''هەڵمەتی زاگرۆسانە چالاکییەکە بە مەبەستی سەوزکردنی چیاکانی کوردستان ئەنجامدەدرێت''

گۆڤارعوسمان، بەشداربوو لە هەڵمەتی زاگرۆسانە دەڵێت: هەڵمەتی زاگرۆسانە ڕێگری لەو داگیرکاریانەی دەوڵەتانی دراوسێ دەکات کە بۆسەر ژینگەی ناوچەکەمان ئەنجامی دەدەن، هەروەها چالاکییەکە بۆ سەوزکردنی ژینگەی کوردستان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ٢٠١٨، دوای شەهیدبوونی چەندین ژینەگە پارێز لە ئاگری زاگرۆس و پەرەسەندنی دەستدرێژییە یەک لە دوای یەکەکانی داگیرکەرانی سروشت، ڕێکخستنێکی بە کۆمەڵ بە ئامانجی دروستکردنی گێڕانەوەیەک بۆ دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی پێویستبوو، هەر بەو هۆکارەش ژیان و زاگرۆسانە لە دایکبوو، دوای 7 ساڵیش لە  دەستبەکاربوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە، زیاتر لە ١٢٠رێکخراو لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران  تێیدا چالاکن، هەروەها هەڵمەتی زاگرۆسانە سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوەیی گرتووە،  پاشان لە باکووری کوردستان بە بەشداری زۆرێک لە چالاکوانانی ژینگە و  وڵاتپارێزان، چیاکانی کوردستان سەوزدەکرێت، هەروەها لە ٥ی کانوونی یەکەم هەڵمەتی زاگرۆسانە لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد، کە چەندین ڕێکخراو لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، قەڵادزێ، پێنجوێن و شوێنەکانی دیکەش ئامادەکارییان بۆ ئەم هەڵمەتە کردووە، لە ئێستاشدا هەڵمەتەکە لە هەفتەیی سێیەمیدایە و هاوڵاتیانیش بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری دەکەن، تا بتوانن خاک و چیاکانیان لە دەستی داگیرکەران بە سەوزکردنی بەڕووەکان بپارێزن.

 

" هەڵمەتی زاگرۆسانە، لە لایەن تەواوی هاوڵاتیانی باشووری کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت"

گۆڤارعوسمان ئەبوبەکر، بەشداربوو لە هەڵمەتی زاگرۆسانە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی هیوا، وتی: هەڵمەتی زاگرۆسانە چالاکییەکە بە مەبەستی سەوزکردنی چیاکانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، هەروەها کورد بەبێ شاخەکان توانای ژیانکردنی نابێت، بەڵام شاخەکان بەبێ ئێمە دەتوانن ژیان بکەن، هەربۆیە هاوڵاتیان گرنگی زۆر بە ناشتنی نەمامەکان دەدەن، منیش وەک پزیشکێک بەهۆکاری باشترکردنی تەندروستی خۆم و هاووڵاتیان لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بەشداریم کردووە، ئەم هەڵمەتەش ماوەی حەوت ساڵە هەیە، لەم ساڵیشدا گرنگی بە بڵاوکردنەوەی فکری ناشتنی بەڕوو دەدرێت، ئەویش لە ڕێگەی گروپی هەرەوەزیی و دروستکردنی پەیوەندی لە سەرجەم ناوچەکاندا، هەروەها ئەم چالاکییە لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان و باشووری کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش بە ئامانجی سەوزکردنی تەواوی پارچەکانی کوردستان، بۆیە پێویستە ئەم هەڵمەتە ببێتە هەڵمەتێکی کولتووری لە ناوچەکەدا، تەواوی هاوڵاتیان و خێزانەکان هاوشێوەی بۆنە کوردییەکانی تربە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکەران ساڵانە ڕوو لە چیاکانی کوردستان بکەن بۆ ناشتنی بەڕوو، تا لە ڕێگەی ناشتنی درەختەکانەوە کوردستانێکی سەوز و تەندروستییەکی باشترمان هەبێت.

