ئاستەنگی و ئازارەکانی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک چۆک بە غەزال و دەروون دانادات

غەزال و دەروون، دوو ژنی خاوەن ئیرادەن بەرامبەر بە شێرپەنجەی مەمک، دوای ئەوەی دەزانن تووشبوونی شێرپەنجەی مەمکن، بڕیار دەدەن بەرەو ڕووی نەخۆشییەکە بووەستنەوە و ببنە نموونە بۆ سەرجەم تووشبووانی دیکەی شێرپەنجە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- مانگی تشرینی یەکەم، بە مانگی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە. شێرپەنجە بەهۆی ناڕێکی سیستەمی ژیان و خراپی کوالێتی خواردنەوە لە ئێستادا ئاماری تووشبووانی زیادی کردووە و بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٥٠٨ حاڵەت تەنها لەو نەخۆشخانەیە تۆمار کراوە، کە دەکاتە تووشبوونی ٨-٩ کەس لە ڕۆژێکدا.

 

نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین ئەو شێرپەنجانەی تووشی ژنان دەبێت، بۆ چارەسەریشی جگە لە چارەسەری پزیشکی و بەکارهێنانی کیمیایی بۆ نەخۆشەکە، باوەڕی و هێزی ژن دەریدەخات کە هەزاران ژن توانیویانە بە ئیرادەوە لە نەخۆشییەکە چارەسەر ببن و ئومێدێک بن بۆ نەخۆشانی دیکەی شێرپەنجە.

 

شێرپەنجەی مەمک چۆک بە غەزال دانادات

غەزال قادر، تووشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکە، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ هەست بە ئازارێک دەکات لە شان و ملیدا وا دەزانێت تەنها ئازارێکە و هیچیتر، تا ساڵی ٢٠١٦ کاتێک دەڕوات بۆ لای پزیشک بە مەبەستی سۆنەر کردن، پزیشکەکە پێی دەڵێت گرێیەک لە مەمکتدا هەیە و ئاسایی نییە، دواتر دەردەکەوێت کە شێرپەنجەیەتی، پزیشک بڕیار دەدا مەمکێکی ببڕێتەوە، بۆیە دەست دەکات بە وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان بۆ ماوەی ساڵێک، ئەگەرچی غەزال هەموو قژی هەڵدەوەرێت، بەڵام لە ئێستادا هەست بە باشتربوونی بارودۆخی دەکات.

 

غەزال کاتێک سەرەتا پێی دەڵێن تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، زۆر نائومێد دەبێت و هەست دەکات بەس خۆی ئەو نەخۆشیەی گرتووە، هۆکاری سەرەکی باشبوونی بارودۆخیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ وەرزشکردن و ئەنجامدانی شاخەوانی، ماوەی ٧ ساڵە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەیە و لە گەڵیدا وەرزش دەکات، ئەو کەسانەی لە کاتی شاخەوانی و وەرزشکردندا ناسیویەتی هێزێکی جیاواز دەدەن بە غەزال و هەر یەک لەو کەسانەی تووشبووی ئەو نەخۆشیەن، لەگەڵ غەزالدا بە باسکردنی نەخۆشیەکانیان باوەڕبەخۆبوونێکیان بۆ دروست دەبێت.

 

ئیرادەبەخۆبوون وا لە غەزال دەکات زاڵ بێت بەسەر نەخۆشیەکەیدا

غەزال دوای تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک تاکە خەمی منداڵەکانیەتی، بەڵام غەزال بەخۆی دەڵێت، "دەبێت ئیرادەم بەهێز بێت" و ئەمەش وای لێدەکات زیاتر زاڵ بێت بەسەر نەخۆشیەکەیدا، هەرچەندە جۆری شێرپەنجەکەی لە پلەی ٣ دایە، غەزال دەڵێت: سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت چواردەور یارمەتیت بدەن و هانت بدەن تا قۆناغە قورسەکان تێدەپەڕێنێت، کاتێک هانی خۆت دەدەی بەرگری لەش بەرز دەبێتەوە و نەخۆشیەکەش کەم دەبێتەوە.

 

غەزال داوا لە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە دەکات بە هیچ شێوەیەک شەکر نەخۆن و خواردنی تەندروست بخۆن، خۆشی ماوەی ٧ ساڵە بە هیچ شێوەیەک شەکر ناخوات، پەیامی ئەوەیە بۆ ژنان کە بێ ئومێد نەبن، هەرچەندە لە دوای وەرگرتنی دەرمانەکانیش تووشی خەمۆکی دەبن، بەڵام دەبێت خۆڕاگر بن تا نەخۆشیەکە تیدەپەڕێنن.

 

دەروون لەبەر هەستی منداڵەکانی قژی دەستکرد بەکاردەهێنێت

دەروون عومەر تووشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٠ هەست دەکات گرێیەک لە سنگیدا هەیە دەڕوات بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ و دوای ئەنجامدانی سۆنەر دەردەکەوێت تووشبووی شێرپەنجەیە، بەڵام وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی توانی کۆتایی بە شێرپەنجەکەی دەروون بهێنێت.

 

سەرەتا کە دەزانێت تووشبووی شێرپەنجەیە هەستێکی ناخۆشی بۆ دروست دەبێت، چونکە لە کۆمەڵگەدا وا باس کراوە ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببێت چارەسەری نابێت.

 

دەروون کاتێک چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت، دوای ٢٠ ڕۆژ وردە وردە قژی هەڵدەوەرێت، بۆیە بڕیار دەدات و خۆی بە تەواوی قژی لا ببات و قژیکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی منداڵەکانی هەست بە نەخۆشیەکەی نەکەن، دوای تەواوبوونی چارەسەرە کیمیایەکان و تێپەڕبوونی ٢ هەفتە قژی وردە وردە دەردێتەوە و ئەمەش وا لە دەروون دەکات زیاتر ئومێدی بە ژیان هەبێت.

 

دەروون چواردەوری هاوکاری دەکەن تا نەخۆشیەکەی تێبپەڕێنێت، وەک خۆی دەڵێت: هەرچەندە چارەسەرییەکان گرنگ بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر نەخۆشیەکەدا باوەڕبەخۆبوون دوو هێندە گرنگە، چونکە ئەگەر نەخۆش خەفەت بخوات هەرچەندە چارەسەری وەربگرێت سوودی نابێت، پەیامم ئەوەیە بۆ ژنان کە ئیرادەیان بەهێز بێت و پێویست بە ترس ناکات، کاتێک تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن، تەنها لە کاتی خۆیدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، چونکە ئێستا چەندین ئامێری پیشکەوتوو و چارەسەری هەیە.