ئەفغانییەکان لە دۆزەخی تاڵیباندا ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، سەختییەکان سەدان هێندە زیادیان کردووە، ژیانی خێزانە هەژارەکان و تەنانەت داهاتە مامناوەندەکان لە پلەی گەرمی ٢٠ پلە خوار سفردا بەرەو مردن هەنگاو دەنێت.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- لەگەڵ ژیانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و هەژاری و بێکاریدا، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش کێشەیەکی دیکەی ئەفغانییەکانە، هاوینی ڕابردوو ئەفغانییەکان ڕووبەڕووی کارەساتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و وشکەساڵی بوونەوە و سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و ماڵ و ژیان و ئاژەڵ و بەروبووم و دارەکانیش لەناوچوون، خەڵکی هەژار کە تاکە موڵک و ماڵی ئاژەڵ و زەوی و درەختە، لە زستانی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت دەبنەوە.

 

ڕێگاکانی پەیوەندیکردن لە زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە بۆ شارەکان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە گیراون، خێزانەکان خەڵوز و دار و هیچ کەرەستەیەکیان نییە بۆ گەرمکردنی ماڵەکانیان، ئەوەشی لەبەردەستدایە کوالێتییەکی هێندە نزمە کە پیسبوونی هەوا چەند هێندە زیاد دەکات، لە شاری کابولی پایتەخت لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی دوو کاتژمێر کارەبا هەیە، بەشێک لە خێزانەکان سیستمی وزەی خۆر بەکاردەهێنن، بەڵام ئەو سیستمەش لەکاتی بەفر و کەشوهەوای سەختدا لەکار دەوەستێت.

 

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی تاڵیبان ژیان بۆیان ئاسانە و لە باشترین خانووەکاندا دەژین و هەموو پێداویستییەکیان لەبەردەستدایە و وەک ملیۆنان ئەفغانی هەست بە نەهامەتی ناکەن، ئەمریکا هەفتانە ٤٠ ملیۆن دۆلار دەداتە سەرکردەکانی تاڵیبان. میلیشیاکانی تاڵیبان داهاتی ڕۆژانەی کۆڵبەران، دوکاندارەکان دەسەنن و دابەشی دەکەن، بە مافێکی ڕەوای خۆشیانی دەزانن.

 

زەهرا عەبدوڵا، خەڵکی کابولە و باس لەوەدەکات کە هاوژینەکەی بۆیاخچییە و زستان ناتوانێت کارێک بدۆزێتەوە، "هاوینیش کارێکی نەبووە، چونکە دۆخی ئابووری خەڵک باش نەبووە، سێ ڕۆژ و شەو خواردنمان نەبوو بیخۆین، شەو و ڕۆژ برسی بووین، منداڵە بچووکەکەم تەمەنی ٦ ساڵە، هەموو شەوێک بەهۆی برسێتیەوە دەگریا، لە کۆتاییدا هاوژینەکەم ناچار بوو پارە لە یەکێک لە هاوڕێکانی قەرز بکات بۆ یەک کیسە ئارد کە بە ٢٥٠٠ ئەفغانییە. ئێستا چەند ڕۆژێکە تەنها نانی وشکمان هەیە، ئێمەی گەورەکانی خێزان بە دەگمەن گەدەمان بە باشی پڕ دەکەینەوە، نان بۆ منداڵەکانم دەهێڵینەوە، منیش کاتێک دەگرین پێیان دەدەم".

 

"لە ژوورێکی شێداردا دەژین لەگەڵ کوڕ و بووک و کچەکەم"

بامیان یەکێکە لە ساردترین پارێزگاکانی ئەفغانستان، زۆربەی دانیشتوانەکەی ئاژەڵدارن و هەندێکیان پارچە زەوییەکیان هەیە کە پەتاتەی تێدا دەچێنن، هەندێک جار کەشوهەوای سارد ڕێگە نادات دروێنە بگات و کۆی بکەنەوە، دایکێکی پیری ئەم پارێزگایە دەڵێت: دەبوو پارچە زەوییەک بفرۆشم بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بۆ مانەوەی خێزانەکەم بەکاربهێنم، ئێستا لەگەڵ کوڕ و بووک و کچەکەم لە ژوورێکی شێداردا دەژین کە فەرشی تێدا نییە، ڕۆژانەش دەچمە ماڵی دراوسێیەک بۆ ئەوەی خۆم گەرم بکەمەوە، چونکە ئازاری جومگەکانم هەیە.

 

خێزانی سیما نور لە پارێزگای پەروان دەژین، باسی ژیانی خراپی خۆی و حوکمڕانی تاڵیبانمان بۆ دەکات: "دوو کوڕەکەم ڕۆژانە لە شاری چەریکار بە کارە دەستییەکانیان کار دەکەن، چەکدارەکانی تاڵیبان ئێواران گیرفانی کاسبەکان دەگەڕێن و هەر پارەیەک بێت نیوەی بۆ خۆیان دەبەن، ئەگەریش کاسبەکان پارە بشارنەوە، لێیان دەدرێت.

 

دایکێکی خەڵکی غەزنی و وتی: کوڕەکەم لە سوپای نیشتمانی ئەفغانستان لە ئەرکدا بووە و لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان بریندار بوو، ئێستا ئیفلیج بووە و پێنج منداڵی هەیە، من هاتوومەتە کابول بۆ ئەوەی ئەو مووچەیە وەربگرم کە لەلایەن حکومەتەوە پێمان دراوە، بەڵام تاڵیبان پێم دەڵێن ئێمە ئەم پارەیە نادەین، چونکە کوڕەکەت دوژمنی ئێمە بووە و دژی ئێمە شەڕی کردووە.

 

ئەو دایکە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: کوڕەکەم لەبەر هەژاری بووە بە سەرباز، چونکە بژێوییەکی باشیان پێدەبەخشی، ئەو لەگەڵ پێنج منداڵەکەی و هاوژینەکەی چاودێری من و باوکە پیرەکەشیان دەکرد.

 

ئەمە دۆخی زۆرینەی ئەو کەسانەیە لە جوگرافیایەکدا دەژین، کە پێی دەوترێت ئەفغانستان، کاتێک خەڵک گلەیی لەم دۆخە دەکرد، سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان، هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، وتی: ئێمە بەرپرسیار نین لە خۆراک و بژێوی، بۆیە داوای ڕزق و ڕۆزی لە خوای گەورە بکەن.