"با هەموومان بەیەکەوە لە خەمی ژینگەکەماندا بین"

لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا فێستیڤاڵێکی ژینگەی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە دروشمی "با هەموومان بەیەکەوە لە خەمی ژینگەکەماندا بین" بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا فیستیڤاڵێکی ژینگەی لەلایەن پارتی سەوزی کوردستانەوە لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە دروشمی "با هەموومان بەیەکەوە لە خەمی ژینگەکەماندا بین" بەڕێوەچوو، لە فیستیڤاڵەکەدا جەختلەوە کرایەوە پاک ڕاگرتنی ئەرکی هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموو ڕۆژێک ئەو ئەرکە پێکبهێنن.

 

لایەنە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بانگهێشتی فیستیڤاڵەکە کرابوون و خەڵاتیان پێبەخشرا بەو ئامانجەی پاراستنی ژینگە ببێتە خەمی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاری بۆ بکەن، لەلایەن ئامادەبووانەوە ژمارەیەکی زۆر لە باڵندە ئازادکران و گروپێکی منداڵانیش بە شانۆگەرییەک بەشدارییان کرد و هۆشیاریان لەسەر گرنگی پاراستنی ژینگە بڵاوکردەوە.

 

سەناریا سالار، یەکێکە لە منداڵانی بەشداربووی شانۆگەرییەکە، دەربارەی گرنگی پاراستنی ژینگە وتی: "پێویستە ئاگاداری ژینگە بین چونکە نەوەی داهاتوو لەو ژینگەیەدا دەژی و گرنگە خەڵک ئاستی ڕۆشنبیری لەسەر پاراستنی ژینگە بەرزبکاتەوە."

 

١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس ناوچەی بالیسان و شێخ وەسانانی لە سنوری پارێزگای هەولێر کیمیاباران کرد و ژینگەی کوردستانی تێکدا، بەوهۆیەوە ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیارییکرد، چونکە یەکەمجار بوو ڕژێمی بەعس بەو چەکە قەدەغەکراوە بۆردومانی خەڵک بکات لە باشووری کوردستان و بەهۆیەوە ٢٣٧ کەس لە دانیشتوان گیانیان لەدەستداو دەیانی دیکە برینداربوون.