هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشە لە خوێندکاران دەکەن

لیا.ا خوێندکاری قۆناغی سێیەمی ئامادەییە، یەکێکە لەوانەی بەشداری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە و چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێ کراوە.

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەت و دەستپێکردنی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک شەهید و دەستگیر و بریندار و هەڕەشەیان لێکرا، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە ناڕازییان ژیانیان لە ژێر سێبەری هەڕەشەکانی ڕژێمی ئیسلامیدا تێدەپەڕێنن، لەوانە ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە شۆڕشدا کردووە و بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە سیستەمی تۆتالیتاری، داوای ئازادی و مافەکانی خۆیان و مافی ئەو گەلانەیان کردووە کە چەند ساڵێکە لەژێر دەسەڵاتی سیستمی ئێراندا وەلانراون.

 

لیا.ا یەکێکە لەو خوێندکارانەی کە بەشداری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە، دەڵێت: دوای ئەوەی هەواڵی کوشتنی ژینا بڵاوکرایەوە و ناڕەزایەتییەکان لە سەقز و شارەکانی دیکە دەستی پێکرد، من و هاوڕێکانم لەسەر دیوارەکان دەستمان بە نووسینی دروشم کرد و وێنەی خامنەیی و خومەینیمان لە پۆلەکاندا دڕاند، چەندین جار بەشداریمان لە ناڕەزایەتی شەقامەکاندا کرد، بۆ ئەوەی زیانمان پێ نەگەیەنن، پیاوان و کوڕان ڕێگەیان نەدا لە ڕیزی پێشەوە بین.

 

لیا باس لە سەرکوتکردنی شۆڕش دەدات لە شەقامەکان و وتی: کردنەوەی قوتابخانەکان و نەبوونی مۆراڵی قوتابیان لە پۆلەکاندا، ڕووخساری خەمناکی مامۆستایان و ئەو خەم و پەژارەی کە حوکمڕانی شارەکەی دەکرد، تاکە شتێک کە ئێمە بیرمان لێدەکردەوە تۆڵەسەندنەوە و بەردەوامیی خەبات بوو، ئێمە بە نووسینی دروشم و دڕاندنی وێنە بەردەوام بووین لە ناڕەزایەتیەکەمان، تا ڕۆژێک بانگیان کردین بۆ فەرمانگە و دوو پیاو بە جلی ئاساییەوە لەوێبوون کە پێشتر نەمانبینیبوون، بەڕێوەبەرەکە چەند پرسیارێکی لە من و هاوڕێکەی ترم کرد کە کێ وێنەکان دەدڕێنێت و دروشم دەنووسێت و...، ئێمە وتمان هیچ نازانین و سەرقاڵی خوێندنین، بەڕێوەبەرەکەی ناسنامەی (پ.م.)ی دەرهێنا، کە دەزانم لە ژێر فشاردا بووە، وتی باشە هیچ مەڵێ، ئێمە خۆمان دەزانین کاری کێیە، تەنها ویستمان دڵنیا بین. ئێمە زۆر ترساین، بەڵام بێدەنگ بووین، دواتر گوتمان دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ پۆل؟ بەڕێوەبەر: بەڵێ تکایە.

 

لیا وەها درێژەی بە باسەکەیدا: "دوای یەک دوو مانگ، خوشکەکەم کە خوێندکار بوو، تەلەفۆنی بۆ دایکم کرد و وتی ژمارەیەکی نادیار چەند جارێک تەلەفۆنی بۆ کردوم، وتی ئەوە هێزەکانی ئیتلاعاتن، بەڵام وەڵامم نەدایەوە. بە لیا بڵێ هیچ مەکە، دیسان ترسام، هەموو ڕۆژێک کە دەچوومە قوتابخانە، بە دەوروبەرمدا دەگەڕام بۆ ئەوەی بزانم کەس بەدوامدا دەڕوات، تا ڕۆژێک لە قوتابخانە گەڕامەوە و بینیم دایکم لە گۆشەی حەوشەکەدا دانیشتووە بە ڕووخسارێکی نیگەران و خەمناکەوە، دایکم لە باوەشی گرتم و وتی کە دەترسم دەستگیرم بکەن، دوودڵ بووم و گوتم کێ دەمگرێت؟ بۆچی؟ چی ڕوویداوە؟

 

دایکم وتی: ئەمڕۆ لە ئیتلاعاتەوە تەلەفونیان کردووە و وتوویانە کە ئێمە هەموو شتێک دەزانین، هەر لە نووسینی دروشم و دڕاندنی وێنە و تەنانەت گفتوگۆکانیان لە پۆلدا، بۆیە ئاگاداری بکەرەوە کە ئەگەر هەر کارێک دژی حکومەت بکات ئەوا دەستگیر دەکرێت و بۆ شوێنێک دەنێردرێت کەس نەزانێت کوێیە".

 

لیا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەمساڵ لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکاندا دوو جار تەلەفۆنیان بۆ کردم و هەڕەشەیان لێکردم کە لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک بەرامبەر حکومەت دەستگیر دەکرێیت. تەلەفۆنم بۆ یەکێک لە مامۆستاکانم کرد کە ئاگاداری ڕووداوەکە بوو، منیش قسەم لەگەڵ کرد دەربارەی هەڕەشەکانی هێزەکانی ئیتلاعات، مامۆستاکەم وتی: لیا گیان چەند جارێک بانگیان کردم و پێیان وتووم پێویستە ئەو قوتابیانە ئاشکرا بکەیت کە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئێمە، بەڵام من بەبێ ئەوەی هیچ بزانم، داواکارییەکەی ئەوانم ڕەتکردووەتەوە،

 

مامۆستاکەم وتی: ئەگەر نەترسین ئەوان ناتوانن هیچ بکەن لیا، ئەگەر جارێکی تر تەلەفۆنیان بۆ کردیتەوە، پێیان بڵێ من سەرقاڵی خوێندنم و کارم بە کەس نییە، تەنها شتێک کە بۆ من گرنگە ئەوەیە سەرکەوتوو بم لە داهاتوودا.

 

لیا دەڵێت: دەزانم ئەم هەڕەشانە هیچ کۆتاییان نییە، بەڵام مرۆڤە ئازادیخوازەکان لەپێناو ئامانجەکەیاندا دەجەنگن و سەردەکەون، هەرچەندە شۆڕشەکەمان لە ڕووکەشدا بێدەنگ و سەرکوتکراوە، بەڵام ئێمە بە پریشکێک هەڵدەگیرسێینەوە و تۆڵەی خوێنی هەموو شەهیدان دەکەینەوە.