ژنان ڕۆڵی سەرەکیان لە کوژاندنەوەی ئاگری بەربڵاوی دارستانەکانی داڵاهۆ هەیە
دەستەکانی گەل کە پارێزگاری لە ژینگە دەکەن، سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرە بەربڵاوەکەی دارستانەکانی داڵاهۆ و ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو.
ژوان کەرەمی
داڵاهۆ- ٢٦ی ئاب، هەواڵی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی چیای داڵاهۆ بڵاوکرایەوە، دوابەدوای ڕوودانی ئەم ئاگرە بەرفراوانە، لەسەر بانگەوازی کۆمەڵە گشتییەکانی بەرگریکردن لە ژینگە، لەوانە کۆمەڵەی سروشت سەوزی دالاهۆ و تەکیەی حەیدەری لە کۆمەڵگەی یارسان، زۆرێک لە هاوڵاتیان خۆیان گەیاندە ناوچەی ئاگرەکە و بە کەمترین پێداویستی لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، کە زیاتر لە ٢٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی چیای داڵاهۆ لە ناوچەکانی قەلاواری، سیاوانە، بامریز، دەمارەکوڵی و شانە باریکە گرتەوە.
لەم بزووتنەوە بەکۆمەڵ و خۆبەخشانەدا چەندین ژنی ژینگەپارێز بەشداریان تیادا کرد، لەناو ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، ڕزگارکردنی کیسەڵێکە کە لە ئاگرەکەدا ڕزگار کراوە لەلایەن یەکێک لەو ژنانەوە، ئەمەش گرنگییەکی زۆری پێدرا.
لە دارستانەکانی شاخی داڵاهۆ چەندین جۆری ئاژەڵ هەن، لە نێویاندا شیردەرەکانی وەک پڵنگ، گورگ، ورچ، بەراز، ڕێوی، ئاسک، ، دوپشک، کۆتر، بزن، ژیشک، شۆکە، بەرخ، مەڕ، پشیلەی کێوی و گورگ و چەندینی دیکە، هەروەها جۆرەها درەختی وەک بەڕوو، بادەم، گوێز، ئاڵوباڵووی کێوی و ...هتد هەن، ئەم ئاگرانەش زیانێکی بەرفراوان و قەرەبوو نەکراوە بەم سروشت و جۆراوجۆری ئاژەڵ و ڕووەکەکانی دەگەیەنن. بە بڕوای خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە سروشتی نین، بەڵکو بە مەبەستن و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران تاوانبار دەکەن.