لە خەونی تایکواندۆوە بۆ بیرە ئاوییەکان

لاڤین کارتال، خەڵکی شاری کۆبانێ و دانیشتووی شاری مەلاتیای باکووری کوردستان، ماوەی دوو ساڵە خەریکی هەڵکەندنی چاڵ و بیری ژێر زەوییە، سەرەڕای ئەوەی لە ژیانیدا ڕووبەڕووی ئەزموونی سەخت دەبێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی ڕێگای سەربەخۆییە.

سۆرگول شێخۆ

 

قامیشلۆ-نەک لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵکو لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ژنان ڕێگای هەمەچەشنتر دەگرنە بەر بەرەو چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی و خۆشەویستی و باوەڕبوون بە وزە و هێزییان کە چەندین سەدە شاراوەن، سەرەڕای چەندین ساڵ شەڕ کە دژی ناسنامە و بوون و جەستە و ڕۆحیان بەڕێوەدەچێت، بەڵام بڕیاریان داوە ڕێگای سەربەخۆیییان لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی جینۆسایددا هەڵبژێرن.

 

لە کوردستاندا چیرۆک و پڕۆژە و بەرهەمی سەرنجڕاکێشی ژنانی کورد سەرهەڵدەدەن کە خەریکە زەمینە بۆ ئەو ژنانە خۆش دەکەن کە شوێنیان دەکەون.

 

لاڤین کارتال تەمەنی ١٨ ساڵە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕووی لە باکووری کوردستان کردووە و لە شاری مەلاتیا نیشتەجێیە، منداڵی گەورەی خێزانێکەیە کە لە سێ خوشک و برایەک پێکهاتوون.

 

لاڤین لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا بارێکی زۆر قورس و ئەرکێکی زۆر جیاواز لە ئەستۆ دەگرێت کە پێشتر لە ناوچەکەدا نەبینراوە، وەک ژنێکی گەنجی کورد ماوەی دوو ساڵە بۆ یەکەمجار لە ناوچە گوندنشینەکانی مەلاتیا خەریکی هەڵکەندنی بیر و ئاوی ژێر زەوییە.

 

لاڤین باسی گەشتی دوو ساڵەی خۆی و هۆکاری دەستبەکاربوونی ئەم کارەی بۆ ئاژانسەکەی کردووە.

 

ئەو هاوڕێی بەردەوامی باوکی بوو...

لاڤین هاوڕێی منداڵی باوکی بووە و لەسەر ئەزموونەکەی وتی: لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم دەچووم و دەهاتم و هەر ساتێک کە لە کێڵگە و بیر هەڵکەندندا بەسەری دەبرد لەگەڵیدا بووم، هەروەها لە باوکمەوە فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر بووم، سێ ساڵ پێش ئێستا باوکم کۆچی دوایی کرد و بەهۆیەوە تووشی کێشە بووین، لێرە گەورەترین بووم، بۆیە ناچار بووم بەردەوام بم لە کارەکانی باوکم و ئەوەی لێی فێربووم.

 

”هیواکانم زۆرن”

هەرچەندە لە منداڵیدا باری بژێوی ژیانی خێزانەکەی لە سەر شانی خۆی هەڵگرت، بەڵام لاڤین خەونی تایبەتیشی هەیە کە دڕکێکی زۆری لە ڕێگاکەیاندا هەیە، لاڤین باسی خەونەکانی و ئەو ئاستەنگانە دەکات کە ڕووبەڕووی بووەتەوە و وتی: یەکێک لە خەونەکانم ئەوەیە ببمە مامۆستای تایکواندۆ، ماوەی پێنج ساڵە لێرە دەچمە هۆڵی وەرزش، بەڵام بەو پێیەی ناسنامەی تورکی (کیملیک)م نییە، شایستەی ئەوە نیم ببم بە مامۆستای تایکواندۆ، دوای کۆچی دوایی باوکم دوو سێ جار وازم لە وەرزشەکە هێنا، بەڵام ئەو هیوایەی کە مامۆستاکانی تایکواندۆ لە مندا بینییان، وای لێکردم بگەڕێمەوە بۆ ئەو وەرزشە، هەرچەندە من یەکێک بووم لە یەکەمین خوێندکارەکانی تایکواندۆ، بەڵام دڵم سووتا کە بینیم هاوڕێکانم دەبنە مامۆستا و تەنها سەیری ئەوان دەکەم، ئەگەر ناسنامەم دەربچێت دەبمە مامۆستای وەرزش و ئەمە گەورەترین خەونی منە، هەروەها هیواکانم زۆرن.

