نەخشەکانی ئەشکەوتی قزقاپان پەیامی ئاشتی دوای جەنگ نیشاندەدات

ئەشکەوتی قزقاپان یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری سلێمانی و مێژوویەکی دێرینی هەیە، زەردەشتییەکان جەژنی خۆیانی تێدا دەگێڕن و پەیمان لەپێناو خاک و نیشتماندا نوێ دەکەنەوە.

ژیان عەلی

 

سلێمانی- بەهۆی پەرەسەندنی ژیانی مرۆڤایەتی و شارستانییەتە یەک لە دوای یەکەکان لە میزۆپۆتامیا، لە هەر بەشێکی ئەم خاکەدا بە دەیان و سەدان ئەشکەوتی جیاواز هەن، کە وەک شوێنی حەوانەوە و بەردەوامیدان بە ژیان و هاوکات زۆر جاریش ئەو کەسانەی کە لەو شوێنە ژیاون و گیانیان لە دەست داوە هەر لەو شوێنە نێژراون.

 

ئەشکەوتی قسن قاپان یان قزقاپان، دەکەوێتە دەشتی چەمی ڕەزان لە نزیک گوندی زەرزی و نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلیمانییەوە دوورە، بە بەرزایی ١٠ مەتر لەناو شاخێکدا هەڵكەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی ماددەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون.

 

بەپێی سەرچاوە شوێنەوارییەکان ئەشکەوتی قزقەپان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زاینی.

 

پێدەچێت ئەشکەوتەکە پەیوەندی بە مێژووی عوسمانییەکانەوە نەبێت

ئەشکەوت یان دەخمەی قسن قاپان، عوسمانییەکان ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ قزقاپان بەواتای ئەشکەوتی "کچە دزراوەکە"، بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکرێت ئەم ئەشکەوتە ناوی قزقاپان نییە و ئەم ناوە هیچ پەیوەندییەکی بە مێژووە ڕاستەقینەکەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە نییە، بەڵکو بەم شوێنە دەوترێت ( دەخمەی قزقاپان) کە دەخمەی قز واتا گۆڕی بەردین و قەپانیش واتا دادگا یان تەرازوو دێت، قەپان هەر کوردییە و بە مانای تەرازوو دێت. کەواتە دەخمەی قزقاپان واتا دادگا یان تەرازووی گۆڕی بەردین. 

 

لەسەر مێژووی ئەم ئەشکەوتە تێڕوانینی جیاواز هەیە، دەوترێت ئەم ئەشکەوتە لە پێشتردا وەک دەخمە بەکارهاتووە، دەخمە جێیەکی بەرزە لە سروشتدا کە لە شێوەی ئەشکەوت دروستکراوە بۆ ئەوەی تەرمی مردووی تێیدا بشاردرێتەوە، بەو پێیەی لە ئایینی زەردەشتیدا نابێت مردوو لەبن خاکدا بشاردرێتەوە.

 

ئەشكەوتەكە دەرگایەكی بچووكی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە کە لە باڵای مرۆڤ نزمترە، لەناو ژوورەکەدا سێ گۆڕی بچووک هەن بە بەرزی یەك مەتر، مێژووناسان لەو بڕوایەدان كە تەرمی كەیخوسرەوی پادشای ماددەکان لەوێ‌ نێژراوە، بەڵام دوای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە گۆڕی کەیخوسرەو شێوێندراوە و دیار نەماوە.

 

نەخشی ئەشکەوتەکە واتای ئاشتی دەبەخشێت

لە ڕووکاری دەروەی ئەم ئەشکەوتە و لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوە وێنەی دوو پاشا بەدیدەکرێت، وەک باس دەکرێت یەکیان کەیخوسرەو و ئەوی دیکەیان پاشای لیدیەکان دەبێت. ئەم دوو پادشایە لەبەرامبەر یەکدا ڕاوەستاون و دەستیان بەرزکردوەتەوە و کەوانەکانیان لەسەر زەوی داناوە کە بە نیشانەی ئاشتی دێت.

 

دەوترێت لە بەینی ئەم دوو وڵاتەدا شەڕێک هەڵدەگیرسێت و ئەم شەرە ٧ ساڵ درێژەی هەیە، لە کاتی ڕوودانی شەڕی کۆتایی ئەو دوو وڵاتەدا خۆر گیراوە و ئەوانیش ئەم ڕووداوە سروشتییەیان بە تووڕەیی ئاسمان لێکداوەتەوە، بەم شێوەیە کۆتاییان بە شەڕەکە هێناوە، هەربۆیە شوێنێک دیاریدەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە و ئەو شوێنە ئەشکەوتی قسن قاپان یان قزقاپان دەبێت و لە کاتی ئەو سووڵحەدا سێ خوداوەند ئامادە دەبن، یەکیان خوداوندی خۆر واتە ئیشتار و یەکێکی دیکەشیان خوداوندی خەیروچاکە واتە ئاهوورا مەزدا و ئەوی دیکەشیان خوداوندی مانگ واتە خوداوندی بابلییەکان دەبێت.

 

لە بەینی هەر دوو پاشاکەدا سەکۆیەک هەیە لە بەشی سەرەوەی سەکۆکە نیو بازنە دەبینرێت، سەبارەت بەو نیو بازنەیە دوو بۆچوون هەیە، یەکیان دەڵێت نیو بازنەکە ئاگر بووە بۆ ڕوونکردنەوەی ناو ئەشکەوتەکە، ئەوی دیکەشیان باس لەوە دەکات لەوانەیە پێناسەیەک بێت بۆ خۆرگیرانەکە.

 

جەژنی پەیمانی زەردەشتییەکان لە قزقاپان دەکرێتەوە

ئەم ئەشکەوتە بۆ پەیڕەوانی ئایینی زەردەشت شوێنێکی پیرۆزە و بە سیمبولی زەردەشتییەکان دەناسرێت، ساڵانە لە ٢١ی خەرماناندا دەچنە ئەو شوێنە و یادی جەژنی پەیمان دەکەنەوە، کە جەژنی نوێ کردنەوەی پەیمانی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و دووپاتکردنەوەی خیانەت نەکردن و خەباتکردنە لەپێناو خاک و نیشتیمان.

 

هەروەها ئەم شوێنە وەکو شوێنێکی گەشتیارییە، ساڵانە لەلایەن خەڵک لە ناوچە جیاوازەکان بەسەر دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی گرنگینەدان بەم شوێنەوارە مێژووییە، سەردانیکارانی ڕووکاری ئەشکەوتەکەیان هەڵدەکەند و نووسراویان لەسەر دەنووسی، ئەمەش بووەتە هۆی ناشیرینکردنی دیوی دەرەوەی ئەم ئەشکەوتە مێژووییە.