ژنانی ئێزدی کە بوونەتە قەڵغانی زیندوو: خاوەنداری لە عەفرین بکەن

ژنانی ئێزیدی لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ کە دەوڵەتی تورک هێرشیکردە سەر عەفرین، وەک قەڵغانێکی زیندوو گەڕانەوە بۆ عەفرین و وتیان: عەفرین فەرمانێکی نوێ بوو دەبێت خاوەنداری لە عەفرین بکەن.

ڕۆناهی خوەدێدا

 

شەنگال- شەش ساڵ لەمەوبەر، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە ڕەزامەندی و پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان هێرشیان کردە سەر عەفرین، دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیکردە سەر عەفرین و کۆمەڵکوژی بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و تانک و تۆپ لەبەردەم هەموو جیهاندا ئەنجامدا، بەرخۆدانێکی بێوێنە هەبوو بەرامبەر هێرشی داگیرکەران لەلایەن گەلی عەفرینەوە کە وەک بەرخۆدانی سەردەم چووە ناو مێژووەوە، کچان و کوڕانی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بۆ پاراستنی خاکەکەیان بەرخۆدانیان کرد و ژیانیان بەخشی.

 

لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لە ئەنجامی هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی عەفرین داگیرکرا، دوای داگیرکردنی عەفرین، موڵکی گەل لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە تاڵان کرا، دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ سیاسەتی جینۆسایدی خۆی جێبەجێ کرد؛ ناوی کوردی گەڕەکەکان، شەقامەکان، ناوچەکان، کران بە تورکی، چەتەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا لەگەڵ خێزانەکانیان لە عەفرین نیشتەجێکران، دەستبەرداری خاکەکەیان نەبوون زۆربەیان کوژران. ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە دەستدرێژی زایەندیان کراوەتەسەر و کوژراون، ژمارەیەک ڕفێندران و ئەشکەنجە دران، هەزاران دار زەیتون تاڵانکران و دیموگرافیای ناوچەکە گۆڕدرا.

 

ئەم دڕندەییە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە تا ئێستاش بەردەوامە، سەرەڕای هەموو بەڵگەنامە و وێنەکان، هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە بەرپرسیارەکان لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن و خۆیان کەڕ و لاڵ و کوێر کردووە.

 

سەبارەت بە عەفرین کە ماوەی ٦ ساڵە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیدایە، ژنانی شەنگال کە لەو کاتەدا بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنی گەلی عەفرین کۆچیان کردبوو بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

"تورکیا و داعش پێکەوە هێرش دەکەن"

خۆخێ شەنگالی، یەکێک لەو دایکانەی چوو بۆ عەفرین پشتیوانی لە گەلەکەی کرد و تیشکی خستەسەر تەڤگەری گەل بەرەو عەفرین و وتی: کاتێک هێرش بۆ سەر عەفرین دەستی پێکرد، ژنان و پیاوان بەرەو عەفرین ڕۆیشتن، لە کاتی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ژنان و گەنجانی عەفرین هاتن بە هانامانەوە، لەبەر ئەوە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین و چووینە عەفرین، لە ڕاستیدا بارودۆخەکەیان زۆر خراپ بوو، چونکە فڕۆکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەسەر سەریان بوو، تورکیا و داعش پێکەوە هێرشیان کرد، لە ئازارێکی زۆردا بووین، هەندێک جار ڕۆژانە تەرمی ٢٠ گەنجمان دەردەهێنا.

 

"ئەوان بەرخۆدێرو شەهیدن"

خۆخێ شەنگالی باسی ئەو چەند ڕۆژەی کرد کە لەوێ مابوونەوەو وتی: چەند ڕۆژێک لە عەفرین ماینەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک وتیان کە شەڕەکە نزیکە لە عەفرین و چوونە ناو عەفرینەوە، چەتەکان کۆمەڵکوژییان کردو ئەشکەنجەی خەڵکیان دا، ژنانی ئێزدی لە عەفرین ڕفێندران، ئەو ئێزیدییانەی کە ڕەتیان کردەوە ئایینەکەیان بگۆڕن کوژران، لە ماوەی فەرمانەکەدا دەیان ژن خۆیان کوشت و ١٩ ژنیش لە قەفەسێکدا خۆیان سووتاند، ئەوان بەرخۆدێرو شەهیدن، لە کاتی ڕۆیشتنمان بۆ عەفرین، دڵخۆش بووین، بەڵام بە ئازارەوە گەڕاینەوە، هیوادارین گەلی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داعش لەوێ دەربکرێن.

 

بانگەواز بۆ پشتیوانی: بێدەنگ مەبن

خۆخی شەنگالی داوای لە هەمووان کرد پشتیوانی لە عەفرین بکەن و وتی: وەک ژنانی ئێزیدی، پەیاممان ئەوەیە ئەگەر مرۆڤایەتی هەبێت، ئەگەر ماف و یاسا هەبێت، د بچن بۆ عەفرین. دڕندایەتی و ستەمی عەفرین کۆتایی پێبێنن، پێویستە هەموو هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا بوەستێندرێن، تا ئێستا هیچ مافێکی مرۆڤمان لە شەنگال و عەفرین و لە تەواوی ڕۆژئاوا نەبینیوە، ئەمریکا بەرپرسیارە لەو کارە.

