پڕۆسەی خوێندن؛ لەنێوان زەنگی دەستپێکردنی خوێندن و شکستی حکومڕانی

 وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵ لە سەرتاسەری جیهان دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستان کە ماوەی ٩ ساڵ بە بیانووی قەیرانی داراییەوە لەمپەر بۆ پڕۆسەکە دروستکراوە، ئەمساڵیش درێژەی هەیە و داهاتووی خوێندن و پەروەردە ناڕوونە.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- پڕۆسەی خوێندن کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و لە هەر وڵات و ناوچەیەک کاتێک پڕۆسەی خوێندنی باش بوو، مانای هەبوونی سیستمێکی بەڕێوەبردنی باشە، بەڵام کاتێک دەسەڵات بێباک بوو بەرامبەر تاکەکانی وڵاتەکەی یاخود ناوچەکەی، ئەوا گرنگی بە پڕۆسەی خوێندن نادات و لە ڕێگەی پەکخستنی ئەو پڕۆسەیەوە کار بۆ پێگەیاندنی نەوە و تاکێکی ناهۆشیار، نەزان، بێدەنگ و بێئاگا دەکات.

 

پڕۆسەی خوێندن لە وڵاتە پێشكەوتووەكان وەها داڕێژراوەیە نەوەیەک پێبگەیەنن شارەزا بێت لە ژیان و ئەو بوارەی هەڵی دەبژێرێت، بۆ ئەوەی بتوان بەشدار بن لە بنیادنان و پێشكەوتنی وڵاتدا، لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دوای ڕاپەرین توانی هەرێمێکی سەربەخۆ پێکبهێنێت، بە تایبەت تر لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنانەت پەرتووکەکانیش وێنەی سەدام حسێنیان لەسەر پەڕەی سەرەتایان نەما و پەرتووکەکانیش ئازاد بوون، بەڵام دەبینین لە بری گرنگی زیاتر بەو کەرتە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و  بەرەوپاشچوون هەیە.

 

جیاوازی لە نێوان پەروەردە و خوێندنی شارەکان دروستکراوە

لە هەرێمی كوردستان حكومەت دەستی حزبی خستۆتە ناو سەرجەم بوارەکان و لە بواری پەروەردە جیاوازی لە نێوان خوێندن و دەوامی شارەکانیش دروستکردووە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە بیانووی هەبوونی قەیرانی دارایی، مووچەی دەیان مانگ دابەشنەکراوە و مامۆستایانیش، کە بژێوی ژیانیان لەسەر مووچەکانیان بوو، وەک فشارێک بۆ حکومەت ناچار بە بایکۆت و نەچوونەوەی هۆڵەکانی خوێندن بوون، بەڵام لەو پارێزگا و ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی پەدەکەدایە بەهۆی نەبوونی ئازادی و هەڕەشەو فشار خستنە سەر مامۆستایان، ناچاربوون سەرەڕای نەبوونی مووچە درێژە بەپڕۆسەی خوێندن بدەن، ئەمەش وایکردووە لەنێوان شارەکانی بایکۆت و شارەکانی بەردەوام لە خوێندن جیاوازی دروست ببێت.

 

دامەزراندن نییە و خوێندن بێبایەخ کراوە

ئەم سیستمی خوێندنە لە هەرێمی كوردستاندا خوێندکاران و خێزانی خوێندکارانی بێهیوا کردووە و بە هەمان شێوە مامۆستا دڵسۆز و بە ئەزمونەكانیشی بێهیوا كردووە، كارەساتی گەورەش هەر ئەوە نییە ئاستی زانست ڕوو لە دابەزین و خراپتر بوونی کەرتی پەروەردە بێت، بەڵکو کارەسات ئەوەیە كە دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن هیچ هیوایەك نییە بۆ دامەزراندن، چ لەلایەن حكومەت و چ لە بواری كەرتی تایبەتدا، دامودەزگاكانی حكومەت بۆشاییان هەیە و ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هەر خوێندکارێکی دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکانی هەرێم بەدەر لەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بەهۆی دانەمەزراندنەوە لە ماڵ ماونەتەوە.

