"ئەزموونی خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان یارمەتیدەرە بۆ خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات"

س.م. پێی وایە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان هێز و ئازادی کار و متمانە بەخۆبوونی ژنان نیشان دەدات، ژنان لە سیستەمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن و ئەمەش هۆکارێکی جددییە بۆ دوژمنایەتی حکومەتی تورکیا لەگەڵیدا.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە سوپای تورکیا هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی لەوانە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لەدەست داوە، تورکیا کە هەمیشە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە هەڕەشەیەکی جددی لەدژی خۆی زانیوە، لەم هێرشانەدا ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنان و وزەی ڕۆژئاوای کردووەتە ئامانج، لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانە و وێستگەکانی کارەبا و سەرچاوەی ئاو و ... هتد.

 

س.م.، چالاکوانی سیاسی و ژنان و خەڵکی شاری کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە بە ئامانجکردنی ژێرخانی ئابووری و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ژنان کرد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و وتی: ڕۆژئاوا سیستمێکی نوێیە کە دژی بەکارهێنانی چینایەتی سەرمایەدارییە و بزووتنەوەیەکی ڕەگەزییە، لە ڕاستیدا ئامانجی ڕژێمی تورکیا لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا، لەناوبردنی ئەم بزووتنەوەی ڕەگەزییە و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا بە بەردەوامی و بێ وەستان هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەم هێرشانە بە تاوانی جەنگ و جینۆساید دادەنرێت، بەشێوەیەکی سروشتی بۆ حکومەتی فاشیستی تورکیا گرنگ دەبێت ژێرخانی بەرهەمهێنانی ڕۆژئاوا لەناوببات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ژێرخانانە هێزی ژنان و ئازادیی کردار و متمانە بەخۆبوون پیشان بدەن و کرێکارانی ژن تێیدا کاربکەن، ژنان لە سیستمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن و ئەمەش هۆکارێکی جددی دەبێت بۆ دوژمنایەتی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ژنان.

 

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بزووتنەوەکانی ژنان و ڕای گشتی لە کوردستان نیگەرانن لەو پرسەی کە بۆچی میدیای سەرەکی جیهان ڕووماڵی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین بە تەواوی دەکەن، بەڵام بێدەنگن لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا، س.م. لە بارەیەوە وتی: بەو پێیەی تورکیا هاوپەیمانی خۆی لە ئاستی جیهانیدا هەیە، سروشتییە کە هێرشە فاشیستەکانی یان سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەم دەوڵەتە لە میدیادا هاوکاری بکرێت و باس لە هێرش و تاوانکارییەکانی نەکرێت.

 

س.م. ئاماژەی بەوەدا، ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی لە کرماشان هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا بە تاوانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە دژی پڕۆژەی دیموکراتیکی خەڵکی ڕۆژئاوا دەزانن، هەر بۆیە نیگەرانن لەم بابەتە و لە بەرامبەردا هەڵوێستیان هەیە، ئێمە جەخت لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی سوپای فاشیستی تورکیا دەکەینەوە.

 

س.م. باسی لە هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر ڕۆژئاوا کرد، بەراوردێک دەکات لە نێوان هەڵوێستەکانی ژنان پێش و پاش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەڵێت: بە گشتی دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵات بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ڕووی ڕووماڵی خۆبەخشانە، خوڵقاندنی هاوپشتی ژنان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، هۆشیاری لە خەباتی ژنان، هۆشیاریی ڕەگەزی و هتد گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ژنانی ڕۆژئاوا و تێکۆشانەکانیان، لە خەباتی چەکدارییەوە لە دژی تاوانبارانی داعش و سوپای داگیرکەری تورکیا، تا دەگاتە خەباتە مەدەنییەکانی وەک دایکانی ئاشتی، مۆدێلێکی زۆر کاریگەر بووە بۆ ژنانی ڕۆژئاوا و تەواو ڕوونە کە، ئەزموونی خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دۆخی خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی باشتر کردووە، ژنان لە ڕۆژهەڵات پشتیوانی ڕۆژئاوان و بەردەوامیش دەبن.