گۆڕانی کەشوهەوا لافاوی لە جیهاندا دروستکردووە

گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی هەڵکشانی ئاستی ئاوی دەریاکان و بارانی بەخور و لافاو، کە چەندین وڵاتی گرتووەتەوە و سودانیش یەکێکە لەو وڵاتانە، بەهۆی لافاوەوە لەو وڵاتە ٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کارەساتە سروشتییەکان بەرۆکی جیهانی گرتووە و سەرەڕای ئەوەی وەرزی هاوینە، بەڵام بارانی بەخوڕ و هەڵکشانی دەریاکان و دروستبوونی لافاو چەندین وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و هەزاران کەسی بێ ماڵ و سەدان کەسی کردووتەوە قوربانی، هۆکاری ئەمەش بە گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێت.

 

سودان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی لافاو بووەتەوە، دەسەڵاتدارانی سودان ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ئاب ڕایانگەیاند، کە ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوەی کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە بۆ ٧٧ کەس بەرزبووەوە.

 

ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ به‌رگریی شارستانی له‌ سودان ڕایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی لافاوەکە له‌ ٧٥ كه‌س بۆ ٧٧ كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دارفور له‌ ڕۆژئاوای ئه‌م وڵاته‌ و یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ باكووری كۆردۆفان له‌ ناوه‌ڕاستی سودان تۆمار كراون.

 

ئه‌نجومه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، به‌هۆی ئه‌م لافاوانه‌وه‌٣٠ كه‌س برینداربوون و لە ڕووی زیانی ماددیشەوە، ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ١٤ هەزار و ٥٠٠ خانوو بەشێكی وێران بوون، لەكاتێكدا زیاتر لە ٢٠ هەزار خانوو بەتەواوی ڕووخاون.

 

ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە ١٢ ویلایەتی سودان بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و ویلایەتی ئەلجەزیرە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سودان لە پێشەنگی ئەو ویلایەتانەدا هاتووە.

 

وەرزی بارانبارین لە سودان بەزۆری لە مانگی حوزەیران دەست پێدەکات و تا کۆتایی مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت و لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا لافاوەکان دەگاتە لوتکە، ساڵی ڕابردوو لە وەرزی بارانباریندا زیاتر لە ٨٠ کەس بەهۆی ڕووداوی پەیوەندیدار بە لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.