ژنانی کرێکار لە ئیدلب لە ژینگەیەکی سەختدا کار دەکەن

شەڕی سووریا و لەدەستدانی بژێوی بووە هۆی ئەوەی سەدان ژن لە پیشە جیاوازەکاندا کار بکەن و زۆرجار بەدەست کاتژمێری زۆر و کرێیەکی کەمەوە دەناڵێنن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لە ژێر تیشکی خۆردا، ژنان لە ئیدلب بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە زەوی کشتوکاڵیدا کار دەکەن و لە هەلومەرجی سەخت و ماندووی کارکردندا دانەوێڵە دروێنە دەکەن، بۆ ئەوەی هەندێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.

 

نادا زەریف، ژنێکی ئاوارەی تەمەن ٢٩ ساڵ لە ئیدلب دەژی، ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێرێکدا 10 لیرەی تورکی دەست دەکەوێت،  هەرچەندە کەمە، بەڵام لە هیچ باشترە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دەستەبەرکردنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی بۆ خۆی و سێ منداڵەکەی، کە باوکیان لە کۆتایی ساڵی 2019 بەهۆی بۆردومانکردنی شارەکەیانەوە کوژرا.

 

ئاماژەی بەوەدا کە دروێنەکردن و کۆکردنەوەی زەیتوون و سەوزە و میوەی وەرزی کۆڵەکەی کارەکەیە لەگەڵ فرۆشگەیەک کە بژێوی ١٠ ژنی ئاوارە دابین دەکات، وا لە ژنەکان دەکات هەست بە ئاسوودەیی دەروونی بکەن سەرەڕای سەختی کارکردن.

 

نادا زەریف ئەو مەترسی و سەختییانە ناشارێتەوە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە ماوەی کارکردنیدا، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی مار و دووپشک لەناو دانەوێڵە کشتوکاڵییەکاندا، کە لەلایەن یەکێک لە ژنانی کرێکارەوە گیراوە، بووە هۆی برینداربوونی بە سەختی، جگە لە بەرکەوتن بە تیشکی خۆر کە دەبێتە هۆی سەرئێشەی بەردەوام.

 

سەرپەرشتی خێزانەکەی دەکات

لە نزیک کامپەکانی مەشهەد ڕۆحین لە باکووری ئیدلب، یاسین جەمال، ژنێکی ئاوارەی تەمەن ٣٥ ساڵ و لە زەوی کشتوکاڵیدا بە 8 لیرەی تورکی لە کاتژمێرێکدا کار دەکات بۆ پاڵپشتی کردنی چوار منداڵەکەی و هاوژینە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی.

 

ڕوونیشیکردەوە خۆی بە تەنها بەرپرسیار بووە لە خێزانەکەی دوای کەمئەندامبوونی هاوژینەکەی لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆوە، وایکردووە لە ژینگەیەکی سەختدا کار بکات, وتیشی: ڕۆژانە ٧٠ لیرەی تورکیم دەست دەکەوێت، ئەو بڕەی کە ناتوانم نان و هەندێک جۆری سەوزەی  پێبکڕم، بەڵام هێشتا باشترە داوای یارمەتی لە هەمووان بکەم.

 

خوێندکاری زانکۆیەو کاردەکات

ڕوبا زەیدان، خوێندکاری زانکۆیەو تەمەنی ٢٣ ساڵی زانکۆیە، پشتی بە کارکردن لە زەوی کشتوکاڵی بەستووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خەرجییەکانی زانکۆ، چونکە دوای ماندووبوونی باوکی، باوکی نەیتوانی یارمەتی بدات بۆ خوێندنەکەی.

 

ڕوبا زەیدان ئاماژەی بەوەکرد، لە هاویندا کار دەکات و پاشەکەوت دەکات بۆ کاتی خوێندنی وەک گواستنەوە و کڕینی وانەکان، بەڵام بەهۆی کەمی کرێ و کارکردنی قورس ناتوانێت ئەمساڵ هەموو تێچووەکان بدات.