"حیجاب بۆ گەلی کورد دیاردەیەکی سەپێنراوە"

ب. ڕ.، کۆمەڵناس، حیجاب لە گەلی کورددا بە دیاردەیەکی سەپێنراو بەڵام ناجێگیربوو دەزانێت و دەڵێت: حیجاب لە کوردستان دانەمەزراو و قبوڵ نەکراوە، ئەگەر واش بووبێت زۆرتر، ڕەگێکی خێڵەکی بووە کە لەگەڵ بوونی مەلا و شێخ و ئیسلامەتیدا تەشەنەی سەندووە.

سایدا شێرزاد

 

سنە- سنووردارکردنی ژنان و کۆنترۆڵکردنیان لەژێر ناوی حیجابی ناچاری هەمیشە یەکێک بووە لە ناکۆکییەکانی نێوان ژنان و ڕژێمەکان، کاتێک دەسەڵاتدارانی ئێران هاتنە سەر دەسەڵات، ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێیە لەگەڵ ژنان، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا گەیشتە لوتکە و بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

 

زاڵبوون بەسەر ژنان و بەرەنگاربوونەوەی پرسی حیجاب، لە سەرەتاوە یەکێک لە نیگەرانییەکانی ڕژێمی ئێران بووە، کە بە ئامانجی سنووردارکردنی ئامادەیی جەستەیی ژنان لە کۆمەڵگە و کردنی بە ژێردەستەیی ئەنجامی داوە، سەرکوتکردنی ژنان، جیاکاریی ڕەگەزی لە زانکۆکان، شوێنە گشتییەکان، قوتابخانەکان، لە فەرمانگە و لە ناو ئۆتۆمبێل و هاتوچۆ و ... هتد، هەمیشە لە کارنامەی بەرپرسانی ڕژێمدا بووە و توندوتیژیی بێ سنووریان بەکارهێناوە بۆ سەپاندنی حیجابی ناچاری، ئەمەش بە پێشێلکاریی دژی مافی مرۆڤ دادەنرێت.

 

بە تێڕوانین لە مێژووی سەرپۆش لەناو گەلی کورددا، ئەوەی گرنگ نەبووبێت بەستنی سەرپۆش و حیجاب بووە لەسەر سەر، لەناو ژن و پیاوی کورد دایە، بەڵام ڕژێمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە خەباتی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، بە تایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تەنیا بۆ حیجاب سنووردار بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەلی کورد بێزارە لە هەردوو چەوساندنەوەی ڕژێمی ئێران و حیجاب، بە تایبەت ئیجابی سەر سەر، کە هەرگیز لە نێو ژنانی کورددا گرنگ نەبووە.

 

"لە مێژووی هەزار ساڵەی نەتەوەی کورددا حیجابی سەر باس نەکراوە"

گ.م.، چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە حیجاب و سەرچاوەی حیجاب لە نەتەوەی کورددا دەڵێت: حیجاب و سەرپۆش لە ناوچەکانی کوردستان بۆ ژن و پیاو وەک یەک بووە، ژنان و پیاوان، لە جێگەی سەرپۆش، کڵاوی تایبەتیان بەکارهێناوە، کە بە گشتی بەشێکی جلی کوردی بووە، ژنانیش کڵاوەکانیان بە ڕازاندنەوەی لە پیاوان جیا دەکردەوە، لەڕاستیدا لە کوردستانی کۆندا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژن و پیاودا نەبووە، لە دڵ و دەروون و ڕۆح و ئەو کارە کۆمەڵایەتییانەی دەیانکرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی ئایینی عەرەبی، حیجابی ژنان و چالاکییەکانی ژنان سنووردارتر بوون.

 

ئەو چالاکوانەی باسی لەوەکرد، کە جۆری سەرداپۆشینی ژنانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کە ڕەگ و ڕیشەی لە تەرباخییەوە هاتووە و لە سەردەمی ڕەزاشا و محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی هەوڵێک درا کە جلوبەرگی ژنانی کورد بگۆڕدرێن بۆ جلوبەرگی ڕۆژئاوایی، ئەوکاتیش لەگەڵ هاتنەکایەی یاسای حیجاب، توانی کاریگەری لەسەر جلوبەرگی زۆرێک لە ژنان هەبێت، بەڵام ژنانی کورد کاریگەری ئەو یاسایەیان لەسەر نەبوو و جلی کوردی پارێزرا.

 

بە هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئیسلامی و هێنانەکایەی یاسای ناچاری حیجاب، هەوڵی زیندانیکردنی ژنان لە ماڵەکانیاندا درا، یان لە حاڵەتی سنوورداربوونی ئامادەبوونیان لە کۆمەڵگەدا، چونکە دەبوو ئامادەبوونیان لە چالاکییەکاندا بە حیجابی ناچارییەوە بێت، بەڵام پیاوان ئارەزوو مەندانە بوو بۆیان، بەم کارە ژنان لە حیجابی ناچاری تووڕە بوون و وردە وردە هەستێکی جیابوونەوە لە نێوان ژن و پیاودا دروستبوو.

