ژنانی عەفرین و شەهبا پشتیوانی بەرخۆدانی ژنان لە سوەیدا دەکەن

ژنانی عەفرین و شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران لە شارەکانی سوەیدا و دەرعا دەربڕی کە سیاسەتەکانی حکومەتی شام ڕەت دەکەنەوە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا-لە شاری سوەیدا لە سووریا خۆپیشاندان چووەتە هەفتەی دووەم و خۆپیشاندەران داوای باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان دەکەن، ژنان پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن و داوای "کەوتنی ڕژێم" دەکەن.

 

دوای چەند ڕۆژێک لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو و کتوپڕی نرخی سووتەمەنی کە ئازاری خەڵکی زیاتر کرد، خۆپیشاندانەکان لە شاری سوەیدا زیادیان کرد، خۆپیشاندانەکان هاوکات بوون لەگەڵ مانگرتن بەهۆی لەدەستدانی کەرەستەی بنەڕەتی و بەرزی ڕێژەی هەڵئاوسان.

 

گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە نیشانی دەدەن چۆن خەڵک دەرگای سەرەکی سەرکردایەتی لقی "ٌڕژێم"یان لە سوەیدا داخست، ئەندامانی لقەکە ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو ئەو لقەوە، دوای ئەوەش بارەگای ئەم حیزبە و بەشەکانی لە هەموو شارۆچکەکانی پارێزگاکە داخران.

 

"خەڵک لە داواکارییەکانیان پاشگەز نابنەوە"

ئەمینە مەلا حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی ژنانی عەفرین، ئاماژەی بەوەدا کە "بزووتنەوەی گەل مێژووی شۆڕش و داواکارییەکانی هەموو سورییەکانی نوێکردەوە، مرۆڤەکان جارێکی دیکە لەژێر خۆڵەمێشەوە گڕیان گرت دەستیان کرد بە هاوارکردن بە دەنگێکی بەرز و یەکێتییەکی بەکۆمەڵ لە سوەیداوە بۆ دەرعا، وتی: شام و حەلەب (یەک و یەک خەڵکی سووریا یەکن) ئەم گۆرانییە گەورەترین بەڵگەیە کە خەڵک لە داواکاری و ئامانجەکانیان کە لە ساڵی ٢٠١١ دا داوایان کردبوو پاشگەز نابنەوە، ئەم خەڵکە دروشمی توندیان هەیە و داوای ڕووخانی ئەو ڕژێمە دەکەن کە بە درێژایی ئەم ساڵانە شۆڕشی ئاشتیانەی سەرکوت کرد.

 

وتیشی : کاتێک داوای ئازادی و شکۆمەندی خەڵک ئەوەیە کە هیچ کەس ناتوانێت لە داواکاری و ئامانجەکانیان قەناعەتیان پێ بهێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە خەڵکی سوریا دوودڵ نابن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان هەتا ئەو کاتەی ئازادییان بەدەستدەهێنن، هەروەها بەدیهێنانی داواکارییە سەرەکییەکانیان، کە بریتین لە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و تیایدا چارەسەرێکی سیاسی ئاشتیانە بۆ قەیرانی سووریا و جێبەجێکردنی سیستمێکی دەستووری دابین دەکات کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

 

"ژنان پێشەنگایەتی دەکەن و پشتیوانیان دەبین"

سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنان لەو خۆپیشاندانانەدا، ئەمینە مەلا حەسەن جەختی لەوە کردەوە، ژنان لە سوەیدا بە هەموو توانا و هێزێکەوە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە دەکەن، توانای خۆیان سەلماندووە بۆ پێشەنگایەتی کۆمەڵگە، وتیشی: ئێمە هیوادارین و داوا لە ژنان دەکەین لە هەموو شارەکانی سووریا کە شایەتی بزووتنەوەیەکی ئاشتیانەن، بە هەموو هێزی خۆیانەوە بەردەوام بن و ڕێگە نەدەن بزووتنەوەکەیان سەرکوت بکرێت.

 

وتیشی: ڕۆڵی ئێمە وەک کۆمسیۆنی ژنان و هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان کە لە شەهبا لە جوگرافیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە بەڕێوەدەبرێت، پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئاشتیخوازی گەل دەکەین لە سوەیدا، ئێمە لەگەڵیانین و بۆ ساتێک دوودڵ نابین لە پشتیوانیکردنیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم شۆڕشە و بەدەستهێنانی ئازادی.

 

"دەستێوەردانی وڵاتان بارودۆخەکەی خراپتر کردووە"

یاسمین شێخۆ، ئەندامی کۆمسیۆنی ئابووری عەفرین- شەهبا، باسی لە ئازاری خەڵکی سوریا کرد لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، وتی: گەلی سووریا بە درێژایی قەیرانەکە بەهۆی کوشتن و ئاوارەبوون ئازاریان چێشت، دەستێوەردانی وڵاتان ساڵ لەدوای ساڵ بارودۆخەکەی خراپتر کردووە، جگە لە خراپبوونی بارودۆخی ژیان لەو ناوچانەدا، بەتایبەتی دوای داڕمانی لیرەی سووریا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.