ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی سەربەخۆ تووشی هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکی دەبن

یەکێک لە ژنانی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ژنانی سەربەخۆ لە کاتی گەڕان بەدوای خانوو بۆ کرێدا ڕووبەڕووی هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکی دەبنەوە، ئەمەش ناچاری کردووە کە لە نزیکەوە خانووەکە نەبینێت، بەڵکو یەکێک لە ناسیاوەکانی بۆ بینینی

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- ژنانی سەربەخۆ ڕووبەڕووی چەندین سەختی و ئاستەنگ دەبنەوە، بەتایبەتی لە کاتی گەڕان بەدوای خانوویەکدا بۆ کرێ، ئەمەش بەهۆی ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ژنان دەخاتە قاڵبێکی دیاریکراوەوە، ئەگەر ژنێک هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دابونەریت بدات و لەو چەشنە کۆنەپەرستییە دەربچێت، ڕووبەڕووی زۆر پێشێلکاری دەبێتەوە.

 

"پەنا بۆ دابونەریت دەهێنن"

هـ. ج. ژنێکی سەربەخۆیە، بۆ گرتنی خانوویەک بە کرێ، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، خاوەن خانووبەرە یان دەڵاڵی خانووبەرە خانوویان بۆ بەکرێ نەگرتووە، چونکە تەنها بووە، دەشپرسێت، بۆچی تاکە ژنێک ناتوانێت خانوو بەکرێ بگرێت؟ ژنێک کە سەربەخۆیە چی لە پیاو کەمترە، بۆ ئەوەی بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ ئەوان بانگەوازی دابونەریت دەکەن و دەڵێن دراوسێکان بیرۆکەی بەکرێدانی خانوو بە ژنانی تەنیا قبوڵ ناکەن و هەندێکجاریش دەبێت بپارێمەوە بۆ مافی خۆم، بۆ ئەوەی ئەو خانووە بەکرێ بگرم، لە کاتێکدا من پارە ئەیەم.

 

هەراسانکردنی سێکسی و زارەکی

سەبارەت بەو هەراسانکردنەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، باسی لەوەکرد، کە چەندین جار ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی یان زارەکی لەلایەن دەڵاڵی خانووبەرە یان خاوەن خانووبەرە دەبێتەوە، هەندێکجار ناچار بووە ماڵەکە لە نزیکەوە نەبینێت و یەکێک لە ناسیاوەکانی ناردووە یان براکەی چووە ماڵەکە ببینێت، وتیشی: تەنانەت کاتێک تەلەفۆنم بۆ خاوەن خانووەکان دەکرد کە بە شێوەیەکی زارەکی سووکایەتیم پێدەکرا، پێیان دەگوتم کە دەتوانم بە ڕێژەیەکی کەم کرێی خانووەکە بدەم، دیارە ئەم ئۆفەرانە داواکارییەکی دیکەیان لە پشتەوەیە، زۆرجار نامەی کورت کە وشە و پرسیاری نەشیاو دەنێرنەوە دوای تەواوبوونی تەلەفۆنەکە، ئەمە بەڕاستی بێزارکەرە، چونکە ئەوان وەک کاڵایەک سەیری ژنان دەکەن و نرخێکیان لەسەر دادەنێن.

 

"ئێمە پارەیەکی زیادە دەدەین"

ناوبراو ئاماژەی بە دۆخی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی کرێی خانووەکان کرد، وتیشی: لەلایەکی ترەوە بەو پێیەی هیچ کۆنتڕۆڵێک بەسەر نرخەکاندا نییە و هەرکەسێک بە ئارەزووی خۆی نرخ دادەنێت، فشارێکی زۆر لەسەر کرێچیەکان هەیە کە توانای خانووی کرێی بەرزیان نییە و ڕوونە کە زۆربەی ژنانی سەربەخۆ سەر بەم گروپەن، ئەمانە هەندێک لەو کێشانەن کە لەبەردەم ئێمەی ژنانی سەربەخۆدا هەن، کاتێک لە بریکارەکانی خانووبەرە دەپرسم ئایا خانوویان هەیە بۆ کرێ یان نا، لێم دەپرسن کە دەمەوێت چەند کرێ بدەم، کاتێکیش بڕە پارەکە ئاشکرا دەکەم دەڵێن بەم نرخە تەنانەت ئەشکەوتێکیش نادۆزمەوە، ئەمەش لە شارە بچووکەکاندا خراپتر دەبێت.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئەو کێشانەی کە ژنانی سەربەخۆ لە بەکرێدانی خانوودا ڕووبەڕووی دەبنەوە، کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر ژنان، ئەم کێشانە ناچارمان دەکەن بڕە پارەیەکی زیادە بدەین بۆ گرتنی خانوویەک، هەندێک جار کێشەکە بە کرێی زیادەش چارەسەر نابێت و ژنێکی سەربەخۆ بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ ماڵ دەمێنێتەوە، ئەم کێشەیە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانم ڕوویدا، وەک چۆن ناچار بوو هەموو کەلوپەلەکانی بگوازێتەوە بۆ ماڵی باوکی و بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە تا ماڵێکی دیکەی دۆزییەوە.