ئاوارەبوون خۆشەویستی عەفرینی لە دڵی عەفرینییەکان دەرنەکردووە

پێنج ساڵ پێش ئێستا دەوڵەتی تورکیا شاری عەفرینی داگیرکرد و لەو ڕۆژەوە توندوتیژی بۆ سەر ژنان و ڕفاندن و کوشتن دەستیپێکرد، ئارارات ژنێکی عەفرینییە و دەڵێت: با ئێمە لە هەرێمی کوردستانیش بین، بەڵام ئاسودەیی ئێمە لە عەفرینە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چیرۆکی ئاوارەبوونی کوردان کۆتایی نایەت، نەتەوەی کورد هەر ڕۆژە لەلایەن داگیرکەرێکەوە ئاوارە دەکرێت، بە خاکی خۆیان نامۆیان دەکەن و کۆمەڵکوژ دەکرێن، خاکەکەشیان داگیردەکرێت و سروشت و سامانەکەی بەتاڵان دەبرێت، بەڵام هیچکات داگیرکارییەکان نەبووەتە هۆکار بۆ لەناوچوونی نەتەوەی کورد، بەڵکو زیاتر خۆڕاگر بوون و پارێزگاریان لە خاکیان کردووە.

 

ئارارات عوسمان، ژنێکی ٢٨ ساڵی خەڵکی گوندەکانی سەر بە عەفرینە، خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری کوشتوکاڵی بووە، بەڵام بەهۆی شەڕی سوریاوە وازی لە خوێندن هێناوە، بووەتە مامۆستای بیرکاری لە قوتابخانەی گوندەکەیان.

 

ئارارات ئەگەرچی لە عەفرین لەدایکبووە، بەڵام بەهۆی کاری باوکییەوە لە حەلەب ژیاون و لە کاتی بۆن و پشووەکاندا چوونەتەوە گوندەکەیان، دوای ساڵی ٢٠١٧ش بەهۆی بوونی ململانێ و شەڕ لە ناوچەکەیاندا ڕوویان لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کردووە.

 

عەفرین بۆ خەڵکەکەی وەک دەماری لەشیان وایە

لە پاش پێنج مانگ هاتنی ئارارات بۆ باشووری کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر عەفرین چڕبووەوە، خێزانەکەی ئارارات لە ناوچەی شەڕدا بوون، وەک ئارارات باس دەکات، عەفرین لەژێر داگیرکاریدا بووە، پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە و ئاگاداری دۆخی سەختی ئەوکاتە بووە، "خێزانەکانمان زۆریان ویست تا گەیشتنە شوێنێکی ئارام، هەرچەندە هیچ جێگەیەک ئارام نەمابوو بۆ کورد، چونکە عەرەبەکانیش دەستیان لەگەڵ تورکیادا تێکەڵ کردبوو".

 

ئارارات دەڵێت دووربوونیان لە عەفرین هەستی مردنی لەلا دروستکردوون، "خەڵکی عەفرین دووربن لە عەفرینەوە هەست بە ئارامی ناکەن، زێدی خۆیان وەک دەمارەکانی لەشیان وایە"، کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر عەفرین، نەنکی ئارارات نەتوانیوە لە شارەکەی داببڕێت، بۆیە لە کاتی ئاوارەبوونیان ڕاستەوخۆ کۆچی دوایکردووە و کۆتا وشەی وتوویەتی "دوورکەومەوە لە عەفرین دەمرم".

 

"ژیانی خەڵکی عەفرین پەیوەستە بە دۆخی عەفرینەوە"

هەندێک لە خزمەکانی ئارارات لە کامپی شەهبا دەژین. تەنها بەهۆی ئەوەی لە عەفرینەوە نزیکن و دەڵێن بۆنی عەفرینیان پێدەگات، عەفرین ناوچەیەکی ئارام و نیشتمانی دانیشتوانەکەی بوو، تا ئەوکاتەی دەوڵەتی تورکیا هێرشی کرد، چونکە ناوچەیەکی ستراتیژی و خاکێکی بەپیت و نزیکترین شار بووە لە سنوری دەوڵەتی تورکیاوە.

 

خەڵکی عەفرین هەمیشە حەز دەکەن کار بکەن و خۆیان لەسەر پێیەکانیان بوەستن، بۆیە دۆخی عەفرین سەرەڕای دۆخی سەختی وڵاتەکە باشبوو، بەڵام دوای چڕبوونەوەی شەڕ و قەیران لە ساڵی ٢٠١٧دا دۆخی عەفرینیش سەخت بوو، چونکە شەڕ لە نێوان عەرەب و کوردا دروستبوو، دەوڵەتی تورکیاش هەلەکەی قۆستەوە و دەستیکرد بە هێرشکردن و دۆخی عەفرینی بەرەو خراپی برد، لە ساڵی ٢٠١٨ دوای بەرخۆدانی بێ وێنە عەفرین داگیرکرا.