 

وتیشی: هاوڵاتیان بە جۆش وخرۆشەوە پێشوازی لە هەڵمەتەکە دەکەن، سەرجەم چین وتوێژەکانیش بەشداری تێدا دەکەن، کە لە نێویاندا ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە سەوزکردنی چیاکانی کوردستاندا هەیە، هەربۆیە پێشوازی هاوڵاتیان لە ناوچەکاندا جێگای دڵخۆشییە، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە سەردانیان دەکەین، پێداویستییەکانی خواردن و خواردنەوەمان بۆ دەستەبەر دەکەن، پاشان بەشداری چاندنی بەڕووەکانمان بە باوەڕییەوە لەگەڵ دەکەن، هەموو بەشداربووانیش بە خۆشەویستیەکی زۆریان بۆ خاک و ژینگەکەیان بەڕووەکانیان دەنێژن، هەروەها سەرەڕای ڕواندنی بەڕووەکان ئەندامانی ناو هەڵمەتەکە پاش ماوەیەک بۆ دڵنیابوون لە سەوزبوونی شاخەکانی کوردستان سەردانی ناوچەکان دەکەنەوە. 

 

" هەڵمەتی زاگرۆسانە دژ بە داگیرکەرانی ژینگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت"

گۆڤارعوسمان، وتیشی: بە درێژای سەدان ساڵە مەترسی لە ناوچوونی ژینگەی کوردستانی گەورە هەیە، کە مەترسی هەرە گەورە، ژیانکردن و لەناوچوونی خاکە، داگیرکەرانی دراوسێش لە هەوڵی لەناوبردنی خاک و میراسی کوردان لە ناوچەکەدا، هەروەها  دەوڵەتانی داگیرکەر بە ئامانجی لەناوبردنی کورد شاخ و دارەکانی کوردستان لەناو دەبەن، بەجۆرێک دارەکانی کوردستان دەبڕنەوە و پاشان دەیکەن بە کەلوپەلی ناوماڵ و بە کوردی دەفرۆشنەوە یاخود دارەکان دەسوتێنن، هەروەکو چۆن بینیمان دار زەیتوونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە لە ناوبرا، بۆیە هەڵمەتی زاگرۆسانە بە ئامانجی بونیادنانەوە سروشتی کوردستانە، بۆئەوەی بتوانین ڕێگری لە دوژمنان بگرین، هەروەها  ئەو داگیرکارییەی تورکیا بۆسەر ژینگەی ناوچەکە ئەنجامی دەدات، بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری مەترسیدار لە بەرگەهەوادا، بۆیە هەڵمەتی زاگرۆسانە چیاکانی زاگرۆس کە کوردستانی گەورە پێکدەهێنێت دەگرێتەوە، سەرەڕای ئامانجی سەوزکردنی ناوچەکە، ئامانجی هەڵگرتنی ناوچە سنووریەکانمان لە ناوچەکەدا هەیە.

 

''خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەرئەم هەڵمەتە پەروەردەبکەن، تا بتوانن لە داهاتودا ژینگەکەیان بپارێزن''

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە وەک تاکێکی کورد بەشداری لە پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان بکەین، چونکە سەرەڕای سودە ژینگەیەکان سودی تەندروستیشی بۆ هەمووان هەیە، هەروەها وەک پزیشکێک هەمووکات بە نەخۆشەکانم دەڵێم لە پاش چاکبونەوەیان سەردانی سروشت بکەن، تا تێکەڵ بە سروشت و کۆمەڵگە ببنەوە، هیوای سەرکەوتنیش بۆ تۆڕەکە دەخوازم، هیوادارم هاوڵاتیان بەشداری زیاتر لە هەڵمەتەکەدا بکەن، خێزانەکانیش منداڵەکانیان لەسەرئەم هەڵمەتە پەروەردەبکەن، تا بتوانن لە داهاتودا ژینگەکەیان بپارێزن.