دیمەن محەمەد: داگیرکاری لەسەر خاک توندوتیژی دژی ژنانی زیادکردووە

بە لاڕێدابردنی ڕووداوەکان لەلایەن میدیاکان و سزا نەدانی تاوانباران وایکردووە کە ساڵی تازە تەنها بە ژمارە بێت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بمێنێتەوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: بەهۆی داگیرکاری سەر خاکەکەمان توندوتیژییەکان زیادیکردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هاتنی ساڵی تازە واتای نوێبوونەوەی هیوای تاکە، لەناویشیاندا ژنان هیوای ئەوەیان دەخواست کە ساڵی تازە ببێتە مایەی کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکان، بەڵام هەر لە سەرەتای چوونە ناو ساڵی تازەوە توندوتیژییەکان لە باشووری کوردستان زیاتر پەرەیسەند، هەر یەکەم ڕۆژ ژنێکی گەنج بەهۆی هەژاریەوە خۆی کوشت، ژنێکی گەنجی ١٥ ساڵ لەلایەن ٧ کەسەوە دەستدرێژی کرایە سەری، ژنێکی گەنجی ١٥ ساڵی تر لەلایەن باوکیەوە کوژرا، ژنێکی گەنجی دیکەش لە هەڵەبجە بێسەروشوێنە.

 

دیمەن محەمەد، لێپرسراوی یەکێتی ژنان لە کەرکوک، باسی لەو توندوتیژییانە کرد کە لە ساڵی تازەدا بەرۆکی ژنانی گرتووە، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و وایکردووە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ژن و پیاودا بکرێت و هەمیشە ژنان خەتابار بکرێن لە هەموو ڕووداوێکدا.

 

"بەردەوام خەباتمان کردووە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی"

دیمەن محەمەد ئاماژەی بەوەدا، ژنانی ئازادیخواز، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوەکان ساڵانێکە خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوریدا، چونکە کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و بەدواوە چەوساوەیی و توندوتیژی بەرامبەرکراوە و ئازاری چەشتووە، "لە دوای ڕاپەڕینەوە خەبات دەکرێت لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری نەمێنێت، ئێمە خەریک بوو بەرهەمی خەباتی ئەو چەند ساڵەمان دەچنییەوە، بەڵام بە داخەوە دووبارە ئەو نەهامەتییە لە شەڕی داعشدا بەرۆکی کوردی گرتەوە، بەڵام ئێمە لە خەباتی خۆمان نەوەستاین و بەرامبەر بە دوژمن وەستاینەوە، بۆ ئەوەی چیتر کورد و بە تایبەت ژنان نەکەونە ژێرباری توندوتیژیەوە".

 

"تاکەکانی کۆمەڵگە توڕەیی خۆیان لە خێزانەکاندا بەتاڵ دەکەنەوە"

دیمەن محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەقڵیەتەکە تا بێت بەرەو دواوە دەڕوات، بەهۆی ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە، وتیشی: دوژمن دەستی خستووەتە ناو خاکمانەوە و دەیەوێت بە زاڵکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژییەکان زیاتر بکات و بمانکاتە کۆمەڵگەیەکی ژێردەستە تا خەبات و پێشەنگایەتی لەناو کوردا نەهێڵێت، هەروەها نەبوونی دەسەڵات و بەڕێوەبردنێکی باش وایکردووە ئەقڵیەتەکە وەکو خۆی بمێنێت و بەرەو پیشەوە نەچێت.

