شەڕی دەروونی، ئەو ململانێیەی لە پێناو زاڵکردنی خود ئەنجام دەدرێت

لە بەردەوامی شەڕی دەروونیدا تەندروستی دەروونی مرۆڤەکان بەرەو خراپبوون دەڕوات، بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن چیتر کەسی نزیک نەبن و هەموو ئامانجیان دەبێتە شکاندنەوەی کەسی بەرامبەر.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شەڕی دەروونی، جۆرێکی توندوتیژییە و لە شێوەی مامەڵەی ڕۆژانە بەرامبەر بە یەکدی ئەنجام دەدرێت، لەم شەڕەدا کە بە هۆکارێکی خودی ئەنجام دەدرێت، کەسێک کە شەڕی دەروونی بەرامبەر دەکرێت، لە درێژەی کاتدا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، زیادترین ئەو کەسانی ئەم جۆرە شەڕە ئەنجام دەدەن پیاوانن، لەگەڵ ئەوەی خاوەن ئەقڵیەتێکی پیاوسالارن، بەردەوامیش هەوڵ دەدەن خێزان و ڕەگەزی بەرامبەریان بێزار بکەن.

 

"لە ڕێی کۆمەڵێک ئاماژە و بە هێمنی شەڕی دەروونی ئەنجام دەدرێت"

فرمێسک جاف، دەروونناس، دەربارەی شەڕی دەروونی ڕوونیکردەوە شەڕی دەروونی کەسێک دەیکات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دەروونی کەسی بەرامبەر دابنێت، یاخود هەر ململانێیەک کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی کەسی بەرامبەر بکات پێی دەوترێت شەڕی دەروونی، کە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕەخنەگرتنە لەسەر ڕەفتاری کەسەکان، بە بێ دەنگی و لە ڕێگەی هەندێک ئاماژە و ڕەفتارەوە ئەنجام دەدرێت، بێ ئەوەی قسە پێوتن و شەڕی کرداریانەی تێدابێت.

 

وتیشی: ئەم شەڕە بە گشتی لە نێوان کەسانی نزیک یاخود ئەو کەسانەی بابەتی پێگەخوازی لە نێوانیاندا هەیە ڕوودەدات، بۆ نمونە کەسێک بیەوێت قسە و کردارەکانی بسەپێنێت لەو شوێنەی کە تێیدایە، واتە لە خێزاندا بێت یاخود شوێنی کار و هەر شوێنێک کە پێگە و پلەی تێدابێت، هەندێک جار ئەو کەسانەی ئەم شێوازی ململانێیە بەکاردەهێنن، ناتوانن بەرەوڕوو قسە بکەن و ڕەخنە بگرن بەڵکو لە ڕێگەی توانج و قسەی ڕەقەوە پەیامی خۆیان دەگەیەنن.

 

"شەڕی دەروونی نەفسیەتی کەسی بەرامبەر ئازار دەدات"

ئەو دەرووناسە باسی لەوەکرد، شەڕی دەروونی یەکێکە لەو شەڕانەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی کاتێک کەسەکە پرسیاری لێدەکات دەربارەی ئەو ڕەفتارە هەڵەیە نکۆڵی لێبکات و دەڵێت کە ئەو مەبەستی نەبووە، لە کاتێکدا لە ڕێگەی قسەکانییەوە شەڕە دەروونییەکەی ئەنجامداوە و پەیامەکەی گەیاندووەتە کەسی مەبەست.

 

هەر یەک لە شەڕە جیاوازەکان لە چەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرێت، شەڕی دەروونیش چەند هۆکارێکی هەیە، لەم بارەیەوە فرمێسک جاف ڕوونی کردەوە، هەستی خۆ بەکەم زانین یەکێکە لەو هۆکارانەی شەڕی دەروونی دروست دەکات، بەوەی ئەو کەسەی خۆی بە کەم دەزانێت دێت کەسی بەرامبەر دەشکێنێتەوە، ئازاری دەدات یاخود گاڵتەی پێدەکات، بابەتی پێگە و دەسەڵاتیش یەکێکە لە هۆکارەکانی دیکە.

 

"شەڕی دەروونی لە ڕێگەی گاڵتەکردنەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروون دروست دەکات"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، هەندێک کات گاڵتەکردن تێکەڵ بە شەڕی دەروونی دەکرێت، لە بنەڕەتدا گاڵتەکردن پەیوەندی بە هیچ کام لەو کەسانەوە نییە کە دەیکەن، تەنها هەندێک قسە و گاڵتەیە بۆ هەستێکی خۆشی و دڵشکاندن، بریندارکردنی هەستی یەکتری و ئازاردانی تێدا نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە خەڵکی لە ژێر ناوی گاڵتەدا تەواو ئەزێتی یەکتر دەدەن، دەشڵێت: هەندێک کات کەسی بەرامبەر نهێنییەکانی خۆت وەک چەکێک لە ڕێی گاڵتەکردنەوە بەکاردەهێنێت لە دژت، ئەمەش وادەکات کەسەکە بکەوێتە بیکردنەوە، وەردە وردە بابەتەکە بەرەو شەڕی دەروونی دەڕوات.

 

ئاماژەی بەوەشدا شەڕی دەروونی کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی کەسەکان دروست دەکات، چونکە ئەو شەڕە دەروونییە دەبێتە هۆکار بۆ بیکردنەوەی زۆر دەربارەی ئەو وشانەی دەوترێت، شەڕی دەروونی بێ بەهاکردنی خۆتە بەرامبەر بە خۆت بۆیە کاریگەری لەسەر کەسایەتی دروست دەکات، وادەکات ئەو کەسە بیربکاتەوە لەوە ئایا دەکرێت قسەکانی کەسی بەرامبەر ڕاست بێت و کەسێکی لەو شێوەیە بێت.

 

"کەسێک شەڕی دەروونی بکات دەروون دروست نییە و توانای ڕووبەڕووبونەوەی نییە"

فرمێسک جاف باسی لەوەکرد هەڵەی شەڕی دەروونی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەواوی کۆمەڵگە پێیان وایە کەس نابێت هەڵە بکات، هەموویان خۆیان بە دادوەر دەزانن بەرامبەر بەوەی هەڵەکەی ئەنجام داوە، لە ڕێی شەڕی دەروونیەوە هەمووی پێدەڵێنەوە لە کاتێکدا هەموان هەڵە لە ژیانیاندا هەیە و ئاساییە مرۆڤ هەڵە بکات.

 

هەندێک کات مانەوە لە پەیوەندیەکدا کە ئازاردانی ڕۆحی تێدایە کارێکی هەڵەیە، چونکە مانەوە لەگەڵ کەسێک کە بەردەوام تانە و تەشەرت لێدەدات، وادەکات تۆش هەمان ڕەفتار ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆت بکەی، دەشڵێت: چەندین جار گوێبیستی ئەو کەسانە بوون دەڵێن "هێندە شەڕی دەروونیم لەگەڵ دەکات منیش فێربووم"، بۆیە ئەگەر کەسەکە لەم پەیوەندییە دوور نەکەوێتەوە شەڕە دەروونیەکە دەیبات بەوەی هەمیشە ڕقێک لە دڵیدا بێت، هەمیشە لەرزین و ئارەق کردنەوەی دەبێت نیشانەکانی دڵەڕاوکێی تێدا دەردەکەوێت، هەستیار دەبێت بەرامبەر بە هەستەکانی شێواوی دروست دەبێت تا ڕادەی خەمۆکی دەڕوات.

 

"پیاوان شەڕی دەروونی لە پێناو زاڵبوونی خۆیان ئەنجام دەدەن"

دەربارەی شەڕی دەروونی نێوان هاوژینەکان یاخود ئەگەر هاوژینیش نەبن و تەنها یەکێک لە پەیوەندییەکان بیانبەستیتەوە بەیەکەوە، فرمێسک جاف ئاماژەی بەوەدا، بەتایبەت پیاوان ئەم جۆرە ڕەفتارە ئەنجام دەدەن بەرامبەر بە ژنان، بە ئامانجی سەپاندن و زاڵبوونی بیروباوەڕی خۆیان بەرامبەر بە ژنان، یاخود هەندێک کات ژنان دەیانەوێت زاڵبن بەسەر ڕەگەزی بەرامبەردا کێشەی ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ سەرەتای پەیوەندییەکە کە ئەو دوو کەسە وەک خۆیان یەکتریان قبوڵ نییە، بەڵکو لە هزنی خۆیان دایانناوە لە میانەی پەیوەندییەکەدا یەکتر بگۆڕن، لەو کاتەی دەیانەوێت یەکتر بگۆڕن ڕاستەوخۆ داواکارییەکانیان بە یەکتر دەڵێن، بەڵام کاتێک کەسی بەرامبەر بەقسەی ناکات، هەڵدەستێت بە ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێتەوە لێرەدا شەڕی دەروونی دەستپێدەکات و هەوڵ دەدەن خاڵی لاوازی یەکتر بەکاربهێنن، بەتایبەت پیاوان ئەم کردارە ئەنجام دەدەن، چونکە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە.

 

"دەبێت شەڕی دەروونی بوەستێندرێت نەک درێژەی پێبدرێت"

وەک ڕێگە چارەسەرییەک فرمێسک جاف باسی لەوەکرد، پەیوەندی کۆمەڵایەتی واتە ئاسوودەبوون لەگەڵ خودی یەکتر، قبوڵکردنی یەکتر بەو شێوازەی کە هەن نەک هەوڵی زاڵکردنی خود بدرێت، بۆیە کاتێک کەسێک هەست بکات لە پەیوەندییەکدا ئاسوودە نییە پێویستە کۆتایی پێبێنێت، یاخود کەمێک لێی بێتە دواوە، دەشکرێت ئەو کەسەی شەڕی دەروونی دەکات پێی بوترێت کە چیتر مامەڵەی لەو شێوەیە نەکات و بیوەستێنێت، کەسی بەرامبەر ئاگادار بکاتەوە لەوەی ڕەفتارەکانی بێزاری دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە ئەو کەسەی شەڕە دەروونییەکەی بەرامبەر دەکرێت، خۆشی دەست نەکات بە شەڕی دەروونی و پەل نەهاوێژێت بۆ شتی دیکە.