"بخوێننەوە دژی ئەو بەربەستەی کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی پەرتوک نادات"

شیرین عەبدولڕەحیم، بەرپرسی پەرتوکخانەی ئامانییە و تەمەنی ١٩ ساڵە، باسی لە پەرتوکخانەکەی کرد و وتی: بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی کە هەیە، ڕێگە نادرێت پەرتوک بێتە ناو ڕۆژئاواوە، بەڵام گەنجان دەبێت بخوێننەوە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- بە خوێندنەوەی پەرتوک زانست و زانیاری نوێ بەدەستدێت، زانستی خەڵک زیاد دەکات.

 

شیرین عەبدولڕەحیمی ١٩ ساڵ، بەرپرسی پەرتوکخانەی ئامانییە و باسی پەرتوکخانەکەی بۆ کردین، کە پەرتوکی زۆری تێدایە و وتی: پێنج مانگە پڕۆژەی پەرتوکخانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم دەستپێکردووە، ئەو کەسانەی هاوکاریان کردم و پشتیوانیان کردم هاوڕێ و خێزانەکەم بوون، ٪٩٠ی کارەکانم لەسەر ئینتەرنێتە، بەڵام ئەو ڕێگرییە هاتە بەردەمم کە پڕۆژەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاونەدەبووە و هەموو کەس کارەکانی منی نەدەبینی، لە پەرتوکخانەکەمدا نزیکەی ٢٠٠ پەرتوک هەیە، کە لە بواری ئایینی، ڕۆشنبیری، هونەری بە زمانی کوردی و عەرەبی دان.

 

"تەنها شتێک کە خەڵک زانا دەکات خوێندنەوەی پەرتوکە"

شیرین عەبدولڕەحیم ئاماژەی بەوەشکرد، خوێندنەوەی پەرتوک زانست زیاد دەکات و مرۆڤەکان پەرەپێدەدات و بەشێکە لە پەروەردە و وتیشی: لەناو پڕۆژەکانمدا، پڕۆژەی کردنەوەی پەرتوکخانەکەی خۆمم هەڵبژارد، چونکە پێشتر خۆم پەرتوکم دەخوێندەوە و بینیم خوێندنەوەی پەرتوک بەشێکە لە پەروەردە کە مرۆڤەکان پەرە پێدەدەن و شارەزایان دەکات، من لە ساڵی ٢٠١٩ دەستم بە خوێندنەوەی پەرتوک کرد، هەموو پەرتوکێک لە قامیشلۆدا نییە، بەهۆی ئەو گەمارۆیانەی هەیە، دواتر ویستم پەرتوکخانەیەک بکەمەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی کۆمەڵگەکەم بدەم بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە بەدەستهێنانی پەرتوکدا نەیەتە ڕێگەیان.

 

"ڕێگە بە ‌هێنانی پەرتوک بۆ ڕۆژئاوا نادرێت"

شیرین عەبدولڕەحیم ئاماژەی بە سەختی بەدەستهێنانی پەرتوک و هێنانی پەرتوکەکان کرد و وتی: ئەو پەرتوکانەی دەیهێنم لە شوێنێکی تایبەتەوە نین، لە زۆرێک لە پەرتوکخانەکانی قامیشلۆ دەیهێنم و هەندێک پەرتوکیش هەن کە لە قامیشلۆ بەردەست نین، داوایان دەکەم، کارەکانم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زۆر باشتر بووە، بە تایبەتی ژنانی گەنج زۆر تامەزرۆن بۆ خوێندنەوەی پەرتوک، ئەوەش دەریدەخات کە پێشکەوتن لەگەڵیاندا ڕوودەدات، هەر بۆیە زۆر کەس پەرتوکیان لە من دەوێت، نەک هەر لە قامیشلۆوە، لە هەموو شوێنێکەوە داواکاری پەرتوکم بۆ دێت، پێشانگای هەرەکۆل ساڵانە لێرە بەڕێوەدەچێت، من دەچمە پێشانگاکە و لەوێوە چەند پەرتوکێک دەهێنم.

 

"با گەنجان پەرتوک بخوێننەوە"

شیرین عەبدولڕەحیم داوای لە ژنانی گەنج کرد پەرتوک بخوێننەوە و زاناییان زیاد بکەن و لە کۆتاییدا دەڵێت: پێموایە خوێندنەوەی پەرتوک بۆ هەموو کەسێک باشە، مرۆڤەکان بە خوێندنەوە گەشە دەکەن، کۆمەڵگەکەیان باشتر و شارەزاتر دەکەن، هیوادارین گەنجەکانمان پەرتوک بخوێننەوە و زانا بن و کۆمەڵگەکەیان پەرەپێبدەن.