کەریمە ئەلحەمری، یەکەم مارشاڵی فڕۆکە لە لیبیا

سەرەڕای پەراوێزخستنی ژنان لە لیبیا، ژنان توانیویانە بەشداری لە پیشە و کارێکدا بکەن کە تایبەت کراوە بە پیاوان، بەمەش بەها و سەرکەوتنی خۆیان لەو بوارەدا سەلماندووە.

ئیبتیسام ئەغفیر

 

بنغازی- کەریمە ئەلحەمری، یەکەم مارشاڵی فڕۆکە لە لیبیا، و توانا و لێهاتوویی خۆی لەم بوارەدا سەلماندووە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە کۆمەڵگە بەشداری ژنانی لە زۆرێک لە کارەکاندا قەدەغەکردووە بەبیانووی ئەوەی لەگەڵ پێکهاتەی فیزیکییاندا گونجاو نییە.

 

کەریمە بە دەست ئاماژەکانی ڕێنمایی بۆ کاپتنی فڕۆکەکە دەکاتە تا بزوێنەرەکانی فڕۆکەکە لەسەر زەوی دەدەن، بەرپرسیار دەبێت لێی و ڕێنمایی دەکات هەتا فڕۆکەکە بە سەلامەتی دەوەستێت.

 

لە چەندین بەشی فڕۆکەخانە کاری کردووە

کەریمە ئەلحەمری وتی: لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بێنینا کار دەکەم، لەو ماوەیەدا لە چەند بوارێکدا کارم کردووە، سەرەتا لەگەڵ کارمەندێکی فڕۆکەوە دەستم پێکردووە، دواتر چوومە بەشی ئەرشیف، پاشان بۆ بەشی تایم شیت، پاشان بۆ یەکەی بلیت و دواتر بۆ بەشی کارپێکردن و سەلامەتی، کە ئەرکی من ئەوە بوو کە هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بێنینا بژمێرم تا ئەو کاتەی گەیشتم بە بەشی ڕێنمایی زەوی.

 

"ژنان ئیرادەیان هەبێت، دەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن"

لەبارەی حەزی خۆی بۆ ئەم ئەرکە، وتی: زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر ئارەزوویەکی بەهێزم هەبوو بۆ چوونە ناو ئەم بوارە، بەڵام ڕەخنەیەکی زۆر هەبوو لەلایەن کۆمەڵگەوە چونکە من ژنم و ئەم کارە تەنها بۆ پیاوانە، هەرچەندە هیچ یاسایەک نییە کە ڕێگری لە ژنان بکات لە بەشداریکردن لەم بوارەدا، بەهۆی سووربوونم توانیم ڕووبەڕووی هەموو ئەم ڕەخنەیە ببمەوە، بەو پەروەردە چڕانەی وەرمگرتووە، توانیم بەهاو توانای خۆم بسەلمێنم، کاتێک ژنان ئیرادەیان هەبێت، دەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن و کەسایەتی خۆیان بسەپێنن.

 

"وەستاندنی فڕۆکەکە بە سەلامەتی دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتی منەوە"

وتیشی: وەستاندنی فڕۆکەکە بە سەلامەتی دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتی منەوە کاتێک تاوەرەکە ئاگادارم دەکاتەوە کە بزوێنەرەکانی گەیشتوون بە زەوی ،واتە نیشتەوە، بۆیە فەرمان بە کاپتن دەکەم بە پێدانی ئاماژەیەک بۆ وەستان لەو شوێنەی کە بۆی دیاریکراوە، ئەم نیشانانە زۆر گرنگن، بۆیە پێویستە بە وردی جێبەجێ بکرێن، چونکە تەنانەت لە حاڵەتی فریاکەوتندا ئێمە بەکاریان دەهێنین، کاتێک یەکێک لە بزوێنەرەکانی فڕۆکەکە ئاگردەگرێت، من ئاماژەیەک دەدەم بۆ ئاگادارکردنەوەی کاپتن بۆ ئەوەی کارێک بکات و لە کارەسات دووربکەوێتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا کەریمە ئەلحەمری ئاماژەی بەوەدا نایەوێت لە کارەکەیدا بەرزببێتەوە و پۆستێکی دیکە وەربگرێت، بەڵام هەوڵدەدات خۆی لەم بوارەدا گەشە پێبدات بە ئەنجامدانی کۆرسی زانستی، وتیشی: سەرەڕای ئەو پشتیوانییەی لەلایەن خێزانەکەمەوە وەرمگرتووە، ناڕەزایەتی هەیە بەرامبەر بە کارەکانم وەک ژنێک، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ڕێگەپێدراو نییە بۆم وەک مارشاڵ کار بکەم و ئەم کارە بەتەنها بەهی پیاوان دەزانن، بەڵام توانیم بەسەر ئەم قسانەدا زاڵ بم و توانای خۆم لەم بوارەدا بسەلمێنم.