 

"بەپیتی عەفرین بووەتە هۆی چاوتێبڕینی داگیرکاران"

کاتێک دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی عەفرینی دەکرد. گوندەکەی ئارارات نزیکبوون لە تۆپبارانەکانەوە، بۆ خێزانەکەی و دانیشتوانی گوندەکە کۆچیان کرد، ئارارات دەڵێت: عەفرین جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، بەهۆی باخە زەیتونەکانییەوە، ئەو زەیتونەی لەوێ هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە، داری زەیتوون و زەیتەکەشی بەسودن، بۆیە بەردەوام داگیرکەر چاوی لەسەریەتی، لەکاتی داگیرکردنیدا چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان دەکردە سەر کێڵگە زیتونەکان و دەیانبڕییەوە، دەیانسوتاندن و دەیانبرد بۆ کێڵگەکانی خۆیان، لەپێناو ئەوەی کورد بەروبوومی نەمێنێت و خاوەنی داهاتی خۆی نەبێت.

 

"زۆر گەنج و ژن ڕفێندران و بێسەروشوێن کراون"

ئارارات ئەوەشی ڕوونکردەوە، کەسانی گەنج نەیاندەتوانی لە عەفرین بمێننەوە، چونکە دەیانبردن بۆ شەڕ و مەترسی زیندانکردنیان لەسەربوو، بەڵام سەرەڕای فشارەکانی سەریان کەسانی بەتەمەنی عەفرینی کە ناوچەکەیان جێهێشتبوو، دواتر گەڕانەوە.

 

باسی لە دۆخی ژنان کرد و ئاشکرای کرد، کە کاتێک داگیرکەران دەچوونە ناوچە کوردییەکان و بەتایبەت عەفرین ڕاستەوخۆ دەستیان دەخستەسەر ژنەکان، گێچەڵیان پێدەکردن و داوایان لێدەکردن ببنە لەچک بەسەر، ڕێگەیان نەدەدا ژنان بەتەنها بچنە دەرەوە و کار بکەن، وتیشی: لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا ڕاستەوخۆ ئەو ژنانەیان دەبرد کە خێزان و خوشکی شەڕڤانان بوون، سیخوور هەبوو و هەواڵی دەدایە داگیرکەر تا ژنەکان ببەن، زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی ژن هەبوو داگیرکەر دەستگیریان کردن.

 

"با ئێمە لە هەرێمی کوردستان بین بەڵام ئاسودەیی ئێمە لە عەفرینە"

تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هۆکاری چۆڵکردنی شاری عەفرین و دەوروبەری بوو لەلایەن خەڵکەکەیەوە، چونکە دەڕفێندران، دەکوژران و بێسەروشوێن دەکران، یاخود ژنانیان دەستگیر دەکرد و دەستدرێژیان دەکردەسەر، عەفرینییەکان ناچارکران کۆچ بکەن بەرەو کانتۆنەکانی خۆسەری، باکووری کوردستان، باشووری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و هەندێکیشیان لە ناوچە عەرەبییەکانی سوریادا نیشتەجێ بوون، ساڵ بە ساڵ دۆخی ژیانی ئاوارەبووەکان قورستر دەبێت چونکە ناتوانن بچنەوە خاکی خۆیان و دەست بە ژیانی خۆیان بکەنەوە.

 

ئارارات لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، عەفرینییەکان هیواخوازن بگەڕێنەوە خاکی خۆیان و لە عەفرین درێژە بە ژیانیان بدەن، وتیشی: ئێمە دڵمان خۆشە لە هەرێمی کوردستانین و لەناو کورد داین، دڵخۆشین بەوەی لەژێر دەستی داگیرکەردا نین و بە زمانی کوردی قسە دەکەین، بەڵام دواجار خاکی خۆمان کە عەفرینە بۆ ئێمە خۆشە و تیایدا ئاسوودەین، بچینە ئەوپەڕی جیهان تەنها لە عەفرین ئاسوودە دەبین.

 

ئامانجیانە فرۆشگایەکی خۆیان هەبێت و جێپەنجەی ژنانی پێوە دیاربێت

زیاتر لە پێنج ساڵە ئارارات و هاوژینەکەی لە شاری سلێمانی دەژین، لەپێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەستیان بە کارکردن کرد و لە ئێستادا لە فرۆشگایەکی شیرینی کاردەکات، ئامانجیەتی بەردەوام کاربکات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ببێتە خاوەن فرۆشگای خۆیان، تا ئەوکاتەی عەفرین دۆخی ئاسایی دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.

 

"کورد یەک بگرێت هیچ هێزێک ناتوانێت لەناوی ببات"

ئاراراتی عەفرینی لە هەر جێگەیەک بن وەک کوردێک دەیانەوێت خۆیان بسەلمێنن و جێدەستیان دیاربێت، وتیشی: ڕاستە عەفرینین بەڵام کۆمەڵێک کولتوور و دابونەریت هەن لە باشووری کوردستان ئێمە بەلامانەوە جوانە و لەگەڵ خێزانەکانی خۆشماندا دووبارەی دەکەینەوە، هەرگیز باشوور لەبیر ناکەین، چونکە هەموومان کوردین و پێویستە پاڵپشتی یەکتر دەکەین، گرنگترین شت کوردبوونە، بۆیە کاتێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان دەژین پێویستە جیاوازی نەکەین، بگرە پاڵپشتی یەکتر بکەین تا لە هەموو جیهان کورد دەنگ بداتەوە، چونکە بە پاڵپشتیکردنی کوردان هیچ هێزێک ناتوانێت کورد لەناوببەن، نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی بەهێزە.