"بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە قوتابخانە تاکە ڕێگەی سەرکەوتنی خوێندکار نییە"

لای کۆمەڵگە هەمیشە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە قوتابخانە بە تاکە ڕێگای سەرکەوتنی خوێندکار دانراوە، بەڵام هیچ کات بیر لە بەهرە و حەزی کەسەکان ناکرێتەوە بۆ داهاتوویان، بەشێک لەو هەڵبژاردنانەش تەنها چاولێکەری خێزانەکانن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یەکێک لە هەڵەترین تێگەیشتنەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە خوێندکاران و داهاتوویان، بریتییە لە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە قۆناغی ١٢ی  ئامادەیی، لە کۆنەوە وا هاتووە هەر خوێندکارێک لەو قۆناغەدا نمرەی بەرز بەدەستبهێنێت ئەو خوێندکارە داهاتووی گەشە، بە کەسێکی سەرکەوتووی پێناسە دەکەن، هەمووان جەخت لەوە دەکەنەوە خوێندکاران تەنها نمرە بهێنن و بە هیچ شێوازێک دوای خولیا و بەهرەی خۆیان نەکەون.

 

"ناکرێت هەموو خوێندکارێک هەمان کۆنمرە بهێنێت"

ئیڤان کەمال، مامۆستای زیندەزانی، دەربارەی بەستنەوەی سەرکەوتنی خوێندکار و گەنج بە نمرەی پۆلی ١٢ی ئامادەییەوە باسی لەوەکرد، تەواوی خوێندکاران لە قۆناغی ١٢دا ئامانجیانە نمرەیەکی بەرز تۆمار بکەن، بەڵام ناکرێت هەموویان بەدەستی بهێنن، چونکە تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندن کە تاقیکردنەوەی ١٢کان ئەنجام درا، ١٧٠ هەزار خوێندکار هەبوون، ئەمەش مانای ئەوەیە ناکرێت هەموو خوێندکارەکان ببنە خاوەن یەک پیشە.

 

مرۆڤەکان جیاوازن ئەم جیاوازییەش وایکردووە هەر خوێندکارێک لە بوارێکدا سەرکەتوو بێت، بۆیە گرنگترین خاڵ دۆزینەوەی تواناکانی خۆتە، خوێندکار گرنگە بزانێت لە چ بوارێکدا سەرکەتووە، هەندێک هەن لە وەرزشدا سەرکەوتوون یاخود لە هونەردا و هەر بوارێکی دیکە بێت.

 

"دۆزینەوەی خولیا لە خوێندکارەکاندا باشترین یارمەتیدەریانە بۆ سەرکەوتنیان"

مامۆستا ئیڤان ئاماژەی بەوەدا، دۆزینەوەی خولیای خوێندکاران پێویستە گرنگی پێبدرێت، ئەمەش بە کردنەوەی خول بۆ ئەو خوێندکارانەی دەچنە قۆناغی ١٢، بۆ ئەوەی بزانن چیان دەوێت لە پۆلی ١٢دا، وتیشی: "پێویستە خوێندکارەکان لە ڕووی دەروونیشەوە بەرەوپێش ببرێن و دووربن لە فشار، چونکە زۆرینەی خوێندکار لە پۆلی ١٢ فشاری دەروونی دەکەوێتە سەر، هەمووان پێی دەڵێن دەبێت نمرەی بەرز تۆمار بکات"، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بیرکردنەوە هەڵەیەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی سیستمێکی باش لە پەروەردە و فێرکردندا، نمونەی وڵاتی فینلەندای هێنایەوە و وتی: لەو وڵاتەدا خوێندکار تا تەمەنی ٧ ساڵی وانە ناخوێنێت، تەنها بە یاریکردن گەورەی دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەو منداڵە خاوەن چ بەهرە و توانایەکە و خۆی بدۆزێتەوە، لە تەمەنی گەورەیشدا خوێندکار بە بەدەستهێنانی نمرەی بەرزەوە سەرقاڵ ناکەن، بە پێچەوانەوە زیاتر پاڵپشتی بەهرەکانیان دەکەن.

 

"لەپێناو بەدەستهێنانی نمرەی بەرز نابێت خێزانەکان فشار بخەنە سەر منداڵەکانیان"

ئیڤان کەمال یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ چاولێکەری نێوان خێزانەکان و دایکان و باوکان، کە دەیانەوێت منداڵەکانیان هەمان نمرەی منداڵی کەسانی دیکە بهێنن، بیر ناکەنەوە لەوەی ڕەنگە منداڵەکەی ئەمان خاوەن ئەو توانایە نەبێت، یاخود بەهرەی لە بوارێکی دیکەدا هەبێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت دایکان و باوکان هاوڕێ بن لەگەڵ منداڵەکانیان، دەرفەتیان بۆ بگونجێنن خۆیان بدۆزنەوە.

 

وتیشی: ئەرکی سەرەکی ناوەندە پەروەردەییەکانیشە گرنگی بە توانای خوێندکاران بدەن و هەوڵی بەرەوپێشچوونی تواناکانیان بدەن، لە ئێستادا هەندێک لە ناوەندە پەروەردەییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی گرنگی بە توانای خوێندکار بدەن، بەڵام بە گشتی خوێندکاران نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بتوانن تواناکانیان دەربخەن، ناوەندە پەروەردەییەکانیش پاڵپشتیان نین.

 

"پێویستە سیستمی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا بێت"

مامۆستا ئیڤان لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا پڕۆسەی خوێندن بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە تاقیکردنەوە لە سیستمی خوێندندا کەم بکەنەوە، مەبەست لێرەشدا ئەوەیە، مەرج نییە خوێندکارێک لە تاقیکردنەوەیەکدا نمرەی کەم بهێنێت، ئیتر خوێندکارێکی سەرکەوتوو نییە، لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانێت سەرجەم خوێندکاران بەر لەوەی بچنە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بچنە خولی بەهێزکردنی تواناکانیانەوە، خۆیان بدۆزنەوە کە چیان دەوێت و بە پێی ویستی خۆیان نمرە بهێنن و لەو بوارەدا قوڵ ببێتەوە.