 

"حیجاب دیاردەیەکی سەپێنراوە بۆ نەتەوەی کورد"

ب. ڕ.، کۆمەڵناس، باسی لەوەکرد، کە هەرگیز لە کوردستاندا ئیجاب قبوڵ کراو نییە، چونکە بەردەوام لە گۆرانی و هۆنراوەکاندا باس لە فڕێدانی سەرپۆش کراوە و لە ئاهەنگ و شاییەکاندا ژنان و پیاوان پێکەوە بە بێ سەرپۆش و حیجاب ئامادەبوون، وتیشی: لە گوندەکاندا بە هیچ شێوەیەک باسی حیجاب و تەنانەت تێکەڵبوونی کچ و کوڕ نەدەکرا، ڕۆشتنی ژنان بۆ دەرەوە لە بەهار و بوونی کوڕان لە ڕێگادا هەمیشە لەناو کورددا هەبووە و هیچ سنووردارکردن و توندوتیژییەک نەبووە، ئەمەش بەشێک بووە لە کولتووری گەلی کورد.

 

ب.ڕ. وتیشی: لە ڕاستیدا حیجاب دیاردەیەکی سەپێندراوە بۆ نەتەوەی کورد، لەوەتەی حیجاب بووە بە فەرمی و پەروەردەیی، وردە وردە لەناو خەڵکی کوردستان دەستی پێکردووە، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بڵاوبوونەوە و سەپاندنی حیجاب جیاواز بووە، بۆ نمونە لە موکریان کە دەروازەکەی لە سەقزەوە دەست پێدەکات و مهاباد، شنۆ، پیرانشار و.. سنە بەهۆی ناوەندگەرایی و بوونی ناوخۆییەوە، لە سەردەمی قاجاردا زیاتر سەپێندرا، بەڵام جگە لە پرسی حیجاب وەک سەرپۆشێک، پرسەکانی وەک دەستدرێژیکردن بە درێژایی مێژوو هەمیشە بۆ ژنانی کورد گرنگ بوون و لە شەڕەکاندا بە هەموو شێوەیەک جەستەیان لە دەستدرێژی دەپاراست، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا ئامادە بوون خۆیان بکوژن بۆ ئەوەی دەستدرێژییان نەکرێتە سەر.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: باڵاپۆشی لەناو ژنانی کورددا هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام ئیجباری نەبووە و لە هەندێک حاڵەتدا وەک جوانکاریی بەکارهاتووە و بە ڕازاندنەوەیەکی تایبەت ڕازاوەتەوە، تەنانەت گریمانەیەک هەیە کە هۆکاری زیادکردنی باڵاپۆشی دەگەڕێتەوە بۆ پێشهاتە مێژووییەکان و خەباتی نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو، کە هاوتەریب لەگەڵ کولتوورە سەپێنراوەکاندا ئەنجام دراوە.

 

"ژنانی گەنج هەندێک جار بەبێ کڵاو و بە جلی کوردییەوە دەهاتنە ئاهەنگی هاوسەرگیری"

ز.ع.، یەکێک لە ژنە بەساڵاچووەکان، سەبارەت بە حیجاب لە گوندەکاندا دەڵێت: ئەوەندەی لەبیرمە حیجاب بە هیچ شێوەیەک گرنگ نەبوو، تەنانەت ژنە گەنجەکان بەبێ سەرپۆش و کڵاو دەچوونە باخچە یان بۆ هێنانی ئاو دەچوونە کانیاوەکان، لە ئاهەنگی هاوسەرگیریشدا بەم شێوەیە بوو، ژنانی تەمەن ناوەڕاست بە کڵاو و جلی کوردییەوە بەشداری کۆبوونەوەکانیان دەکرد و ژنانی گەنجیش هەندێکجار بەبێ کڵاو و بە جلوبەرگی کوردی دەهاتنە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکان، بەڵام لە پرسەی مردوودا هەمووان لەچكێکی شلیان دەکردە سەریان، نازانم بۆچی، بەڵام دایکم دەیوت ئەوە بۆ ڕێزگرتنە لە مردووەکان.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: براکەم لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا گۆرانی دەگوت و هەمیشە بانگهێشت دەکرا، من بچووک بووم و حەزم دەکرد وەک دایکم لەچکێک لەسەر بکە، پێم وابوو ئەوە نیشان دەدات کە من گەورە دەبم و وەک هەموو منداڵەکان پەلەم لە گەورەبوون کردووە، جارێکیان کە براکەم دەیبردم بۆ ئاهەنگێک لەچکەکەم لەسەر ئەسپەکە کەوت و نەگەڕایەوە تا لەسەری بکەمەوە، چونکە لەو کاتەدا گرنگ نەبوو، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بیستبوومان حکومەتی نوێ، کە ڕژێمی ئیسلامی بوو، حیجابی کردبووە ناچاری.