 

دیمەن محەمە وتیشی: ئەو توڕەیەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە لە دەسەڵات هەیەتی، لە خێزانی خۆیدا بەتاڵی دەکاتەوە، ئەگەر بە کوشتنی منداڵەکەی بێت یان هەر شتێکی تر گرنگ نییە بەلایەوە، جیاوازی جوگرافیای شارەکانیش هۆکارە بۆ ئەوەی جیاوازی ئەقڵیەت هەبێت، لە هەر شوێنێک ئەقڵیەتێک هەبێت ئەو ئەقڵیەتە حکوم دەکات.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە ژنان سڵ بکەنەوە لە ڕۆشتن بۆ هەندێک شوێن"

دیمەن محەمەد جەختی کردەوە، کە ئێمە ٣٠ ساڵە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەقڵیەتە نەهێڵین کە ڕژێمی بەعس چەسپاندبووی، بەڵام بە داخەوە ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریە هەر ماوە کە هەندێک شوێنی قەدەغە کردووە لە ژنان و بە عەیبە دادەنرێت، خەڵک لەسەر سەردانی ژنێک بۆ هوانە هێرشی توندییان کردەسەر ئەو ژنە و بیانووی زۆریان دەهێنایەوە بۆ ئەوەی ژنەکە خەتابار بکرێت، بەڵام ئەو ژنە گەنجەی کە لەلایەن باوکیەوە کوژرا هیچ بیانوویەکی هەڵنەگرت بۆ ئەو کارە قێزەونە، بەڵام کۆمەڵگە بیدەنگ بوو چونکە کارەکە پیاو ئەنجامی دابوو.

 

"دەبێت تاکەکانی خێزان بەبێ جیاوازی پەروەردە بکرێت"

دیمەن محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت پەروەردەی خیزانەکان بکرێت بە بێ جیاوازی کردن لە نێوان کور و کچدا، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە وا پەروەردە بکەین کە بەتوانا بن و دوژمن نەتوانێت ڕووبەڕوویان بێت، ئەگەر لە شوێنێکدا ژنێک پێویستی بە یارمەتی هەبوو، وەکو کەسی نزیکی خۆی یارمەتی بدات و سوکایەتی پێنەکات، "بەڵام تا ئیستا نەتوانراوە تاکێک پەروەردە بکرێت کە شتەکان قبوڵ بکات، وە پەیامی من ئەوەیە بۆ هەموو دایک و باوکێک کە منداڵەکانیان بە شیوەیەک پەروەردە بکەن کە پارێزگاری لە خاک و مافی ژنان بکەن، نەک توندوتیژی بکەن بەرامبەر بە ژنان."

 

"میدیاکانی ئێستا دوای ناوبانگ کەوتوون"

دیمەن محەمەد باسی لە ڕۆڵی میدیا کرد و وتی: بەداخەوە میدیای ئەم سەردەمە بووە بە فرە میدیایی و تەنها دوای ناوبانگ کەوتوون، وای لێ هاتووە کام پەیج یان سایت زۆرترین بابەت بوروژێنێت ئەوە پێشکەوتووە، ڕاگەیاندنەکان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر ڕووداوەکان بخەنە پێش چاوی بیەنەر، ساڵانی ڕابردوو میدیا ڕۆڵێکی باشی نەبوو، بۆیە هیوادارم کە ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵێک کە میدیاش گۆڕانکاری بەسەر خۆی بهێنێت.

 

"یاسا سزای ئەو کەسانە نادات کە توندوتیژی دەکەن"

دیمەن محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە وڵاتی ئێمەدا یاسا سەروەر نییە ئەمەش وایکردووە کە ئەنجامدانی تاوان ئاسان ببێت و کەس نەترسێت لە سزا وەرگرتن، کاتێک کەسێک لە زیندانە و دووبارە دەخرێتەوە ناو کۆمەڵگە ڕقی ناو زیندانی هەڵگرتووە و بەرامبەر بە خەڵک دەیڕێژێت، یان کەسێک کە لە پێشینەی تاوانی هەیە و دەستگیر ناکرێت وادەکات کە توندوتیژییەکان زیاتر ببێت، بۆیە لە هەر وڵاتیک یاسا سەروەر نەبوو، ئەم ڕووداوی توندوتیژییانە دووبارە دەبنەوە، بۆیە دەبێت هەر کەسێک کە لە زیندان دەردەکرێت، پێویستە مەرجی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی دەست نەباتەوە بۆ تاوان.