جوتیارێک ئازاردانی سێکسی کرێکارانی ژن لە تونس ئاشکرا دەکات
سەمەر حاجی، ڕوونیکردەوە، لە کێڵگەکانی سیدی بوزید لە تونس، ژنانی کرێکار وەک "کاڵا" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لەگەڵ شوتی دەکڕدرێن و ئەگەر هەراسانکردن ڕەتبکەنەوە لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە، هیچ ئامرازێکی پاراستنیان نییە لە هەراسانکردن.
ئیخلاس حەمرونی
تونس-لە کێڵگەکانی سیدی بوزید لە تونس، کە خۆر بێ بەزەییانە لەسەر سەری ژنانی کرێکاردایە و سندوقی شوتی قورسایی لەسەر پشتی ژنان تەنانەت لە پیاوان زیاترە، سەمەر حاجی شایەتحاڵی ئەو ڕاستیە سەختەیە کە هەزاران ژن لە کەرتی کشتوکاڵدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوان لە پلەی گەرمی کە دەگاتە ٤٧ پلەی سەدی کاردەکەن، زیاتر لە بیست لیتر قڕکەر بە پشتیانەوە هەڵدەگرن، لە زستاندا ئازایانە ڕووبەرووی سەرما و باران دەبارن، بە برینێکەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە کە نابینرێت.
ئازاری ژنانی جوتیاری تونس بە ماندوێتی جەستەیی و بەکارهێنانی ئابووری کۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ شتێکی قووڵتر و فێڵبازتر، ئازاردانی سێکسی، کە وەک گەورەترین بەربەست دەمێنێتەوە لەبەردەم کەرامەتی ئەو ژنانەی کە لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن.
کرێی کەم بۆ تەندروستی وێران
سەمەر حاجی، کرێکاری کێڵگە لە ناوچەشاری ڕقابە سەر بە پارێزگای سیدی بوزید وتی: کاری کشتوکاڵی هەر لە یەکەم ساتەکانەوە قورسە، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، دروێنەکردنی سەوزەواتەکانی وەک تەماتە و بیبەر کەمتر ماندووکەرن لە کارکردن لە کێڵگەکانی شوتی، کە ژنان بارگرانییەکی قورسیان لەسەرە، هەروەها موچەی ڕۆژانە لە ١٥ بۆ ٢٠ دینار زیاتر نابێت، لە کاتێکدا پیاوێک بۆ هەمان کار ٤٠ دینار وەردەگرێت، زۆرجار پیاو لە سێبەردا وەستاوە لە کاتێکدا ژنەکە قورسایی ئەو کارە سەختە هەڵدەگرێت، جگەلەوەش ژنەلانی کرێکار لە کەمی حەقدەستەکانیانەوە پارەی دەرمان و چارەسەر دەدەن، بەو پێیەی بەشێکی زۆریان بەهۆی بەرکەوتنی بەردەوام بە قڕکەر و بارودۆخی سەختەوە تووشی نەخۆشی دەبن، لە کاتێکدا هیچ داپۆشینی تەندروستی و قەرەبوویەک وەرناگرن.
ئازاردانی سێکسی: ڕووخساری شاراوەی کەرتی کشتوکاڵی
سەمەر حاجی دووپاتی کردەوە، کە ئازاردانی سێکسی یەکێکە لە کێشە ئازاربەخشەکانی بەردەم ژنان لە ناوچە گوندنشین و ناوخۆییەکان، وتی: هەندێک لە جولوتیاران تەنها وەک کاڵایەکی زیادە سەیری ئەو کرێکارە ژنە دەکەن کە "دەبێت لەگەڵ دروێنەکردنەکەدا بکڕدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کێشەکە تەنها لە جوتیاراندا سنووردار نییە، بەڵکو ئەو بازرگان و کرێکارانە دەگرێتەوە کە موچەی زیاتر وەردەگرن، وتی: ئەو کرێکارە ژنانەی کە هەراسانکردن ڕەتدەکەنەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یان لە موچەکانیان بێبەش دەکرێن، لەکاتێکدا ئەوانەی پابەندن بە پێشینەکانەوە مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەو دۆسیەی ژنێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە تەمەنی لە ١٣ یان ١٤ ساڵ زیاتر نەبووە، کە ڕەتیکردەوە گوێڕایەڵی سەرپەرشتیارێک بێت و بێ بەزەییانە لە کارەکەی دوورخرایەوە، وتی: هەندێک لە دایکان چاویان لەم کارانە کوێرە و ژنانی گەنج بە تەنها جێدەهێڵن و ڕووبەڕووی ئازاردان دەبنەوە.
ڕوونیکردەوە، کە هەراسانکردن تەنها لە یەک گروپدا سنووردار نییە، بەڵکو لە بەڕێوەبەری گواستنەوە و بازرگان و تەنانەت خودی جوتیارەکەشەوە دەستپێدەکات، هەرچەندە جوتیارەکە کەمترین ئەگەری بەشداریکردنی هەی، وتی: بە ڕاستی نازانم چۆن پێناسەیان بکەم، ئەوان خراپ مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی ژن دەکەن.
بانگەوازێک بۆ چارەسەرێک
سەمەر حاجی لە کۆتایی قسەکانیدا، بە داوایەکی پڕ لە هەم هیوا و هەم لە تاڵیی کۆتایی پێدەهێنێت و وتی: هیوادارین چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، دەوڵەت دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی لە ئەستۆ بگرێت، گەروەها کەرتی کشتوکاڵ تاکە کەرتی کشتوکاڵ بووە کە لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩دا بەردەوام بووە لە کارکردن و ئەو ژنانەی لەم کەرتەدا کاردەکەن لە هاوین و زستاندا، لە ژێر خۆر و باراندا بەردەوامن لە زەحمەتکێشان، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش بێبەشن لە سەرەتاییترین مافەکانی تەندروستی، پارێزراوی، کەرامەت.
بەگشتی چیرۆکی سەمەر حاجی تەنها چیرۆکی تاکێک نییە، بەڵکو دەنگی هەزاران ژنە لە سیدی بوزید و ناوچەکانی ناوخۆ، داوای مافی خۆیان دەکەن بۆ کاری شایستە، پاراستن لە هەراسانکردن، ڕووماڵکردنی تەندروستی، داننان بە هەوڵەکانیان کە زەوی دەچێنن و ژیان لە هەموو ماڵێکدا دەچێنن.