گەلی کورد جەژن وەک سیمبولی پێکەوەژیان پیرۆز دەکات

لە کۆندا پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی لە نێو یەکدا زۆربوون، بەتایبەت لە جەژنەکاندا هاوڵاتیان سەردانی یەکتریان دەکرد و پێکەوەژیانیان زیندوو دەکردەوە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکان کاڵبوونەتەوە، ژنانیش داوا دەکەن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر ببن و بنبڕ نەبن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لەناو کورددا جەژن و بۆنەکان وەک هۆکارێک بۆ کۆبوونەوەی خزمان و بەسەرکردنەوە و زیندووکردنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بینراوە، لە جەژنەکانی سەری ساڵی کوردی-نەورۆز، جەژنی ڕەمەزان و قوربان، جەژنی ئاینی ئێزدی و کاکەییەکان و جەژنە مێژووی و ئاینییەکانی دیکە، خەڵک کۆبوونەوەتەوە و سەردانی یەکیان کردووە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پێکەوژیانی ئاشتیانەیان پێکەوە پەرە پێداوە.

 

لە ئێستادا بەهۆی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکانی و سەرقاڵی خەڵک بە بژێوی ژیای و کاریگەری نەرێنی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەم کردووەتەوە، لە جەژنی ڕەمەزاندا کە لەناو گەلی کورددا بۆ زیندوو کردنەوەی پەیوەندییەکان وەردەگیرێت، لە ئێستا هاوشێوەی جاران نەماوە، لە کۆندا هەمووان لە ماوەی ٣ ڕۆژی جەژندا سەردانی یەکتریان دەکرد و بە نوقڵ و شیرینی پێشوازی دەکرا، بەڵام لە ئێستا ئەمە کەم بووەتەوە و سەردانییەکانی تەنها لە چوارچێوەی کەسە نزیکەکاندا ماوەتەوە.

 

ژنانی شاری سلێمانی لەم دۆسیەیەدا باس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و داوا دەکەن جەژن تەنها بۆ خواردن نەبێت بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بێت و چیتر لە پشتی شاشەی مۆبایلەکانیانەوە پیرۆزبایی لەیەکتر نەکەن.

 

"گرنگە سەردانییەکان تەنها لە جەژندا نەبێت"

کوێستان عارف، باس لە جەژن دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "جەژنی ڕەمەزان جەژنێکی موسڵمانانە و تیایدا سەردانی یەکتر دەکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پتەوتر دەکەن، منداڵان دەچنە لای یەکتر و یاری دەکەن"، بەلایەوە گرنگە تەواوی گەلی کورد لەم جەژنەدا سەردانی یەکتر بکەن، تەنانەت ئەو کەسانەی قسەشیان لەگەڵ یەکتردا نییە بچنە سەردانی یەکتر.

 

کوێستان داوا لە هاوڵاتیان دەکات، تەنها سەردانیەکان بۆ جەژن نەبێت، بەڵکو لە پاش جەژنیش ئەو کولتوورە بە زیندووی بمێنێتەوە، دەڵێت: "ئێستا وەک جاران نەماوە، هاوڵاتیان ڕەحمیان لەسەر یەکتر نەماوە، سەردانییەکان کەمتر بوونەتەوە و تەنانەت لە جەژنیشدا سەردانییەکان کەمبوونەتەوە"، داوا دەکات تەواوی هاوڵاتیان سەردانی یەکتر بکەن تەنانەت ئەگەر یەکێک نەشچوو بۆ ماڵەکەت تۆ بچۆ لەپێناو پتەوکردنی پێکەوە ژیانیدا.

 

"جەژن تەنها بۆ خواردن نییە بەڵکو بۆ زیندوو کردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە"

هەڵاڵە مەجید، دەربارەی جەژن و مانای ڕاستەقینەی سەردانییەکانی جەژن ئاماژەی بەوەدا، لە پاش ٣٠ ڕۆژ لە بەڕۆژوو بوون گرنگە جەژنێک هەبێت بۆ بەسەرکردنەوەی یەکتر، پێویستە جەژن بکەینە هۆکارێک بۆ پێکەوەژیانی و ئەنجامدانی گەردن ئازادی لەیەکتر، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە یەکتریان نەبینیوە پێویستە بچن و سەردانی یەکتر بکەن.

 

هەڵاڵە هەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کار ئاسانی دەزانێت، بەڵام پێی باشە بەکارنەهێنرێت بۆ پیرۆزبایی کردن، بەڵکو هاوڵاتیان بچن و سەردانی یەکتر بکەن، تەنها لە ڕێی نامەیەکە پەیوەندییەکانیان درێژە پێنەدەن، بە سەردانیکردن خۆشەویستی نێوانیان زیاد بکەن، وتیشی: گەلی کورد هەمیشە گرنگی بە پێکەوە ژیانی داوە، بۆیە نابێت تەنها جەژن بۆ خواردن و کۆمەڵێک شت ببینین، بەڵکو دەبێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان توندوتۆڵ بکەینەوە و سەردانی یەکتر بکەین.

 

"قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاڵ کردووەتەوە"

ناسک مستەفا، باسی لەوەکرد جەژنی ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کاڵ بووەتەوە و هاتووچۆ نەماوە، خەڵک ڕەحمی لەسەر یەکتر نەماوە، ساڵانی ڕابدروو پەیوەندییەکان تۆکمە بوون بە جۆرێک بە پەلە نان دەخورا و میوان دەهات، بەڵام ئێستا چەند ڕۆژێک جەژنە بەڵام کەس سەردانی یەکتر ناکات.

 

ناسک دەڵێت: هەبوونی کێشە و قەیرانەکان وایانکردووە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش کەم ببێتەوە، چونکە هێندەی خەیاڵیان لای نەبوونی و خراپی دۆخی ژیانیانە هێندە بیریان لای پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان نییە، هەرچەندە کێشە و گرفتەکان زیاد بێت، نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی پەیوەندییەکان، بەڵکو هەمیشە هەوڵی بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی بدەن.

 

شەنە جەلال، بەهەمان شێوە پێیوایە پەیوەندییەکان کاڵ بووەتەوە لە نێوان هاوڵاتیاندا و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەمانی خۆشەویستی لە نێوان یەکتردا، دەڵێت: سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و کێشانەی کە هەن، پێویستە ئێمە پەیوەندیمان باش بێت و ببینە گەلێکی یەکگرتوو لە نێو یەکدا.