وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا مامۆستایان بایکۆت بشکێنن لە کاتێدا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە

لەگەڵ ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی ماوەی مانگێکە بایکۆتیان کردووە، بەڵام وەزیری پەروەردە بڕیاری کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکانی دەرکرد و داوای مامۆستایانی پشتگوێ خست.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ماوەی مانگێکە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاندووە، چونکە مووچەی سێ مانگی ئەمساڵیان پێنەدراوە، لە ساڵی ٢٠١٤وە پاشەکەوتنی مووچەکانیان دەکرێت و پلە بەرزکردنەوە وەستاوە، جگە لەوەی بەشی زۆری خوێندنگەکان بە مامۆستایانی وانەبێژ پڕکراونەتەوە و وانە دەڵێنەوە، بەڵام ئەوانیش مووچەکانیان دواکەوتووە و تا ئێستا ٣٢ هەزار وانەبێژ هەن بە دانەمەزراوی ماونەتەوە.

لە بەرواری ١٤ی ئەم مانگەدا وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، ساڵنامەی خوێندن ناگۆڕدرێت و بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانیی نۆی بنەڕەتی و تاقیکردنەوەی وەزاریی ١٢ی ئامادەییش، هیچ یەکێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن کەم ناکرێتەوە و دەستکاری ناکرێن و وەک ساڵی ڕابردوو دەبێت، بۆ ئەوەی مامۆستاکان ناچار بکەن بچنە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان بەردەوام بوون لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.

لە بڕیارێكی دیکەدا، ١٩ی تشرینی یەکەم وەزیری پەروەردە بڕیاریدا، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پارێزگاریکردن لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی و دەوروبەری، کە دەبێت لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣سەرجەم مامۆستایان و بەڕێوەبەر و فەرمانبەران پابەندبن بە دەوام کردنەوە و بچنە ناوەندەکانی خوێندن.

 

"بایکۆتی مامۆستایان کار لە حکومەتی هەرێم ناکات"

پەروین عەبدوڵا، مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی، دەربارەی بایکۆتکردنی مامۆستایان و داهاتووی خوێندکاران باسی لەوەکرد، ماوەی مانگێکە مامۆستایان مانیان گرتووە و بەردەوام بوون، گومانی تێدا نییە سودی هەبووە چونکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دەنگی مامۆستایان بگاتە حکومەتی ناوەندی عێراق، بڕیارە کاری لەسەر بکەن و ڕاستەوخۆ بدرێتە دەست مامۆستایان نەک حکومەتی هەرێم، "ئێمە لە هەوڵداین مووچە نەدرێتە دەست حکومەت، چونکە کاتێک عێراق مووچە دەنێرێت بەشێکی زۆری بۆ بندیوار دەڕوات".

هەروەها ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەکرد، بایکۆتکردن هیچ کاری نەکردووەتە سەر حکومەتی هەرێم بەڵکو دەیەوێت ئەو بودجەیەی حکومەتی عێراقی دەینێرێت لە ڕێگای بانکەکانەوە بیداتە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لەوێشەوە لێی بخوات، بۆیە کاری لە حکومەت نەکردووە بەڵکو ترسیان لێ نیشتووە لە بەرامبەر پۆست و داهاتەکەیان.

 

"نەوەکانمان فێر دەکەین کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن"

مامۆستا پەروین ڕوونیکردەوە کە بایکۆتکردن زەرەر لە خوێندکاران دەدات، بەڵام لەم نێوەندەدا حکومەت بەرپرسیارە نەک مامۆستایان، چونکە مامۆستایانیش لە خەمی داهاتووی خوێندکاراندان، بەڵام ئەوانیش کێشەیان هەیە و پێویستە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، وتیشی: ئێمە نەوەکانمان فێر دەکەین کۆیلایەتی هەڵنەبژێرن، بۆ داواکردنی مافەکانیان هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر نەک بێ هەڵوێست بن، چونکە ئەگەر مامۆستاکان بچنە هۆڵەکانی خوێندن بێگومان نەوەی داهاتووش فێری کۆیلایەتی دەبێت.

