دوو خوشکی ئەرمەنی لە دژی قڕکردن بەرگری دەکەن

ئەنگێرا ئانۆس و لوسین هاگۆبییان دوو خوشکی ئەرمەنین و ئەندامی سوپای ئەرمەنییەکانن لە نوبار ئۆزانیان، ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکانی قڕکردن لە عوسمانیەکانەوە تا دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە و دەڵێن: ئێمە لە هەر شوێنێک ئامادەین ژن و خەڵکەکەمان بپارێزین.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە ساڵی ١٩١٥، ئەرمەنەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی عوسمانی بوونەوە، خەڵکی ئەرمەن کە خۆیان لە دژی قڕکردنەکان بونیاد ناوە، بەردەوامن لە خەبات بۆ پاراستنی گەل و کولتوور و ناسنامەی خۆیان.

 

سوپای ئەرمەنی شەهید نوبار ئۆزانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر بنەمای پاراستنی خەڵک، کولتوور، مێژوو، بوون و ناسنامەی خەڵکی ئەرمەنستان دامەزراوە. دوو خوشکی ئەرمەنی کە بەشدارییان لە سوپاکەدا کردووە قسەیان بۆ کردین.

 

"عوسمانیەکان دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر ژنان"

ئەنگێرا ئانوش لەبارەی ئەوەی داپیر و باپیریان لەبارەی قڕکردنەکەوە قسەیان بۆ کردوون، وتی: داپیرم هەمیشە دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە قسەی لەگەڵ دەکردین، ٢٤ی نیسانی ١٩١٥-١٩١٦ لەبیرناکرێت، ئێسکەکانی مردووەکانمان فڕێدرانە سەر شەقامەکان. ڕۆشنبیران و خوێندکاران و خوێنەرانمان لە سێدارە دران و کوژران، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچووان کۆمەڵکوژکران و سەدان هەزار ژن بێسەروشوێن بوون و بەشێکی زۆریان بوون بە کورد و عەرەب و تورک، ئەو ژنانەی کە تینوویان بوو دەیانبردنە بەردەم ڕووبارەکان دەیانکوشتن و خوێنیان لەگەڵ ئاودا دەبوو بەیەک، عوسمانیەکان دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر ژنان و نیشانەیەکیان لەسەر دەستی ئەو ژنانە دادەنا کە دەستدرێژیان کرابووە سەر بۆ ئەوەی دووبارە بیانفرۆشنەوە، بەڵام بە پارەیەکی هەرزان و ئەم نیشانەیە بۆ چەندین ساڵ مایەوە، ئەم ژانە لەبیر ناکرێت، ژنانی زانا و ڕۆشنبیریان کوشت، لە باکووری کوردستانەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب، ئەرمەنییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، سەرەرای تێپەڕبوونی سەدەیەک، کۆمەڵکوژی لەژێر ناوی دیکە لەسەر هەمان جوگرافیا لەسەر زۆرێک لە نەتەوەکان بەردەوامە.

 

"ناتوانن ئەم کۆمەڵکوژییە بشارنەوە"

ئەنگێرا ئانوش ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بوونی خۆی لەسەر لەناوبردنی نەتەوەکانی دیکە بونیادنا و وتی: لەبەرئەوەی خەڵکی ئەرمەنی و ڕۆمانی پێشکەوتوو، زانا و ڕۆشنبیر بوون کۆمەڵکوژ کران، لەو کاتەدا عوسمانییەکان وتیان؛ ئەگەر خەڵکی ئەرمەنی و ڕۆمانی بەردەوام بن، تورکەکان دەشاردرێنەوە، ئەوان زۆر ڕەگەزپەرست و نەتەوەپەرستن و جگە لە یەک ئاڵا و زمان و ئایین قبوڵی هیچ شتێکی تر ناکەن، کاتێک کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، هیچ هێزێکی بەهێز نەبوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە، بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە، لەگەڵ قڕکردنی سەدەی بیستەم، مێژوویەکی زۆر شاردرایەوە، لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمووز، وەک ژنێک بە ناسنامەی ئەرمەنییەکەم خۆم ناساند، ئێمە بە شێوەیەکی گشتی بەرگری لە ژنان و ژنانی ئەرمەنی دەکەین، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن کە ئەرمەنییەکان هێشتا ماون و بەردەوام دەبن، گرنگ نییە نەوەی عوسمانی دەوڵەتی تورکیا چی دەکەن، ناتوانن ئەم کۆمەڵکوژییە بشارنەوە، دەبێت ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بزانن.

