تورکیا بە چ مافێک ژنانی عەفرین تاوانبار دەکات و سزایان دەدات؟

ژنانی ئاوارەی شاری عەفرینی داگیرکراو پرسیاری ئەوە دەکەن کێ مافی ئەوەی بە تورکیا داوە کە سزای نامرۆڤانەی خۆی بەسەر ژناندا بسەپێنێت لەو ناوچانەی کە داگیری دەکات؟ هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن تاوانباران بەرپرسیار بکات.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نەک هەر دیمۆگرافیای شاری عەفرینی گۆڕی کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە لەژێر کۆنترۆڵیدایە، بەڵکو لە ١٠ی کانوونی دووەمدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ژندا سەپاندو ٨ ژنی دیکەشی بۆ ماوەی ٧ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کرد.

 

لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکارییەکان و کردارەکانی داگیرکاری تورکیا دژی خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانبار دەکەن، کە چاوی لەبەرامبەر تاوانەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داخستووە، دوایینیان دەرکردنی سزای هەڕەمەکی دژی ١٠ ژن بوو.

 

"ژنان لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبنەوە"

لەتیفە حەسەن، یەکێک لە ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی تورکیا لە دژی خەڵکی عەفرینی داگیرکراو، بەتایبەتی ژنان، بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە ئەنجامی داوە، لە ژماردن نایەن، وتیشی: ئەو ١٠ ژنەی کە لەلایەن دادگای تورکیاوە سزا دراون هیچ گوناهێکیان نەکردووە جگە لەوەی کە ڕەتیان کردەوە خاکەکەیان بەجێبهێڵن، ئەو ژنانەی لە زیندانەکاندا دەستگیرکراون ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و پێشێلکارییەک دەبنەوە لەلایەن تورکی داگیرکەرو چەتەکانیەوە، تورکیا کێیە و بە چ مافێک عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر دەکات و سزای هەڕەمەکی خۆی بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەکدا سەپاندووە؟ ئەو ژنانەی لە عەفرین دادگایی کراون دانیشتوانی ناوچەکەن، کەواتە تورکیا بە چ مافێک ئەم سزایانەی بەسەریاندا سەپاندووە؟ چ تاوانێکیان ئەنجامداوە؟.

 

داوای فشار خستنە سەر دەولەتی تورک دەکات

لە لایەکی دیکەوە فیدان عوسمان وتی: هەموو ئەو پێشێلکاریی و کردارانەی کە لەلایەن دەولەتی تورکی داگیرکەوەو لە دژی ژنانی عەفرین ئەنجامدراون، زیاد بوون بۆ ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی دەدەن بۆ لەناوبردنی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەو خەڵکانەی کە ئارەزووی ئازادی و دیموکراسی دەکەن و داوای دادپەروەری و یەکسانی دەکەن، جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا بە تەواوی هەموو ئەو کردارانە ڕەت دەکەنەوە کە لە دژی ژنانی عەفرین ئەنجامدراون، لە کاتێکدا هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دژی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانن.

 

فیدان عوسمان داوای لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ کرد فشار بخەنە سەر دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی داگیرکاری تورکیا بەرپرسیار بکەن لە تاوانەکانی، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و خراپتر دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی بەرچاو بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە و کردارەکانی دژ بە خەڵکی عەفرین بەتایبەتی ژنان و منداڵان هەبێت.

 

زەینەب عەبدۆ، یەکێکی دیکە لە ژنانی ئاوارە وتی: ژنان دەناڵێنن و ڕووبەڕووی فشارێکی دەروونی و جەستەیی زۆر دەبنەوە بەهۆی پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا کە کاریگەری لەسەر خۆیان و خێزانەکانیان و خاکەکەیان کردووە، چونکە لە جێبەجێکردنی مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن و قەدەغەکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن یان بە ئازادی بجوڵێنەوە، لەکاتی داگیرکردانی عەفرینەوە چەندین ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر.

 

سەبارەت بە سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن لە دژی ١٠ ژن، جەختی لەوە کردەوە تورکیاو هیچ هێزێکی دیکە مافی ئەوەیان نییە سزای لە سێدارەدان یان زیندانیکردن لە دژی ئەو ژنانە دەربکەن کە هیچ تاوانێکیان نییە، دەبێت دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار دەستوەردان بکەن و کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنن کە ڕۆژانە لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە ئەنجام دەدرێن.

 

بەپێی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە عەفرینی داگیرکراو دەکەونە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگەوە و بەپێی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و چوار پەیماننامەی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩، ونبوون و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و هەروەها قەدەغەی ئازادی و داواکردنی قەرەبوو لەکاتی ناکۆکییە چەکدارییەکاندا هەموویان دەکەونە نێو تاوانی جەنگەوە، ڕاپۆرتێک کە لە ئەیلوولی ٢٠٢١  لەلایەن کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی سووریاوە بڵاوکرایەوە، بەڵگەنامەی دەستگیرکردنی ژنان دەخاتەڕوو، کە تیایدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی زایەندی و توندوتیژی بوونەتەوە، کە بووە هۆی زیانی جەستەیی و دەروونی گەورە.