دەربارەی ئەو خوێندنگانەی قۆناغی نۆ و دوازدەکان دەستیان کردووە بە دەوام و بایکۆتیان شکاندووە، مامۆستا پەروین ئاماژەی بەوەدا، ئەو خوێندنگانە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەو ئامانجە ئەنجامی دەدەن کە وانەکانیان تەواو بکەن، بەڵام گومانی تێدا نییە دەتوانن تەواوی وانەکان لە کاتی خۆیدا تەواو بکەن، کارەکەیان کارێکی هەڵەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر شکۆی مامۆستایان، چونکە پۆلی دوازدەکان جیاوازیان نییە لەگەڵ یەکی بنەڕەتی کە تازە شت فێر دەبن، بۆیە ئەگەر مامۆستایانی ناڕازی داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، هۆکارەکەی ئەو مامۆستایانەن کە چوونەتە هۆڵەکانی خوێندن.

 

"وەزارەتی پەروەردە کارتی فشار بەرامبەر بە مامۆستایان بەکاردەهێنێت"

پەروین عەبدوڵا، دەربارەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کەلە ١٤ی ئەم مانگە دەریکرد، بەوەی کاتی تاقیکردنەوەکان ناگۆڕن و بابەتەکانیش کەم ناکەنەوە، وتی: وەزیری پەروەردە و وەزارەتەکەی وەک کارتی فشار ئەم بڕیارەیان دەرکردووە، چونکە لە هیچ جێگەیەکدا نییە دەوام نەکرێت و وانەکان کەم نەکرێتەوە، پێویستە وانەکان کەمبکرێتەوە، چونکە هەندێک بابەت گرنگیەکی وای نییە تەنانەت کاتی ئاسایش بخوێندرێت، هەر ساڵێک مامۆستایان بایکۆتیان کردبێت قەرەبوونی وانە فەوتاوەکانیان کردووەتەوە لە ڕێگای وتنەوەی وانەی زیادە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەموو ساڵێک لە ناوچەکانی دهۆک و دەوروبەری هیچ بایکۆتێک نەکراوە بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی لەو ناوچەیەیە، بەڵام ڕێژەی دەرچوون لە سلێمانی زیاترە و نمرەی بەرزتریش تۆمار دەکرێت، زۆرینەی یەکەمەکانیش هەر لە سلێمانین، لە کاتێکدا بایکۆت لە سلێمانی و دەوروبەری بەردەوام هەبووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە مامۆستایان ناهێڵن مافی خوێندکارەکانیان پێشێل بکرێت.

 

"بایکۆتی ئەمساڵ جیاوازە و مامۆستایان تا هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت نایشکێنن"

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، لەگەڵ بایکۆتکردنی مامۆستایانی ناڕازیدا بەردەوام فشار و هەڕەشە هەبووە بۆ ئەوەی مامۆستایان بێدەنگ بن، تەنانەت چەندین جار مامۆستایان دەستگیرکراون، بەڵام وەک ئاماژەی پێکرد هیچ کام لەو هەڕەشانە نایانترسێنێت، بەڵکو زیاتر سوریان دەکات لەسەر داواکردنی مافەکانیان، دەشڵێت "کاتێک ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا بایکۆتمان کردووە و بەشێک لە داواکانمان جێبەجێ کراوە، بایکۆتمان شکاندووە بۆیە حکومەتی هەرێم فێر بووە بە مامۆستایانم بۆیە ئێمە ئەمجارە بایکۆت ناشکێنین و سوورین لەسەر داواکانی خۆمان، چونکە ئەگەر حکومەتیش نەیەتە وەڵزام بێگومان حکومەتی عێراقی و یونسکۆ دێنە وەڵام".

لە کۆتایدا مامۆستا پەروین لەسەر بەردەوامی بایکۆت لەو حاڵەتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت پەیامی خۆی دا و وتی: "بایکۆت بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا خۆپیشاندان و هەڵوێستی دیکە دەگیرێتە بەر، چونکە مامۆستایان لە ٢٠١٤وە مافیان دەخورێت، بەتەنها پێدانی مووچەی ئەم چەند مانگە بێدەنگ نابین"، داواکاریشن بەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێم دەستی دەکەوێت پاشەکەوتوو و مووچە خوراوەکانیان بدرێتەوە، پلەی مامۆستایان بەرز بکرێتەوە و مامۆستایانی وانەبێژیش دابمەزرێندرێت، چیتر حکومەت لە خەمی گیرفانی خۆیدا نەبێت.