باخچەی هەڤساڵی هەزاران ساڵە ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە

سەلام ئەسلان، هاوسەرۆکی یەکێتی ژووری ئەندازیاران و تەلارسازانی تورکیا، خستیەڕوو  باخچەی هەڤساڵ، کە لە لیستی میراتی جیهانیدایە، بەهۆی زبڵ و خاشاک و بیناسازی نایاساییەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- باخچەی هەڤساڵ دەکەوێتە کەناری ڕووباری دیجلە لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٥دا چووە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆوە، باخچەکە تەمەنی نزیکەی ٨ هەزار ساڵە و بەهەشتی باڵندە و چەندین جۆری زیندەوەرە و ژینگەیەکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی تاڵانکردن و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیاوە ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە.

 

یەکەم هەنگاوەکانی تاڵانکردن لە ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد، کاتێک ناوچەیەکی بەرفراوان بۆ بینا بازرگانییەکان تەرخانکرا و تا ئێستا ئامێری بیناسازی لە باخچەکە دوورنەخراوەتەوە.

 

سەلما ئەسلان، هاوسەرۆکی یەکێتی ژووری ئەندازیاران و تەلارسازانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو باخچانەی کە لە لیستی میراتی جیهانیدا هاتوون، دەبێت بە هەر نرخێک بێت پارێزراو بن بۆ ئەوەی میراتی نەوەکانی داهاتوو بن، بەڵام باخچەی هەڤساڵ بەجێهێڵراوە بەبێ چاودێری، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوری ئامەد ڕوویدا و ناوچەکە لە دانیشتووانەکەی چۆڵکرا، ناوچەکەش گۆڕاوە.

 

باخچەکە کشتوکاڵە سروشتییەکەی گۆڕاوە بۆ کشتوکاڵی پیشەسازی

سەلما ئەسلان ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکە سەرەتا لە کشتوکاڵەوە دەستیپێکردووە و وتی: ئاڵوگۆڕ لە کشتوکاڵی تەقلیدییەوە بۆ کشتوکاڵی پیشەسازی هەیە، بەو پێیەی هەموو ئەم شتانە دەتوانن گەشە بکەن و ببنە شوێنێک کە ژیانی زیندەوەرە زیندووەکان تێیدا لە مەترسیدا بێت و قەڵاچۆ بە سەدان جۆری باڵندە و ڕووەک بکات، بەرهەمهێنانی ناتەندروست لەگەڵ کشتوکاڵی پیشەسازی نوێنەرایەتی کێشەیەکی دیکە دەکات، تا ئێستاش هیچ ڕێوشوێنێک سەبارەت بە زیادبوونی بیناسازی نایاسایی نەگیراوەتە بەر، زیانەکانی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، زانکۆکە ساڵانێکە پارچە بە پارچە زەویەکان دەفرۆشێت، ڕووبەرێک هەیە لەلایەن زانکۆوە لە هەڤساڵ دروست دەکرێت، ئێمە ناڕەزاییمان بەرامبەر بەو ناوچانەی کە دروستکراون، دەربڕی و هەوڵدەدەین دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە.

 

پاراستنی ڕۆشنبیری و مێژوو

سەلما ئەسلان وتی: بە گۆڕینی چەمکی پاراستن، دەتوانرێت ڕێگری لە وێرانبوونی ناوچەکە بکرێت، خۆڵ و بیناسازی نایاسایی مەترسییەکی گەورە لەسەر ناوچەکە دروست دەکەن، باخچەی هەڤساڵ لە ئێستادا لە لیستی پاراستندایە، بەڵام ئەگەر ئەم وێرانکارییە بەردەوام بێت، ڕەنگە یونسکۆ ناوچەکە لە لیستەکە دەربهێنێت، چونکە نەمانتوانی پارێزگاری لێبکەین، مەرج نییە هەرێمەکە ملکەچی پاراستن بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بیپارێزێت و بتوانێت بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمە بە خەڵک و دامەزراوەکانیش دەکرێت، پێویستە کولتوور و مێژوو بپارێزرێت، پێویستە لە چوارچێوەی بەها گشتگیرەکاندا مامەڵە بکەین و ئەو میراتە بپارێزین کە بۆمان بەجێهێڵراوە.