دابونەریتی کۆن، یەکێک لە هۆکارە دانەبڕاوەکانی پشت دیاردەی بەزۆر بەشوودانەوە

بەزۆر بەشوودان ڕێگایەکی دۆزینەوەی موڵکیەتێکە لە تەمەنێکی کەمەوە بۆ ژنان، کە بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری، دابونەریت و خراپی دۆخی ئابووری ئەنجام دەدرێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: شار و گوند بۆ بەزۆر بەشوودانی کچان جیاوازی نییە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بەزۆر بەشوودانی کچان یەکێکە لەو دیاردانەی کۆمەڵگە کە ژنان پێوەی دەناڵێنن، چەندین هۆکار بۆ بەزۆر بەشوودان هەیە، کە سەرچاوەی خۆیان لە خراپی دۆخی ئابووری و دابوونەریتی کۆن یان زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری وەردەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر قوڵبوونەوەی کێشەکان و زۆربوونی دۆسیەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا.

 

"بەزۆربەشوودان لە کۆمەڵگەی کوردیدا ماوە"

بەیان محەمەد، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەزۆر بەشوودان واتە بەزۆر دانی ژنێکی گەنج بە پیاوێک بەبێ ڕەزامەندی خۆی و بە زۆری خێزان یان قسەی کۆمەڵگە، وتیشی: ئەم دیاردەیە زیاتر لە دەرەوەی شارەکاندا ڕوودەدات، کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی ئەم دیاردە تیایدا هەر هەبووە و تا ئێستاش ماوە و دەکرێت ئێستا بشاردرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە خەڵک هاتونەتە ناو شارەکانەوە، بەڵام ئەمەش هێشتا ئەو ئەقڵیەتەی نەگۆڕیوە بەرامبەر بە ژن، بەشێک لەو ژنانەی بەزۆر بەشوو دراون، کاتێک ئێستا کێشەیەکی خێزانیان بۆ دروست دەبێت دەبینین سەرچاوەی کێشەکە بەزۆر بەشوودان بووە.

 

"خراپی باری ئابووری دیاردەی بەزۆر بەشوودانی زەق کردووەتەوە"

بەیان محەمەد ڕوونی کردەوە، دیاردەی بەزۆر بەشوودان چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە یەکێک لەوانە دابونەریتی کۆنە، کە لەناو هەندێک بنەماڵەدا دەبێت کچ لە تەمەنێکی منداڵدا بەشوو بدەن، هۆکارێکی تر پارەیە هەندێک خێزان بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە کچەکەیان بەزۆر دەدەن بە شوو بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە، ئایا دواڕۆژی ئەم کچە چی لێ دێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان خراپی باری ئابووریە، خێزانەکان لە ئێستادا کچەکانیان بەزۆر بەشوو دەدەن بۆ ئەوەی لە کۆڵیان ببێتەوە و و بتوانن بە ئاسانی بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

 

وتیشی: دیاردەی بەزۆر بەشوودان حاڵەتەکانی جیابوونەوەشی لە دادگاکاندا زیادکردووە و هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی ژنان پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن بۆ دەرچوون لەو ژیانەی بۆیان دیاری کردوون، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە، زۆربەی ئەو ژنانەش بەهۆی نەگونجان و دوای بوونی منداڵ، دەگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان

 

"یاسای ڕێگری کردن لە دیاردەی بەزۆر بەشوودان جێبەجێ ناکرێت"

بەیان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک بنەماڵە کاتێک کێشەیەکی عەشایەرییان دەبێت لە جیاتی ئەوەی بە ڕێگەی دادگا کێشەکە چارەسەر بکەن، ڕێگەی سوڵحکردن و بەکارهێنانی ژنان دەگرنە بەر، بە زۆر دەدرێت بە بنەماڵەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لەم نێوەندەشدا ژنان وەکو هەمیشە دەبنەوە بە قوربانی، لە هەرێمی کوردستان یاسا هەیە کە ڕێگری بکات لە دیاردەی بەزۆر بەشوودان، بەڵام یاساکە جێبەجێ ناکرێت.

 

دەشڵێت:پێویستە ژنان هۆشیار بن و ئەو زوڵمە قبوڵ نەکەم کە بەرامبەریان دەکرێت، هەروەها پیاوانیش هۆشیاریان هەبێت بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و بیر لە دواڕۆژی کچەکەیان بکەنەوە، پێویستە خێزانەکان دەرگا دانەخەن بە ڕووی کچەکانیاندا کە تووشی کێشەیەک دەبن، چونکە هەر ئەوان خستوویانەتە ئەو دۆخەوە.