ژنانی چیانشین لە سروشتەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن

ژنانی هەرێمی "ئیملیل" بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە گەشتوگوزاری شاخ و هەندێک چاندنی وەرزی و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبەستن، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکەوە پێداویستی ئاژەڵداری و بژێوی ژیانیان قورس بووە.

ڕەجا خیرات

 

مەراکش - ژنانی ناوچەی "ئیملیل" لە چیای ئەتڵەسی بەرز، کە لە جەرگەی شاری بەغریب هەڵکەوتووە، بەهۆی بارودۆخی خراپی کەشوهەواوە ژیانیان سەخت بووە، کە دوای بەفربارین لە وەرزی زستاندا توندتر دەبێت، چونکە ڕێگاوبانەکان دەبڕدرێن و ئامرازەکانی گواستنەوەش کەمدەبنەوە، بۆیە گەڕان بەدوای بژێوی ژیاندا دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی توند بۆ ژنان.

 

بارودۆخی سەخت

لە گۆڕەپانی "تاماتیرت" لە چیای توبقال (بەرزییەکەی ٤١٦٧ مەتر)، گەڕان بەدوای خۆراکدا دەگۆڕێت بۆ گەشتێکی ماندوو و سەخت، ژنانی ناوچەکە پێویستە کاری زۆر قورس ئەنجامبدەن لە کێڵگە و ماڵەوەدا، هەندێکیان مەودایەکی زۆر دەبڕن تا دەگەنە بناری چیای ناوچەی ئیملیل بۆ کارکردن لە هۆتێل و ناوچە گەشتیارییەکاندا، ئەو ژنانە وەک چێشتلێنەر کاردەکەن و خزمەت بە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.

 

ڕەشیدە ئەزنەک، ژنی ماڵەوە و دایکی دوو منداڵە کە لە ناوچەکە دەژی، بە زاراوەیەکی ئەمازیغی بە دەزگاکەمان دەڵێت: لە ڕابردوودا گەشتوگوزاری گەشەسەندن بوو و بە ئاسانی کارمان بۆ دەدۆزرایەوە، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئێمە و هێزمان پێدەبەخشێت تا کاری زیاتر بکەین، تەنانەت دوای ئەوەی وەرزی زستان دێت و سەرما زیاد دەکات، لە کارکردن بەردەوام دەبین، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بارودۆخی بڵاوبووەنەوەی پەتا بواری گەشتیاری لاواز بووە و ژیانمانی قورس کردووە.

 

سەبارەت بە خوێندنی دوو منداڵەکەی، دەشڵێت: منداڵان ناچارن مەودایەکی دوور ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانە لە گوندی ئیملیل، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کچان لە کۆتایی قۆناغی سەرەتایی واز لە خوێندن بهێنن و لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری بکەن، لە کاتێکدا هەندێک جار بەهۆی کەمی سەرچاوەی داراییەوە بۆ نێرەکان قورسە بەردەوام بن لە خوێندنی ناوەندی و زانکۆ.

 

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە ژنان دەچنە کێڵگەکان بۆ گەڕان بەدوای گیای سروشتی و دار بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە، بەو پێیەی بارودۆخی ژیان ڕێگە بە بەدەستهێنانی غاز نادات.

 

کاری وەرزی

فاتمە ئیت ئیدار، یەکێکە لەو ژنانەی کە هاوژینەکەی ژیانی لەدەستداوە و دایکی سێ منداڵە، باس لەوە دەکات، دوای مردنی هاوژینەکەی لە بواری گەشتیاریدا کاری کردووە، ژیان زۆر سەخت بووە، دەشڵێت: من وەک پاککەرەوە لە هۆتێلێکدا کاردەکەم لە ئیملیل، ئەو پارەیەی لەم کارە بەدەستی دەهێنم بەشی پێویستی خێزانەکە ناکات، کوڕە گەورەکەم لە زانکۆ لە مەغریب دەخوێنێت و پێویستی بە پارەیەکی زۆرە، ناتوانم یارمەتی بدەم بۆ خوێندن و دەستەبەرکردنی داهاتووی،  زۆر ڕۆژ بێ ئیش لە ماڵەوە دەمێنمەوە، چاوەڕێی کەسێک دەکەم یارمەتیم بدات، دۆخی هەموو ژنانی ناوخۆیی وەک یەکە، هەرچەندە ناوچەی گەشتیاریمان لێوە نزیکە، ​​بەڵام بەهۆی توندی سروشت و نەبوونی کچان لە قوتابخانەکاندا گۆشەگیرە، تەنها منداڵ پەروەردە دەکەن و کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن.

 

گۆڕەپانی تاماتیرت لە مانگەکانی ئازار و نیساندا دەژییەتەوە و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، لە کاتێکدا لە مانگەکانی دیکەی ساڵدا بواری گەشتیارییەکەی لاواز دەبێت، داهاتی ژیانی خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو بوارەیە و ئەمەش لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا ژیانی دانیشتوانەکەی سەخت دەکات.

 

وزە و هیوا

فاتیمە ئایت یەحوت، دایکی سێ منداڵە، دەڵێت: ژیان لە شاخ هەرگیز ئاسان نییە، دوو مانگ لە ساڵێکدا کەرتی گەشتیاری گەشە دەکات و هەندێک دەرفەتمان هەیە بۆ کارکردن لە هۆتێل و هۆستێلەکاندا کە لە ناوچەکەدا هەن، بەڵام مانگەکانی دیکە ڕووبەڕووی سەختی دەبینەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانمان، قوتابخانەکە دوورە لە ناوچەکەمانەوە، ئەمەش خوێندنی منداڵان قورس دەکات، لەگەڵ بارینی بەفر و نەبوونی ئامرازی گواستنەوە دۆخەکە سەختتر دەبێت، بۆیە زۆربەی منداڵان ناچارن واز لە خوێندن بێنن، کە ئەگەری بەدەستهێنانی هەلیکار دوای ئەوە زۆر قورس دەکات، چونکە ناتوانن بڕوانامەی خوێندن و ڕاهێنان لە بوارەکانی پیشەیی یان بوارەکانی تردا بەدەستبهێنن.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، ژنانی دووگیان بەزەحمەت دەتوانن بچنە نەخۆشخانەکان، تاکە ماڵی منداڵبوون لە نزیکەوە دەکەوێتە ناوچەی "ئاسنی" کە زیاتر لە ١٧ کیلۆمەتر لە ناوچەکەمانەوە دوورە، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە ژنانی دووگیان دەخاتە مەترسییەوە.