پزیشکێکی ئاژەڵان: بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ خۆشی نییە بەڵکو بەرپرسیارێتییە

خواستی ئاژەڵ بەخێوکردن بۆ هەندێک ئاژەڵ دۆستییە و بۆ هەندێکی دیکە تەنها بۆ خۆشییە، کە گرفت بۆ ئاژەڵەکە دروست دەکات، پزیشکێکیش لە ڕێگەی کلینکەکەیەوە هەوڵی هۆشیاری و چارەسەرکردنی ئاژەڵەکان دەدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تابلۆ گەنجێکی چالاکە و دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی هەوڵدەدات لە بوارەکەی خۆیدا کار بکات، وەک پزیشکێک هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کەسانی خاوەن ئاژەڵ و هاوڵاتیان دەدات بۆ ئازار نەدانی ئاژەڵە بێ لانەکان.

 

"خولیام نەبوو بەرکەوتنم هەبێت لەگەڵ ئاژەڵ، بەڵام ئێستا بێ ئەوان ناتوانم کار بکەم"

پزیشک تابلۆ حەسەن، پزیشکی ڤێتێرنەری و خاوەنی کلینکی کاپتن دۆگ لە شاری سلێمانی، ئەم پزیشکە لە ساڵی ٢٠١٥وە بڕوانامەی لە کۆلێژی پزیشکی بەشی ڤێتێرنەری بەدەستهێناوە، لە پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ کلینکێکی بچوکی دامەزراندووە دواتر بە کارەکانیان،  هەوڵی گەورەکردنی شوێنەکەیان داوە و ماوەی شەش مانگە کلینکی کاپتن دۆگیان کردووەتەوە.

 

تابلۆ ئاماژەی بەوەدا وەک خودی خۆی بەر لەوەی بچێتە بەشی ڤێتێرنەری خولیای بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا نەبووە، بەڵام لە قۆناغی دوازدەی ئامادەییدا بە هۆی بەدەستهێنانی نمرەکەیەوە چووەتە ئەو بەشە، وتی "سەرەتا قورس بوو بۆم کە بەرکەوتنم هەبێت لەگەڵ ئاژەڵەکاندا، بەڵام دواتر وردە وردە ڕاهاتم و لە ئێستادا زۆر ئاسودەم بە کارکردن لەگەڵیاندا".

 

"ئامادەییمان تێدایە جگە لەو ئاژەڵانەی خاوەنیان هەیە ئاژەڵی بێ لانەش چارەسەر بکەین"

یەکێک لە پاڵپشتییەکانی تابلۆ بۆ دەستکردن بە کاری پزیشی ڤێتێرنەری هاوژینەکەی بووە، بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئاژەڵی ماڵی بووە و وایکردووە تابلۆ دەستبکاتەوە بە پیشەکەی خۆی، ئەمەش وایکرد کلینکێکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە، وە لەم کلینکەدا جگە لەوەی هەموو جۆرە ئاژەڵێک لە کلینکەکەدا چارەسەر دەکەن، یاخود دەچنە لای ئاژەڵە گەورەکان کە لە دەرەوەن و ناتوانرێت بهێنرێتە کلینک، هەموو ئاژەڵێکی بێلانەی دەرەوە بە بێ بەرامبەر چارەسەر دەکەن، دەشڵێت: ڕووداوەکان و نەخۆشی بۆ ئاژەڵە بێلانەکان زۆرن، بۆیە ناتوانین بچینە دەرەوە چونکە ئەنداممان کەمە، بەڵام هەر کەسێک بیانهێنێت بۆلامان ئێمە ئامادەین چارەسەری بکەین.

 

"نەزانین لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبێتە گرفت بۆ ئاژەڵەکە و خاوەنەکەشی"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد هەموو ئەو ئاژەڵانەی دەتوانرێت لە ماڵدا بەخێو بکرێت وەک 'سەگ، پشیلە و کۆکتێل و چەندینی دیکە' دەتوانرێت لە ماڵدا هەر کەس حەزی لێبێت بەخێوی بکات، بەڵام کۆمەڵێک ئاژەڵ هەن وەک شێر و سەگی پۆلیسی ئەمانە ناکرێت لە ماڵدا بەخێو بکرێت، هەروەها ڕوونیکردەوە کە هەر تاکێک حەز بە بەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، پێویستە سەرەتا سەردانی پزیشکی ڤێتێرنەری بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی لەگەڵ ماڵەکەی ئەودا دەگونجێت تا بەخێوی بکات.

 

هەندێک کات خێزانەکە تەواو سەرقاڵی کاری دەری ماڵەکانیانن ناتوانن لە ماڵدا بە پێی پێویست بمێننەوە، هەربۆیە ناکرێت ئاژەڵێک ڕابگرن کە پێویستی بە ئاگاداربوونی زۆر هەبێت، بۆیە پێویستە بە پێی دۆخی ماڵەکەیان و توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە ئاژەڵ بەخێو بکەن، بۆیە بینینی پزیشکی ڤێتێرنەری گرنگە بەر لە بەخێوکردنی ئاژەڵ چونکە لە پاش ئەوەی بە نەزانین ئاژەڵ بەخێو بکەی، تووشی چەندین گرفت دەبیتەوە هەم خۆت هەم ئاژەڵەکەش.

