لە مانگی ئەیلوولدا ٥ ژن کوژراون و دوو حاڵەتی هەڕەشەش تۆمار کراوە

هەرچەندە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان دەکرێت، بەڵام هێشتا ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەرزن و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونن.

ناوەندی هەواڵ

 

مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیش بێ کوشتنی ژن و توندوتیژی بۆسەر ژنان تێنەپەڕی، بەهەمان شێوەی مانگەکانی دیکە لە مانگی ئەیلوولیشدا ژمارەیک ژن توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون و گیان لەدەستدانی هەندێکیشیان بە گوماناوی ماوەتەوە، چونکە ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری چەندین ساڵەی کۆمەڵگە، هێشتا لەناو کۆمەڵگەدا دەستباڵایە و بووەتە فشار بۆ سەر ژنان.

 

تەنها لە مانگی ئەیلوولدا ٥ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، هەروەها دوو حاڵەتی هەڕەشە هەبووە بۆ سەر ژنان، ئەم ژمارەیە ئەوانەن کە ئاشکرا دەکرێن و ئاژانسی نوژنها کۆی کردووەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە حاڵەتەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکرێن و دەیان کوشتنی دیکەی ژنان بە بێدەنگی و لە تاریکیدا دەمێنێتەوە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و وەزارەتی ڕۆشنبیریش تا ئێستا لەسەر بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ژنان کۆکن و هیچ ئامارێک ناخرێتەڕوو.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی ئاژانسی نوژنها کۆی کردووەتەوە، ڕووداوەکان بەمشێوەیەیە؛

گەرمیان

بەرواری ٨ی ئەیلوول، لە کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان ژنێکی تەمەن ۲۲ ساڵ بەناوی (خ. ق) بە خنکان گیانی لەدەستدا، ژنەکە دانیشتووی ناحیەی رزگاری سەر بەقەزای کەلارە و لەدایکبووی ۲۰۰۱ـە و لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و مناڵێکی هەیە.

 

بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، خۆی خنکاندووە و لەسەر ڕووداوەکەش هیچ کەس دەستگیر نەکراوە.
 

سلێمانی

لە بەرواری ١٤ی ئەیلوول، ژنێکی گەنج تەمەن (١٥ بۆ ٢٠) ساڵ لەسەر پردی پەڕینەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. 

 

سۆران

لە بەرواری ١٦ی ئەیلوول، لە ناحیەی خەلیفان سەر بە ئیدارەی سۆران کچێکی ١٣ ساڵ بەناوی (یوسرا غەفار) بە خنکان گیانی لەدەستدا، بە پێی زانیارییەکان تەرمی کچەکە لەنێو ماڵەکەیان بە خنکاوی دۆزراوەتەوە.

 

هەولێر

لە بەرواری ٢٥ی ئەیلوولدا، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر سكاڵای ژنێک کەسێکیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو ژنە دەستگیر کردووە.

 

کەسەکە سەرپەرشتی گروپەکانی تێلیگرامی کردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو ژنەی کردووە، ئەو کەسەی دەستگیر کراوە زیاتر لە ١٨٠ ڤیدیۆی ژنانی لابووە و لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان داوای پارەی لەو ژنانە کردووە.

 

هەولێر

لە بەرواری ٢٦ی ئەیلوول، لە گوندی پیرداودی نزیک هەولێر ژنێکى تەمەن ٣٥ ساڵ کوژراوە، بەپێی وتەی کەسوکارەکەی هاوژینەکەی ئەنجامدەری تاوانەکەیە، بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە دایکی ٥ منداڵە.

 

ڕاپەڕین

لە بەرواری ٢٦ی ئەیلوول، لە قەڵادزێ تۆمەتبارێک کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنان کردووە دەستگیر کرا، تۆمەتبار دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەوتەی خۆی لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە هەڕەشەی لەو ژنە کردووە ئەگەر پارەکەی پێنەدات، ئەوا وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاو دەکاتەوە. 

 

گەرمیان

لە بەرواری ٢٧ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی کەلار ژنێک کە پێشتر سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

ژنەکە تەمەنی ٤٠ ساڵە و ناوی (ن.غ.م) دانیشتووی گەڕەکی سیروانە، بەشێوەیەکی گوماناوی سووتا و لەپاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەوە گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر کراوە و هاندراوە بۆ خۆسووتاندن.

 

لە دوو حاڵەتی جیاوازدا گیان لەدەستدانی ژنان تۆمار کراوە؛

خانەقین

بەرواری ٣ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی سەعدییەی سەر بە خانەقین بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە دایکێک و سێ منداڵەکەی سووتان و گیانیان لەدەستدا.

 

هەولێر

بەرواری ٥ی ئەیلوول، ژنێکی دووگیان کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون، بەهۆی بچڕانی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ژنێکە ناوی عائیشە عەبدۆ، تەمەن ٣٥ ساڵ، بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون ڕوو لە نەخۆشخانەیەکی ناحکومی شارەکە کردووە، بە‌ڵام بەهۆی پچڕانی تەزووی کارەباوە، گیان لەدەستدەدات، خێزانەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و ماوەی ٥ ساڵە لە باشووری کوردستان دەژین.