایەت، وتی "وەک دەبینرێت باڵای ڕووەکەکە بچوکە لە کاتێکدا پێویستە باڵاکەی بگاتە ٢ مەتر، هەروەها هەرکات بەرهەمبێت بەرهەمێکی باشی تەواو پێگەیشتوو نابێت، هەرکات ئاوی چەمەکەش نەمێنێت ئەو ڕووەکەی پێشگەیشتووە زەرد دەبێت و بە کەڵکی هیچ نامێنێت، هەروەها ئاوی چەم بە بەراورد بە ئاوی دیکە پڕۆسەی پێگەیاندنی بەرهەمەکە خاو دەکاتەوە، بۆ نمونە ئەگەر گەنمەشامی بە ١٠٠ رۆژ بێتە بەرهەم، ئەگەر بە ئاوی چەم ئاو بدرێت زیاتر لەو ڕۆژانەی پێویستە".

 

"ساڵانە گەرمای زەوی زیاد دەکات بۆیە پێویستە بە سیستمی پێشکەوتوو پارێزگاری لە کشتوکاڵ بکرێت"

ئاماژەی بەوەدا ساڵ بە ساڵ پلەی گەرمی زەوی زیاد دەکات و ئەو گەرمایە لە بەرگە هەوادا قەتیس دەبێت و دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ زەوی، هۆکاری ئەمەش بوونی ئەو کارگانەیە کە ماددە زیانبەخشەکان فڕێدەدەنە ناو بەرگە هەواوە، هەروەها بوونی خانووە داپۆشراوەکانە کە پلەی گەرمی قەتیس دەکات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ بەرگە هەوا.

 

دەربارەی پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە گەرمادا شەیما وتی: "بۆ ئەوەی زەویەکی کشتوکاڵی بپارێزین لە گەرمای بە تین پێویستە ڕووەکی تێدا بڕوێنین، بەڵام کاتێک ئاو نەبێت بۆ ئاودانی ڕووەکەکە جوتیارەکەش ڕووەک ناڕوێنێت و زەویەکە وشک دەبێت، لە حاڵەتی لەو شێوەیەدا پێویستە جوتیاران پەنا بەرنەبەر ئاودان بە ڕێگای دڵۆپە کە کەمترین ئاوی پێویستە و خاکەکەش دەتوانێت ئاوی پێویست بخواتەوە، بۆیە ڕێگای چارەسەر لەم گەرمایەدا خانووە پلاستییکیەکانە"، بەڵام ئەو خانووانەش سود و زیانی هەیە، سودەکەی ئەوەیە بەرهەمەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە، بەڵام هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی، تامی بەرهەمەکانیشیان جیاوازە چونکە ماددەی بۆ بەکاریەت و تامی کوردی نادات.

 

لە کۆتایدا شەیما بەم شێوەیە چارەسەری خستەڕوو؛ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەرمای بە تینی هاوین، ئاو چارەسەری یەکەمە، جگە لەوە بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان بۆ مانەوەی ڕووەکەکان، هەروەها بە پێویستی دەزانێت چیتر حکومەت بێدەنگ نەبێت لە ئاست کێشەکانی جوتیاران و زەویە کشتوکاڵییەکاندا بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکات و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرزبێتەوە.