"بۆ داگیرکردن دەوڵەتی تورکیا سەرەتا ژینگە و دارستانەکان لەناو دەبات"

دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بۆردوومان و سووتاندنی ڕەز و باخ و دارستانەکان و وەدەرنانی گوندنشینانەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان لەناو دەبات، فێمێنستێکی ژینگەییش دەڵێت: ژینگە دۆستان بە نزیکەی ٢٠ ساڵیان ماوە تا هەسارەکەمان ڕزگار بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پیسبوون و لەناوبردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەروەها ساڵانێکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ ناوچە سنورییەکان و خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە و بەردەوام بە چەکی کیمیایی و فۆسفۆر و بۆردوومان و نوێترین چەکی کیمیایی کۆکوژ هاوڵاتیان و ژینگە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە، بە دیاریکراوی دەوڵەتی تورکیا لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە لەشکرکێشییان بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان چڕ کردووەتەوە، لە ئەنجامدا سوپای تورکیا ٣٨١ جار هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی، لەدەستدانی بەرهەمی جوتیاری و بژێوی ژیانی گوندنشینان، لەدەستچوونی ڕەز و باخ و زەوی کشتوکاڵی، وێرانبوونی ژینگە و برینداربوون و گیان لەدەستدانی هاوڵاتی مەدەنی.

 

هاوکات، تەنها بە تێکدانی ژینگە سنووری و دارستانەکانەوە ناوەستن، بەردەوام لە ڕێگەی لایەنە حزبی و کەسانی هاوئاستی خۆیان لە باشووری کوردستانیشدا پەل دەهاوێژنە ناو شارەکان و ژینگە و سروشتی شارەکانیشیان وێران کردووە، پێویستە بە گرنگییەوە ئاماژە بە سووتانی چیای ناو شارەکان بکرێت، وەک ئەوەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە شاری سلێمانی لە سێ کاتی جیاوازدا چیای گۆیژە ئاگری تێبەردرا، کە بەم شێوەیەیە؛

 

"لە ٢٨ی تەمووزدا ئاگر لە بەشێکی شاخی گۆیژە دەکەوێتەوە و پاشان لە بەرەبەیانی ٢٩ی تەمووز بە هۆکاری نادیار ئاگر لە بەشێکی دیکەی شاخی گۆیژە دەکەوێتەوە و بە نزیکەی ٢٠٠ دۆنم زەوی دەسووتێت، هەروەها لە کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە سنوری گوندی تەگەرانی دەڤەری شارباژێڕی شاری سلێمانی ئاگرێکی دیکە بە هۆکاری نادیار دەکەوێتەوە".

 

"لە ڕێگەی سووتان و هەڵکەندنی دارەکان لە ڕێشەوە، سروشتی کوردستان لەناودەبەن"

هەڵوێست عەبدوڵا کەریم، فێمێنیستی ژینگەیی، باسی لەوەکرد، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانیانەوە ئەنجام دەدرێت و بەردەوام زیان بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنن، دەشڵێت: لە ڕێگەی هەڵکەندن و سووتاندنی دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا ساڵانێکی زۆرە بەردەوام هێرش و داگیرکارییەکانیان بۆ خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، ساڵ بە ساڵ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر برین و ئاستەنگەیەکی قوڵ بەسەر خاک و ژینگەدا جێ دەهێڵێت، لە ڕێگەی هەڵکەندنی دارەکان و لەناوبردن و سووتاندنی زەوی و شاخەکانمانەوە دەیانەوێت ژینگەی کوردستان لەناو ببەن.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، ڕێگری کردن لە میدیا ئازادەکان بۆ ڕووماڵکردنی تەواوی ئەو داگیرکاریانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دراوە، هۆکاری نەبوونی ئامارە ژینگەیی و داگیرکارییەکانن، وتی: ڕێگریکردن لە ڕوماڵکردنی داگیرکارییەکان بووەتە هۆکاری نەبوونی ئاماری دروست لەسەر داگیرکاری و پەلهاویشتنی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە ئێمەی هاوڵاتی نازانین چەند هێکتار زەوی کشتوکاڵیمان بە هۆکاری بۆردوومان و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەدەستداوە، بەڵام ساڵانە هێرش و داگیرکارییەکان بەرەو زیاتر هەنگاو دەنێن.

 

"درێژەدان بە هێرش و داگیرکارییەکان لەناوبردنی خاک و ژینگەی هەرێمی کورستانە"

ئەو فێمێنستە ژینگەییە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرش و داگیرکارییەکان هۆکاری سەرەکی لەناوبردن و قڕکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانە، وڵاتانی سەردەست ئامانجی کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی دراوسێیەتی، دەڵێت: دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی دیکە یەکەم هەنگاو لە قڕکردنی ژینگەییەوە دەستپێدەکات، لەڕێگەی لەناوبردنی سەرچاوە ژینگەیی و سروشتییەکانەوە ئامانجەکانیان دەپێکن، کاتێک گوندەکان خاپور دەکرێن دەستی کار و هێزی کاری هەرێمی کوردستان لەناو دەبات، کاتێک گوندنشینان ناچار دەکرێن گوندەکان چۆڵ بکەن. باڵندە و ئەو ئاژەڵانەی مرۆڤەکان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کاری پێی دەبێت، نامێنێت.

 

هەڵوێست عەبدوڵا، جەختی لەوە کردەوە، "ئامانجی هێرش و داگیرکارییەکان لەناوبردن و قڕکردنی سروشتی هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە ئەنجامی هێرش و داگیرکارییەکان، لەناوبردنی ئەو خاکە بە پیت و بەرەکەتەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، درێژەدان بە هێرش و داگیرکارییەکان بە تەواوەتی خاک و ژینگەی هەرێمی کوردستان لەناو دەبات".

 

"لە ڕێگەی نەبوونی  هەلی کار و دەرکردنی گوندنشینان ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت"

هەڵوێست عەبدوڵا، فێمێنستی ژینگەیی باسی لەوەشکرد، لەناوبردنی ژینگە هۆکارێکی دیکەی لە ناوبردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووریش لە ڕێگەی نەبوونی دەستی کار لە گوندەکانەوە دروست دەبێت، کە لە ڕێگەی کشتوکاڵ کردن و مەڕداریەوە هەلی کاریان بۆ خۆیان و بەشێک لە گوندنشینان ڕەخساندووە و بازرگانییەکی بچووکی پێوە دەکات، نەمانی گوندەکان و نەمانی ئەو هەلی کارە بچوکە بۆ گوندنشینان نەوەیەکی شکستخواردوو بەرهەم دێت، هەروەها تەواوی ئەو ئیکۆسیستمەی لە گوندەکاندا بوونیان هەیە لە جێگەی خۆیان ئاوارە دەکرێن.

 

ئەو فێمینێستی ژینگەییە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، ژینگە دۆستان زەنگی مەترسیداریان لێداوە، ژینگە دۆستان تەنها بە نزیکەی ٢٠ ساڵیان ماوە بۆ ڕزگاکردنی هەسارەکەمان، دروستکردن و بونیادنانی دارستانەکان دوور لە تۆپبارانکردن سەد ساڵی ویستووە بگاتە بەرهەم، بەڵام بە ئامانجگرتنی ژینگەی کوردستان ناهێڵێت ژینگەکەمان بەردەوامی هەبێت، پێویستە تەواوی ژینگە دۆستانی جیهان لەسەر ئەم بارودۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان بنوێنن، لەسەر ئاستی جیهان کۆدەنگی بەرامبەر هێرش و دگیرکارییەکان دروست بکەین و ڕایانبگرین.