 

"ئاژەڵ ڕوحێکە و دەبێت مرۆڤ تەواو بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی هەڵبگرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەخێوکردنی ئاژەڵ بەرپرسیارێتییەکی یەکجار قورسە و پێویستە ئەو کەسەی بڕیاری بەخێوکردنی دەدات هەموو جۆرە بەرپرسیارێتیەکی لە ئەستۆ بگرێت، نەک تەنها دابینکردنی پێداویستی بەڵکو لایەنی دەروونی ئاژەڵەکەش گرنگە، تەنها نابێت ئاژەڵ بۆ خۆشی مرۆڤەکان ڕابگیرێت و بەخێو بکرێت، چونکە دواجار ئەو بێ زمانە و لە مرۆڤێک زیاتر پێویستی بە ئاگاداربوونە.

 

دەربارەی ئەو بیرکردنەوەیەی کە ناکرێت و نابێت هیچ جۆرە ئاژەڵێک لە ماڵدا بەخێو بکرێت و پێویستە لەناو سروشتدا بێت پزیشک تابلۆ ڕوونیکردەوە هەندێک جۆری ئاژەڵ هەن ناکرێت و نابێت لە دەرەوەی ماڵ و بەبێ مرۆڤ بژین، لە کاتێکدا هەندێک لە ئاژەڵەکان دەکرێت لە ناو سروشتدا بژین، چونکە ئەو ئاژەڵە ماڵیانەی لە ئێستادا هاوڵاتیان بەخێویان دەکەن، ئاژەڵی دەرەوەی وڵاتن و ناتوانن لە سروشتی ئێرەدا بژین، توشی چەندین کێشە و گرفت دەبن.

 

"چارەسەرییەکان لای ئێمە جیاوازن، ناشبێت مرۆڤ هێندە سڵ لە ئاژەڵ بکاتەوە"

لە کلینکی کاپتن دۆگ هەموو جۆرە چارەسەرییەک بۆ ئاژەڵەکان دابین دەکرێت وەک 'ڤاکسین، نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی نەخۆشییە جیاوازەکانیان' جگە لەوەش هەموو ئەو پێداویستیانە هەن کە بۆ ئاژەڵێکی ماڵی پێویستە، لە کلینکەکەیان هەموو جۆرە چارەسەرییەک دابین دەکەن بۆ ئەو ئاژەڵانەی گەورەن و لەناو کێڵگەکاندان یاخود ژمارەیان زۆرە خۆیان سەردانی دەکەن.

 

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی هەن دەربارەی خراپی مووی ئاژەڵان بۆ ژنانی دووگیان بەتایبەت مووی پشیلە، پزیشک تابلۆ وتی: ئەم قسانە هیچی زانستی نین و دوورن لە ڕاستییەوە، بەڵکو ئەوە پەیوەندی هەیە بە هەستیاری کەسەکانەوە، خەڵک هەیە لە گڵی ڕووەکەوە تووشی هەمان ئەو نەخۆشیانە دەبن کە لە ئاژەڵەوە بۆیان دەگوازرێتەوە، یاخود هەندێک کەس هەن دەڵێن ئەوەندە مووی پشیلەکەمان دەوەرێت نان و موو دەخۆین، بەڵام تووشی هیچ نەخۆشییەک نەبوون.

 

"هەندێک کات خاوەنی ئاژەڵە ماڵییەکان هۆکارن بۆ نەخۆشکەوتنی ئاژەڵەکان"

ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد هەندێک کات هۆکاری نەخۆشکەوتنی ئاژەڵە ماڵییەکان خاوەنەکانیانن، هەندێک ڕێنماییان دەکرێت دەربارەی ئاژەڵەکان بەڵام جێبەجێی ناکەن، بۆ نمونە پێیان دەوترێت لە کاتی گونجاودا بیانشۆن یاخود بیبەرە دەرەوە، بەڵام بە دڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ نەخۆشکەوتنی، دەڵێت: بۆیە ئێمە هەمیشە لە ڕێی ئەکاونتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بەردەوام هۆشیاری و ڕێنمایی تەواو بڵاو دەکەینەوە.

پەیامی پزیشک تابلۆ بۆ تەواوی گەنجان ئەوەیە، هیچ کات نەوەستن لەو کارەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، هەمیشە هەوڵ بدەن ئەگەر لە بواری خۆیاندا بێت یاخود نا گرنگ نەوەستن، چونکە هەموو کەسێک توانای بەرەوپێشچوونی خۆی هەیە، ئەگەر کەسێکیش نەبێت دەستی بگرێت و هەلی بۆ بڕەخسێنێت.