هەر تاکێکی عێراقی ڕۆژانە ٢ کیلۆ پاشماوەی خۆراکی بەفیڕۆ دەدات

وەزارەتی ژینگەی عێراق پڕۆژەی "سفر بەفیڕۆدان" دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاشیگەیاند، پاشماوەی خۆراکیی ڕۆژانە دەگاتە ٢٠ هەزار تەن لە سەرتاسەری عێراقدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٥ی شوبات وەزارەتی ژینگە ڕایگەیاند،  سەرۆکایەتی وەزارەت ڕایانسپاردوون بۆ ئامادەکردنی یاسایەکی نوێ لەسەر ڕیسایکڵکردنی پاشماوە لە عێراقدا، بەپێی وەزارەتەکە بڕی بەفیڕۆدانی پاشماوەی خۆراکی دەگاتە ٢٠ هەزار تەن لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دەستپێکردنی پڕۆژەی "سفر بەفیڕۆدان" دەکاتە کاری لەپێشینە.

 

عیسا فەیاز، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگە، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، هەر تاکێکی عێراقی زیاتر لە ٢ کیلۆ خۆراک ڕۆژانە بەفیڕۆ دەدات، یاسا نوێیەکەش بۆ ڕیسایکلکردنی پاشماوە لە وڵاتدا، بریتییە لە ڕیسایکلکردن و ڕیزکردنی ئەم پاشماوەیە بە شێوەیەکی زانستی بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ گەشەسەندنی جیهانی.

 

بەپێی قسەکانی عیسا فەیاز، "وەزارەت لە ئامادەکردنی ئەم یاسایەدا کۆمەڵێک خاڵی خستووەتەڕوو، لەوانە کڕینی ئەو وزەیەی کە لە پاشماوە بەرهەمدەهێنرێت بە نرخێکی پاڵپشتیکراو یان پاڵپشتیکردنی لەڕێگەی کڕینی لەلایەن دەوڵەتەوە، چونکە پێویستە عێراق بەرەو پڕۆژەی "سفر بەفیڕۆدان" هەنگاو بنێت، کە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر کراوە.

 

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەکە پەیوەندی بە ڕیسایکلکردنی پاشماوە و دووبارە بەکارهێنانەوە هەیە بە بەکارهێنانی ماددە ئۆرگانییەکان وەک خۆراک بۆ ئاژەڵەکان دوای زیادکردنی هەندێک ڤیتامین، جگە لە دروستکردنی سەماد، بەمەش ڕێژەی پاشماوەی خۆراک لە کۆی گشتی پاشماوەکاندا دەگاتە لەسەدا ٤٣.

 

ڕۆژانە پاشماوەی خۆراک لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی ٢٠ هەزار تەن دەبێت، ئەگەرچی پڕۆژەکە پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەیە، بەڵام ئەنجامی ئەرێنی بەدەستدەهێنێت لە بەرهەمهێنانی خۆراکی ئاژەڵاندا، بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی، "وەزارەتەکە بەدوای جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدایە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی کۆکردنەوەی پاشەڕۆ".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا بەغدای پایتەخت ڕۆژانە نزیکەی ١٠ هەزار تۆن پاشماوە فڕێدەدات".