 

"پەکەکە خاوەنداری لێکردین و ئێمەیان پاراست"

لە کۆتاییدا قسەکانیدا خۆخێ شەنگالی وتی: کاتێک سەدان کەسمان دەکوژرێن، ئەوان پرسیار ناکەن و خەمی ئەوان نییە، ئەوان دەڵێن پەکەکە لە شەنگالە، بەڵام ئێمە لە شەنگالین و پەکەکە هات بۆ لامان، تا کۆتایی چاکەی پەکەکە لەبیر ناکەین. ئەوەی پەکەکە کردی دەبوو حکومەتی عێراق و بنەماڵەی بارزانی ئەنجامی بدات، ناتوانین خۆمان لەو کەسانە دوور بکەینەوە کە مرۆڤایەتی دەپارێزن، پەکەکە خاوەندارییان لێکردین و ئێمەیان پاراست.

 

"دۆخی عەفرین ئێش و ئازاری ئەو فەرمانەی لە دڵماندا نوێکردەوە"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ئاماژەی بەوەکرد، ئازاری عەفرین و فەرمانەکە جیاواز نین و وتی: پێش هەموو شتێک سڵاومان بۆ گەلی عەفرین هەیە، لەو کاتەدا، کاتێک بارودۆخی عەفرینمان بینی، کە ڕۆژانە دەیان شەهید هەبوون، دەتوانم بڵێم کە ئازاری فەرمانەکەمان لەبیرکرد، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی گەلی عەفرین هەبوو، ئەگەر جەنگەکە سنگ بە سنگ بووایە، نەک بە فڕۆکە و تۆپ، عەفرین بەڕاستی لەدەست نەدەدرا، لەو کاتەدا لە عەفرین بووین بینیمان گەلی عەفرین وەک شێر بوون.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، شەمێ ڕەمۆ داوای لە هەمووان کرد خاوەنداری لە عەفرین بکەن و وتی: تا ئێستا ژنان لە عەفرین دەستدرێژی زایەندیان دەکرێتە سەرو دەکوژرێن، منداڵانیان کوشتووە و هێرش دەکەنە سەر ماڵەکان، چۆن ئەو چەتە دڕندانەیە هێرشیان کردە سەر شەنگال و دەستدرێژی زایەندیان کردە سەر ژنان و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، ئێستا لە عەفرین هەمان شت دەکەن، داوا لە خەڵکی خاوەن ویژدان دەکەم خاوەنداری لە عەفرین بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن دادگایی بکرێن.

 

"ئەوەی بەسەر عەفریندا هات فەرمان بوو"

کنێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" وتی: سەرەتا یادی شەهیدانی عەفرین دەکەینەوە و سڵاو لە گەلەکەی دەکەین، ئەو فەرمانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال ئەنجامدرا، ئازارێکی گەورەی لە دڵماندا دروستکرد، منداڵەکانمان کۆمەڵکوژکران، ژنان دەستدرێژی زایەندیان کرایە سەر و کۆمەڵکوژکران، بەڵام هێشتا برینەکانی فەرمانەکەمان ساڕێژ نەبووبوو، هەروەک ئەو فەرمانەی گەلی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٨ فەرمان لەسەر گەلی عەفرین جێبەجێکرا، لە کاتی هێرشەکاندا لە شەنگال ڕۆیشتین بۆ عەفرین، کاتێک ڕۆیشتین ئەو ئازارەی کە لە دڵماندا ڕوویدا لەکاتی فەرمانەکە لە عەفرین نوێ بووەووە، لە فەرمانەکەدا گەلی شەنگال بۆ ڕزگارکردنی ژنان و منداڵان و گەل لە بەرامبەر چەتە دڕندانەکان بەرخۆدانیان کرد.

 

 "تا کۆتایی لەگەڵ گەلی عەفرینین"

لە کۆتایی قسەکانیدا، کنێ خدر ڕایگەیاند، ئەوان تا کۆتایی لەگەڵ گەلی عەفرینن و وتی: وەک گەلی شەنگال و ژنانی ئێزیدی، تا کۆتایی لەگەڵ گەلی عەفرینین، هەروەک چۆن شەنگالمان بە هێز و شەهیدەکانمان ئازاد کرد، باوەڕمان وایە عەفرینیش ئازاد دەبێت، ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین دەیکەن لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئەنجام نادرێت، بۆیە داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێبکەن و خاوەنداری لە عەفرین بکەن، لەگەڵ گەلی عەفرینین تا کۆتایی، بژی بەرخۆدانی عەفرین، بژی بەرخۆدانی ژنانی عەفرین، بژی بەرخۆدانی گەریلا، سڵاو لە گەل و هێزەکانی عەفرین دەکەین و دەڵێین ئەمە سەرکەوتنی ئێمەیە.