سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گروپە پەراوێزخراو و ئازاردراوەکان لە کۆمەڵگەدا

سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی هەوڵدەدات گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان دابین بکات و کێشەکانیان بە شێوازی یاسایی چارەسەر بکات، کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ژیان لە کۆمەڵگەدا.

نور مەرسومی

 

موسڵ- سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠١٩ لە موسڵ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لقەکانی لە شارەکانی دیکەی عێراق دامەزراند، هەوڵدەدات مافی گروپەکانی کۆمەڵگە بناسێنێت و بیانپارێزێت لە توندوتیژی هەروەها ئامانجی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیە.

 

شەزا ئیمام، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کارەکانی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی وتی: سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی لە سەرەتاوە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بوو و لە موسڵ دامەزراوە، بەڵام بە ماندووبوون توانیمان سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنین و لقی دیکە بکەینەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەنتەرەکە کار لەسەر کێشەکانی پەیوەست بە ژنان و منداڵان و توندوتیژی خێزانی و زەوتکردنی ئەلیکترۆنی دەکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، کاتێک هەر سکاڵایەک سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی بگاتە سەنتەرەکە، ئەوا لە سەنتەر یەکلایی دەکرێتەوە، ئەگەریش نەتوانرا چارەسەری بکەین، دەگوازرێتەوە بۆ لایەنەکانی تر، هەروەها سکاڵاکار دەتوانێت کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی ڕەوانە بکات بۆ پاراستنی خێزان و منداڵ، وتیشی: سەنتەری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە، لەوانە ئەوانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە، لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان.

 

سەنتەرەکە بۆ چارەسەری کێشەی ژنانە

وەفا ئەحمەد، کارگێڕی سەنتەرەکە، ڕایگەیاند، ئامانجی سەنتەرەکە چارەسەرکردنی کەیسی ئەو ژنانەیە، کە بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگەوە ڕەتیدەکەنەوە بچنە ناو بنکەکانی پۆلیسەوە، وتیشی: سەنتەرەکەمان ناوەندێکی مەدەنییە و زۆربەی ئەو کەسانەی تیایدا کار دەکەن ژنانن، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەنای بۆ دەبەن، میکانیزمی وەرگرتنی دۆسیەکانیشمان بە نهێنییە و پاڵپشتی دەروونی لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتییەوە پێشکەش دەکرێت، لە قۆناغی دووەمدا کێشەکە دەستنیشان دەکرێت و دیاری دەکرێت کە ئایا کێشەکە لە ڕێگەی ئێمەوە چارەسەر دەکرێت یاخود، دۆسیەکە دەنێردرێتە لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار، لە قۆناغی سێیەمیشدا چاودێری دۆخەکە دەکرێت و ئایا کێشەکە چارەسەر دەبێت یان نا و ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.

 

ئامانجی سەنتەرەکە کۆتاییهێنانە بە توندوتیژی

سارا غازی، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەکرد، سەنتەرەکە کاردەکات بۆ یارمەتیدانی ئەو ژنانەی لێدراون، یان لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە توندوتیژی و لێدان و پراکتیزەکردنی نامرۆڤانە تووشی زەبر و زەنگی دەروونی دەبن، بەو پێیەی هیچ مافێکیان لە کۆمەڵگەدا نییە، وتیشی: سەنتەرەکە زۆر حاڵەتی ئەو ژنانە وەردەگرێت کە شوێنەواری لێدان و برینیان پێوەیە، ئێمەش هەوڵدەدەین بە نووسینی بەڵێننامە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەو کردەوانە چارەسەری ئەو کارانە بکەین.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە، ئامانجیان گەڕانە بە دوای کولتوورێک ژنان و مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت، وتیشی: بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی، پێویست بوو ناوەندێکی تایبەتمەند لە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ ئەم دیاردەیە هەبێت، بۆ پێشکەوتن و بەرزکردنەوەی ئاستی پێگەی ژنان، پشتگیریان لە ڕووی دەروونی و ئەخلاقییەوە بکرێت و هەموو ئامرازێک بۆ پاراستنیان دابین بکەن.