"پێویستە کۆمەڵگەکەمان بەها، پێوەر و کولتووری خۆی بپارێزێت"
خوناڤ خەلیل ،ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان، جەختی کردەوە لەوەی لە دژی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان شەڕێکی تایبەتی گەورە هەیە و داوای پاراستنی کولتوور، پێوەر و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کرد.
بەڕچەم جودی
کۆبانێ – ڕۆژئاوای کوردستان دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ کە دەستیپێکرد، بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی دژوار بووەوە. لە لایەکەوە هێرشی چەکداری کە ساڵانێکی درێژ بەردەوام بوو، لە لایەکی ترەوە ڕەوشی ئێستا کە کۆمەڵگەکەی ڕووبەڕووی شەڕێکی تایبەتی گەورە بووەتەوە. لەم شەڕە پیسەدا، بەتایبەتی ژنان و گەنجان کرانە ئامانج.
شەڕی تایبەت لە سەردەمی نوێدا: ڕێگەی شاراوە و کاریگەر
شەڕی تایبەت یەکێکە لە دیارترین ئەو ڕێگەیانەی کە لە سەدەی ٢١دا گەشەی سەندووە. وەک میکانیزمێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕاگەیاندن لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بەکاردێت. بەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئیرادەیان لاواز دەکەن، بیرەوەرییە مێژووییەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە و بیرکردنەوە و جوڵەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئاڕاستە دەکەن. لەم سەردەمەشدا بە شێوە و جۆری جیاواز لەڕێگەی شەڕی زانیاری و ڕاگەیاندن، دەروونی، ئابووری، کولتووری، تەکنەلۆژیا و سایبەر و کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبرێت. لەم بوارەدا ژنان و گەنجان کە دوو بەشی بنەڕەتی و گرنگی کۆمەڵگەن، زۆرترین پۆلیتیکی شەڕی تایبەتیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت. بۆ ئەوەی ژنان لە بوار و سەربەخۆییدا لاواز بکەن، ڕۆڵی ڕاستەقینەیان پێچەوانە بکەنەوە، هەروەها لە ناوەندی ئەم هێرشانەدا جەستە، بیرکردنەوە و ژیانیان بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، لە هەوڵداندان. لە لایەکی ترەوە، گەنجان کە بیرکردنەوە، دینامیك و وزەی کۆمەڵگەن، دەکرێنە ئامانج. دەیانەوێت ئەم هێزەی گەنجان لەڕێگەی جۆرەکانی شەڕی تایبەتەوە لە بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی دوور بخەنەوە و بەرەو ژیانێکی بێمانا، بێهێوا و بێئامانجیان بەرن.
لە کۆبانێ، کۆنگرەی ستار ماوەیەکە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی دەستپێکردووە. خوناڤ خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری شارۆچکەی کۆبانێ، سەبارەت بەو هێرشانەی ڕوودەدەن و ئەو هەڵمەتەی لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەچێت، ڕوانگەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسەکەمان بەش کرد.
پێویستە ژنان هێزی دینامیکی خۆیان لە ئاستی پێشەنگایەتیدا بەکاربهێنن
خوناڤ خەلیل لە سەرەتادا ئاماژەی بە ئامانجی ڕێکخراوەکەیان کرد و وتی: وەک ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، کاری سەرەکیمان ئەوەیە کە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان لە هەموو بوارێکدا ڕێکبخەین. وەک دەزانین ژنان لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە هەردەم کۆمەڵگەیان کۆکردووەتەوە و لەسەر پێوەر، بەها و کولتووری خۆیان ڕێکیانخستووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لە ئەنجامی پێشکەوتنی شارستانیەتە پیاوسالارەکاندا، ڕۆڵی ژنانیان لێ سەندرایەوە. لەبەر ئەوەش ئەو خەباتەی ئێستا بەڕێوەی دەبەین پشت بە هەمان ئامانج دەبەستێت، کە چۆن بتوانین کۆمەڵگەکەمان بگەڕێنینەوە بۆ ڕەگە ڕەسەنەکەی لە دەوری هۆشیاریی کۆمۆناڵی، یەکسانیخواز و دیموکراتییانەی ژنان. هێزی دینامیکی ئەم گۆڕانکارییانەش ژنە، لەبەر ئەمەش دەبێت لە ئاستی پێشەنگایەتیدا ژنان ڕەنجێکی گەورەتر بدەن.
ڕێگەی زۆر مەترسیدار لە نێوان ژنان و گەنجاندا پەرە دەسێنێت
خوناڤ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو ڕێگەیانە کرد کە ئێستا زۆرترین چالاکییان لەناو کۆمەڵگەدا هەیە و وتی: هێرشی زۆر گەورە لەسەر بەها، پێوەر و کولتووری کۆمەڵایەتیمان بەرەوپێش دەچن و دەکرێن. دوژمنانی کۆمەڵگەکەمان و بەتایبەتی دوژمنانی ژنان کە نەیانتوانی لە بواری سیاسی و سەربازییدا کۆمەڵگە ڕووخێنن، هەوڵ دەدەن لەڕێگەی شەڕی تایبەتەوە ئەم کارە بڕەخسێنن. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت گەلێک نموونەی بەرچاویش بهێنێتەوە کە لە کۆبانێ و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕوودەدەن؛ لە ئاستی یەکەمدا بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەناو کۆمەڵگەدا و بەتایبەتی ڕاکێشانی ژنان و گەنجان بۆ ناو ئەو بوارە. هەروەها ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گەلێک بەرنامەی بازاڕکاریی پەیوەندیدار بەوانەوە. ئەم ڕێگەیانەی لەناو کۆمەڵگەدا پەرەیان پێدەدرێت، مەترسیی زۆر گەورە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن کە مەخابن لەم بوارەدا یاریی زۆر گەورە هەن.
خوناڤ خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک هێزە دینامیکییەکانی کۆمەڵگە بە بابەتی بێ کەڵک و مەترسیدارەوە سەرقاڵ دەبن، چی بکەن کۆمەڵگەکە لە ناوەرۆکە کولتوورییەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و شۆڕشی گەل پووچ دەبێتەوە. خوناڤ وتی: بۆ ئەمەش دوژمن لەسەر ئەم خاڵە هەستیارانە زۆر یاری دەکات، ژنان و گەنجانمان ڕادەکێشێتە ناو ئەم تەڵانەوە.
پێویستە کۆمەڵگەکەمان بەها، پێوەر و کولتووری خۆی لەدەست نەدات
خوناڤ خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا باسی لە گرنگیی هەڵمەتە هۆشیارییەکەیان کرد و وتی: وەک کۆنگرەی ستار بەرپرسیارێتیی خۆمان بڕییەوە کە لەم بوارانەدا کۆمەڵگەکەمان هۆشیار بکەینەوە و لە دژی شەڕی تایبەت ببینە خاوەن هەڵوێست. لەبەر ئەمەش هەڵمەتێکی بەربڵاومان دەستپێکردووە کە لەگەڵ تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە لە کۆمێن، دامەزراوە، شار و گوندەکاندا دیداری ڕاستەوخۆمان لەگەڵ گەلدا دەبێت. گرنگە کە بتوانین بوون، ناسنامە، کولتوور، بەها و پێوەرەکانی خۆمان بپارێزین. چۆن تا ئێستا لە دژی هر جۆرە هێرشێک بوونی خۆمان پاراستووە، دەبێت نەکەوینە ژێر کاریگەریی شەڕی تایبەتەوە کە یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگەکان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە. بانگەوازیشمان ئەوەیە کە هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەین و بەهەکانی خۆمان لەدەست نەدەین.