 

حكومەتی هەرێم قۆناغی خوێندنی بە تەواوی بێ بایەخ كردووە و هیچ كەس ئومێدی بەوە نییە كارێكی دەستبكەوێـت، بە شێوەیەک تەواوكردنی خوێندن تەنها ئەوەیە بڕوانامەیەكی سەركاغەزی هەیە، كەواتە خوێندكار هیچ ئارەزویەكی بۆ خوێندن نەماوە.

 

لە یەکەم ڕۆژی خوێندن، بێهیوا کردن

بۆ ئەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، کە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوول بۆ کردنەوەی دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن دیاریکرا، بەڵام بەهۆی پێنەدانی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی ئەمساڵ تا ئەم ساتەش، مامۆستایان ناڕازیی بوون و ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر مووچەیان پێنەدرێت دەستناکەن بە خوێندن و پەروەردەی ئەمساڵ، چونکە بژێوی ژیانیان لەسەر مووچەکانیانە، بەوهۆیەوە لە بەشێکی زۆری خوێندنگەکان کە حکومین خوێندن دەستی پێ نەکرد.

 

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ئەمساڵ زۆرترین ڕێژەی خوێندکاران لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون،کە ژمارەیان دەگاتە ١٥٨ هەزار خوێندکار و کۆی گشتیی ژمارەی خوێندکاران ملیۆنێک و ٩٢٣ هەزارە بە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییەوە.

 

دروستکردنی چینایەتی

هەبوونی خوێندنگە ئەهلیەکان "ناحکومی" ساڵانێکە چینایەتی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەو خێزانانەی خاوەن داهاتێکی باشن منداڵەکانیان دەنێرنە ئەو خوێندنگانە، بە جۆرێک خوێندنگە حکومیەکان تەنها ئەو خوێندکارانەی تێدا ماوە کە خێزانەکانیان ئاستیان مامناوەند یاخود خراپە، لەگەڵ دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵیش ئەو جیاوازییە چینایەتییەی کە دروستکراوە زیاتر بوو، چونکە خوێندنگە ئەهلییەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستیان پێکردووە و خوێندکاران دەچنەوە بۆ خوێندنگەکانیان، تەنها خوێندکارانی خوێندنگە حکومیەکان بێهیوا بوون و خێزانەکانیشیان بەم هۆیەوە دڵتەنگی دایگرتوون.

 

هەروەها چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵ، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە چەند لێدوانێک دەربارەی کاتی دەوام کردنی مامۆستایان، کە ئەمساڵ دەتوانن لەکاتی هەبوونی بەشە وانەکانیان لەناو خوێندنگەکان ئامادەبن، هەروەها دەربارەی جلوبەرگی خوێندکاران کە دەکرێت یەکپۆش نەبن و چاوپۆشییان لێبکرێت، دیسان دەرخەری ئەوەیە، کە بارودۆخەکە لەمساڵدا ڕوو لە خراپیە، هەروەها ئەو خوێندکارانەشی جلوبەرگی نوێی خوێندنیان بۆ ئەمساڵ پێدابین ناکرێت، دووبارە ڕووبەڕووی جیاوازی چینایەتی دەبنەوە.

 

هەموو ساڵێک خوێندکاران بۆ دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە پۆشینی جلوبەرگی نوێ و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، چاوەڕێی چوونەوە خوێندنگەکانیان و هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، بەڵام ماوەی ٩ ساڵە و بە تایبەتتر ئەمساڵ دەستپێکی خوێندن بووە کەوتنی پڕۆسەکە، نە مامۆستا ئامادەیە و نە خوێندکاران ئامادەکراون بۆ دەستکردن بە خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، وتەی حکومەتیش تەنها سوپاسی خۆڕاگری مامۆستایانە و لە قسە زیاتر هیچ چارەسەرییەکی تری پێ نییە، هەروەها پەکخستنی خوێندن لە خوێندنگە حکومیەکان، ئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی هەژار، نەخوێندەوار، بێئاگا و بیدەنگە.