پلەکانی گەرما ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرز دەبێتەوە

 پسپۆران ئاماژە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پیسبوونی کەشوهەوا دەکەن، و ڕێگا چارەسەرییەکان بۆ کەمبوونەوەی دەخەنە ڕوو .

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا، بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گۆڕانکاری لە بارانباریندا یان گۆڕان لە چڕی هەوادا، یەکێکە لەو پرسە زانستیە توندانەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا مشتومڕێکی زۆری لەسەر کراوە، شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەسەر ئەو کاریگەرییە نەرێنانەی کە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پیسی کەشوهەواوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

 

ساڵی ٢٠٠٩ ڕۆژنامەیەکی زانستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تیمێک لە توێژەرانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆیان دەرکەوتووە "گەرمبوونی جیهانی بەرپرسە لە مردنی ١٥٠ هەزار کەس ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا" گومانیان هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەم ژمارەیە دوو هێندە زیاد بکات.

 

مردنیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بە گشتی پەیوەندی بە سێ هۆکاری جیاوازەوە هەیە، وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، تێکچوونی کەشوهەوا، زیادبوونی نەخۆشیە گواستراوەکان.

 

"هۆکارەکانی بەرزبوونەی پلەی گەرمی"

بەرزبوونەوی پلەی گەرمی کەشوهەوا بریتیە لە بەرزبوونەوی هێواشی تێکڕای پلەی گەرمی بەرگە هەوای زەوی کە بڕێکی زۆر گەرمی لە خۆرەوە دەچێتە سەر زەوی.

 

لە دوای شۆڕشی پیشەسازیەوە پلەی گەرمی هەوا لەسەر زەوی لە بەرزبوونەوەدایە، شارەزایانی کەشوهەوا لەسەر ئەوە کۆکن، کە گازە گەرمەکان، چڕی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، سوتاندنی سوتەمەنی بەردین، بەرزبوونەوەی چڕی ئۆکسیدی نایترۆجین، بەرزبوونەوەی چڕی گازی میسان و دار بڕین دەبنە هۆی بەرزبوونەی پلەی گەرمی.

 

بەرزبوونەوی پلەی گەرمی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت وەک: وشکبوونەوە، نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کێشەی هەناسەدان و کاریگەری هەیە لەسەر خوێنبەرەکانی مێشک.

 

چارەسەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کەشوهەوا

گۆڕینی ڕووناکی، گۆڕینی یەک گڵۆپی ئاسایی بۆ گڵۆپێکی فلۆرۆسەنتی کۆمپاکت کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دەبێت و ڕێگە دەگرێت لە بڵاوبوونەوەی زیاتری دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کەم لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و زیاتر بەکارهێنانی پاسکیل بەشێکن لەو ڕێگایانەی پارێزگاری لە کەشوهەوا و ژینگە دەکەن.

 

هەروەها زیادکردنی ڕێژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی کەلوپەلەکان "ڕیسایکل"، کەمتر بەکارهێنانی ئاوی گەرم، چاندنی دار بۆ زیادبوونی سەوزایی، کوژاندنەوی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان کاتێک پێویست نییە لەو هۆکارانەن کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕادەگرن.