گەشاو عەبدولقادر: پیاوان وەک کاڵایەک مامەڵە بە ژنەکانیانەوە دەکەن

ژنان وەک کاڵا بەکاردەهێنرێن لە یاری قوماردا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان و کەسانی ڕۆشنبیریش داوا دەکەن ڕێگری لە قومارکردن بگیرێت و چیتر مامەڵە بە ژنانەوە نەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- قومارکردن دیاردەیەکی کۆنە و پیاوان وەک یارییەک لێی دەڕوانن، بەڵام نازانن ڕۆژانێک دێت گیرۆدەی دەبن و ماڵ و خێزانی لەسەر دادەنێن، زۆر کات دەبێتە بەهۆی لەدەستدانی تەواوی داهاتەکەیان و پەنا دەبەنە بەر ئەوەی یاری بە ژن و منداڵە کچەکانیانەوە بکەن، بەم شێوەیەش ژنان دەبنە زەرەرمەندی سەرەکی و پێشێلی هەموو مافەکانیان دەکرێت.

 

"قومارکردن لەدەستدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان و خێزانە"

گەشاو عەبدولقادر، مامۆستا و ئەندامی بۆردی گەشەپێدان، باسی لەوەکرد قومارکردن لە ڕووی ئاینییەوە حەرامە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ڕەفتارێکی نەشیاوی دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکانە، هۆکاری سەرهەڵدانی قوماریش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی بڕێکی زۆری پارە و یاریکردن بە پارە، یاخود دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی و پەنابردن بۆ کاری نایاسایی لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان، "قومارکردنی پیاوان لەسەر ژن و کچەکانیان بۆ تەماشاکردنیانە وەک کاڵایەک، کاتێک کۆمەڵگە گوێبیستی ڕووداوی لەو شێوەیە دەبێت، هەموان پێی کاریگەر دەبن، کەواتە دەبێت ژنێک دۆخی چۆن بێت کاتێک قوماری پێوە دەکرێت، بێگومان لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەری لەسەر ئەو ژنە دروست دەکات".

 

"قومارکردن بریندارکردنی هەستی مرۆڤایەتییە"

مامۆستا گەشاو باسی لەوەکرد گرنگە ژنان بێ هەڵوێست نەبن کاتێک حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەبینن، کاتێک ژنێک هەست بەوە دەکات هاوژینەکەی وەک کاڵایەک لەسەر مێزی قومارکردن بەکاری دەهێنێت، نابێت بێدەنگ بێت و قبوڵی بکات، بەڵکو دەبێت ڕووبەڕوو ببێتەوە، چونکە تەنها ژنێک نابێتە قوربانی، بەڵکو خێزانێک و دواتریش کۆمەڵگە دەبنە زەرەرمەند و خێزانەکان بەرەو لێکترازان دەڕۆن، وتیشی: خودی دەسەڵات بۆ خۆی بەرپرسە لە دانانی شوێنێک کە قوماری تێدا ئەنجام دەدرێت، چونکە دەسەڵات خۆی پاڵپشتی ئەم حاڵەتانە دەکات، بۆیە پیاوان پشت ئەستورن بە ئەنجامدانی، چونکە دەزانن لە بەرامبەردا هیچ سزایەک وەرناگرن، هەروەها ژنانیش بێدەنگن لەبارەیەوە، بۆیە دەرفەتی زیاتریان بۆ دەگونجێت.  

 

"هۆشیاری لە ڕێی پەروەردەوە چارەسەری بنەڕەتی گرفتەکەیە"

لە درێژەی قسەکانیدا گەشاو عەبدولقادر ئاماژەی بەوەدا، ئەو پیاوانەی قومارکردن ئەنجام دەدەن هیچ بیرێک و هەستێکی مرۆڤانەیان تێدا نییە، تەواو دوورن لە بەها مرۆڤایەتییەکانەوە چونکە خێزانەکانیان وەک کاڵایەک تەماشا دەکات، بۆیە پێویستە نەک تەنها یەک ڕاگەیاندن، بەڵکو تەواوی ڕاگەیاندنەکان کاری لەسەر بکەن، بەهۆی ئەوەی گەنجان وردە وردە دەچنە ناو ئەو کارە قێزەونەوە و فێری دەبن، هۆکاری گیرۆدەبوونی گەنجانیشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی و بێکاری.

 

لە کۆتاییدا وتی: هەندێک کات خێزانی پیاوەکە لەپێناو باشبوونی کوڕەکەیان و وازهێنان لە خوی خراپ، ژنی بۆ دەهێنن بەو ئامانجەی کوڕەکەیان باشبێت و ژن دەکەنە قوربانی، ئەرکی خێزانەکانە ئاگاداری کوڕەکانیان بن و خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، یاخود هەندێک کات بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی خێزانەکان بۆ کچەکانیان، ژنان ناوێرن لە ماڵی هاوژینەکەیان بێنە دەرەوە و چیتر ئەو زوڵمە قبوڵ نەکەن، بە بڕوای من وەک مامۆستایەک پێم باشە هۆشیار کردنەوەی گەنجان و کۆمەڵگە لە سیستمی پەوەردەوە دەستپێبکات، چونکە پەروەردە و هۆشیاری گەنجان هۆکارە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.