 

هەڵکەندنی بیر بە درێڵ

لاڤین باسی لەوەشکرد، ماوەی دوو ساڵە بیری ئاوی ژێر زەوی بە درێڵ هەڵکەندووە و باس لە کارە کردارییەکانی دەکات، وتی: ماوەی دوو ساڵە بە فەرمی بیر هەڵکەندم و ئاو هەڵدەکێشم، لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر شتم فێربووم، لەوەش زیاتر لە هاوژینی خاڵۆزامەوە فێردەبم، بەڵام پێش ئەوەی بچم بیر هەڵکەنم، شوێنی هەڵکەندنی هەڵدەبژێرم و بەپێی چینەکانی خاک، ئایا ئاو دەتوانێت لە ژێر ئەم خاکەدا تێپەڕێت یان نا، پاشان قووڵییەکەی دیاری دەکەم و دەست دەکەم بە هەڵکەندن، دوای هەڵکەندن تاقی دەکەمەوە و بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ئایا جۆری ئاوەکە شیرینە یان سوێرە.

 

کارێک کە لە تەمەنی ئەو زیاترە

جگە لە هەڵکەندنی بیر، لاڤین لە پۆلی ١١ی ئامادەیی کراوە دەخوێنێت و هەروەها مەشقی تایکواندۆ دەکات.

 

لاڤین جارێکی تر سەرنجی بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان و ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن ڕاکێشا و وتی: زۆر کەس پێم دەڵێن تۆ ژنیت، چۆن ئەم کارە دەکەیت و ئەم کارە بۆ تۆ نییە، دەزانم ئەم کارە لە تەمەنی من گەورەترە و من زۆر گەنجم بۆ ئەرکێکی وەها قورس، کەسانی هاوتەمەنم گەشت و خوێندن و کاری تر دەکەن، بەڵام ئەمە کاری باوکمە، من ئەنجامی دەدەم، هیچ پابەندبوونێکم نییە بچم و ئەو هۆکارانە ڕوون بکەمەوە و لەگەڵ کۆمەڵگەدا بەشی بکەم.

 

”هیوادارین هەموو ژنان باوەڕیان بە دەسەڵاتی خۆیان هەبێت”

لە کۆتایی قسەکانیدا لاڤین ئەم پەیامەی پشتیوانی بۆ ژنان نارد و وتی: ژن دەتوانێت هەر کارێک بکات، ئەگەر باوەڕی بە خۆی و دەسەڵاتی خۆی هەبێت، ئەگەر زانیت ئەم ڕێگایە هی تۆیە و ڕاستە، بە متمانەوە بەڕێگاکەدا بڕۆ، بەخۆت مەڵێ ئەمە کاری پیاوە یان ئەوە شەرمەزارییە، کاتێک دەستم پێکرد زۆر کەس دەیانوت ئەمە کاری تۆ نییە، ئەمە کاری پیاوە و شەرمەزاریە بۆ تۆ، تۆ کچیت، ناتوانیت ئەم کارە بکەیت، ژن و پیاو زۆر جیاوازتر یەکتریان بینی و وتیان هەرگیز ڕوونادات، بەڵام شانازی بە کارەکەمەوە دەکەم، چونکە کاری باوکم دەکەم، هەروەک چۆن متمانەم بە خۆم هەیە، هیوادارم هەموو ژنان متمانەیان بە هێزی خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی ڕۆژێک پێویستیان بە پیاو نەبێت.

 

https://youtu.be/Zafe2igu30A?si=ScgKP6SnqR180ljg