تاڵیبان بە دانانی خەڵکی نەخوێندەوار لە کەرتی تەندروستیدا یاری بە چارەنووسی گەل دەکات

شەبانە دەڵێت: تاڵیبان پێیان وایە بە دانانی خەڵکەکەیان لە بەشە جیاوازەکاندا پارە و دەسەڵاتیان دەست دەکەوێت و ترسیان لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ هەیە، بۆیە دەستیان بەسەر هەموو پۆستە باڵاکانی حکومەتدا گرتووە.

بەهاران لاهیب

 

پەروان- لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنان لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە، تەنها لە کەرتی تەندروستیدا تاڵیبان ڕێگە بە کارکردنی ژنان دەدات، پڕوپاگەندەکانی تاڵیبان درۆن، چونکە هەموو هەوڵێكی ئەوەیە خەڵکە نەخوێندەوارەکەی خۆی لە پۆستە جیاوازەکاندا جێگیر بکات، چونکە تاڵیبان دەزانێت حکومەتەکەیان بەردەوام نابێت، هەموو تاڵیبانەکان، لە سەرکردەکانیانەوە تا میلیشیاکانیان، بیر لە کۆکردنەوەی پارە و سەرمایە دەکەنەوە، یەکێکیش لە بوارەکانی بەدەستهێنانی پارە بۆیان، ئیدارەی حکومەتە، کە بە وەرگرتنی بەرتیل گیرفانیان پڕ دەکاتەوە.

 

لە پارێزگای پەروان شەبانە عومەری، یەکێکە لە مامانە ژنەکان کە پێشتر لە نەخۆشخانەی حکومی شاری چاریکار کاری دەکرد، شەش مانگ لەمەوبەر تاڵیبان لەگەڵ پزیشکێکی ژن و پزیشکێکی پیاو لە ئەرکەکانی دووری خستەوە و خەڵکە نەخوێندەوارەکانی خۆیانیان دانا، شەبانە دەڵێت: تاڵیبان پێیان وایە بە دانانی خەڵکەکەیان لە بەشە جیاوازەکاندا پارە و دەسەڵاتیان دەست دەکەوێت، ترسیان لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەفغانستان هەیە، بۆیە دەستیان بەسەر هەموو پۆستە باڵاکانی حکومەتدا گرتووە.

 

ئەو سێ تاڵیبانەی شوێنی پزیشکەکانیان گرتووەتەوە، لە بەشە گرنگەکاندا دانراون و هەموویان پیاون و نەخوێندەوارن، تەنها ٦ مانگ خوێندوویانە و ساڵێک خولی فریاگوزاری سەرەتاییان لە پاکستان خوێندووە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دوو نەخۆشخانەی گرنگ (مەلالی زیجنتون و پەیوەندیی بەلخی) لە کابول کە کاری سەرەکییان بەشی منداڵبوون و ژنانە، سەرۆکایەتییەکەی دوو ژنە، هاوژینی ئەو دوو ژنە لەو خۆکوژانە بوون کە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان خۆیان تەقاندەوە و سەدان کەسیشیان بریندار کرد، بۆیە ئەم ئیمتیازەیان پێدەدرێت و خوێندنیان تەنها لە خولی یەک ساڵەی دایگی لە پاکستان بووە.