 

"با لە دەوری چیرۆک و ناسنامەی خۆمان ببینە بازنەیەک"

ئەنگێرا ئانوش داوای لە ئەرمەنییەکان کرد خۆیان بەهێز بکەن لە دژی قڕکردنە هاوچەرخەکان و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک ژنان، پێویستە ئێمە بەرەو ئازادی بڕۆین و خۆمان ڕێکبخەین و هێزی ناوخۆیی خۆمان بخەینە خزمەتی خەڵک و مەبەستەکەمانەوە، نەک هەر ژنان ڕێکخراون، بەڵکو تەواوکەری یەکترن، ئێستا ئێمە شوێنی خۆمان لە سوپای شەهید نوبار ئۆزانیان گرتووە، دەبینە بەربەستی هەر هێرشێک کە دەمانکاتە ئامانج، پارێزەری مێژوو و ناسنامەی خۆمانین و لە هەر شوێنێک گوێمان لێبێت ئەرمەنییەکان هەن، دەچینە ئەوێ بۆ ئەوەی بیانناسین و دووبارە ڕێکیان بخەینەوە، با مێژوومان پێکەوە زیندوو بکەینەوە، خەڵکەکەمان بپارێزین و کولتوورەکەمان نوێ بکەینەوە.

 

دوو جوو یەک بیرکردنەوە و خەبات بۆ هەموو ژنانی جیهان

لوسین هاگوبیان ئامانجی خۆی ڕوونکردەوە و وتی: ئامانجی من لە بەشداریکردنی سوپاکەدا ئەوەیە کە ڕۆڵ و ئەرکێکم هەبێت، وەک ژنێک لە ماڵەوە و کۆمەڵگەدا، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکرێت، پێویستە ژنان بیر بکەنەوە، قسە بکەن، خۆیان دەرببڕن و متمانە بە هێزی خۆیان بکەن بەبێ ترس، ئارەزووی بەشداریکردنم لە هێزە سەربازییەکان زۆر بوو، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنمەوە قبوڵ نەکرام، گەورەیی ژنی کورد کاریگەری لەسەر کەسایەتی من هەبوو، لە کارە کولتوورییەکاندا، بەشداریم لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-سۆتۆرۆ کرد، پاشان هاتم بۆ سوپا، ڕۆژ بە ڕۆژ، خەونمان، هیوا و ئارەزووەکانمان گەشەیان دەکرد، کاتێک ئەمڕۆ تێدەکۆشین، ئەوە تەنها بۆ ژنانی ئەرمەنی نییە، بەڵکو ئامانج و هیوای ئێمەیە بۆ هەموو ژنانی جیهان.

 

لوسین هاگۆبیان وتیشی: خێزانەکەمان نیشتمانپەروەر و کراوەن، بەڵام ئێمە هێشتا لە دژی هۆشیاری ئەوان شەڕمان کرد تا ئەو ئاستە، ئەوە لە کۆمەڵگەدا جێگیر ببوو کە ژنان هیچ شتێک بۆ کۆمەڵگە ناکەن، تەنها هاوسەرگیری، بەڵام ئێمە ئەم چارەنووسە بۆ خۆمان قبوڵ ناکەین، لەگەڵ خەباتی ئێمەدا، ژیانێکی نوێمان دروستکرد، شایانی باسە کە کاتێک شۆڕش دەستیپێکرد، دایکم و باوکم لە هێڵەکانی پێشەوە و لە ڕیزەکانی خەباتدا بوون.

 

"من ئاواتی دایکم بەدیدەهێنم کە خواستی بووە ببێتە گەریلا"

لوسین هاگۆبییان ئاماژەی بەوەکرد خەونی دایکی بەدی دەهێنێت و وتی: کاتێک منداڵ بووم، دایکم هەمیشە دەیوت، کاتێک گەنج بووم، دەمویست ببم بە گەریلایەکی ژن، لە چیاکان شەڕ بکەم و ببم بە ژنێکی ئازاد، بەڵام لەو کاتەدا هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ بەدیهێنانی خەونەکەم، ئێستا کاتێک دەڵێم لە داهاتوودا دەبم بە گەریلا و مافەکانی هەموو گەلان بەدەستدەهێنم، دایکم زۆر شانازی دەکات، هەروەها ئاواتی دایکم بۆ داهاتوو بەدیدەهێنم، هێز و ویستی خۆم لە دایکم وەردەگرم، تێدەکۆشم بۆ گۆڕینی هۆشیاری هەموو کۆمەڵگە، تا ئەو کاتەی هەموو ژنانی کۆیلە ئازاد دەکرێن.