گوڵی نێرگس، سەرچاوەی بژێوی منداڵانی ئیدلب

لەگەڵ خۆرهەڵاتنی هەموو بەیانییەک، منداڵان لە ئیدلب دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک گوڵ، گەڕان بە ڕێگا سەختەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی چیاکان، بۆ بەدەستهێنانی هەندێک پارە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- زستان دەرفەتێکە بۆ زۆرێک لە دانیشتوانی ئیدلب بۆ کۆکردنەوەی گوڵی نێرگس لە چیاکان و چۆڵەوانییەکان و منداڵانیش بەشداری لەم کارە ئازاربەخشەدا دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە.

 

سەلام کامیل، تەمەنی ١٠ ساڵەو لە شارۆچکەی حاس لە باشووری ئیدلبەوە ئاوارە بووە بۆ شارۆچکەی ڕاس ئەلحسن لە باکووری ئیدلب، هەموو بەیانیەک لەگەڵ برا بچووکەکەیدا لەناو بەردەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیانفرۆشن و هەندێک پارە کۆبکەنەوە بۆ کڕینی دەرمان بۆ دایکیان کە نەخۆشی هەستیاری هەیە، وتی: کۆکردنەوەی نێرگس یەکێکە لە پیشە سەختەکان، چونکە کۆکردنەوەی لە لێواری چیاکان کاتێکی زۆری دەوێت و زەحمەت و مەترسیی دەبینین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەی کۆکردنەوە، گوڵەکان پۆلێن دەکات و بە پەتێکی بچووکەوە دەیانبەستێتەوە و دواتر لەگەڵ براکەی لەسەر گۆشەی ڕێگاکە ڕادەوەستن بۆ ئەوەی بیانفرۆشن بە ڕێبواران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان.

 

زیاتر لە ٥ ساڵ لەمەوبەر باوکی لە زیندانەکانی حکومەتی شام دەستگیرکراوە بۆیە ئەو دۆخە هەژارییەی کە لەگەڵ دایکی و سێ براکەی تێیدا دەژی، وای لێکردووە کار بکات بۆ ئەوەی خەرجی و خۆراک و دەرمان دابین بکات، ناگەڕیتەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ براکەی هەتا هەموو گوڵەکان دەفرۆشن سەرەڕای ئەوەی کەش و هەوایەکی سەخت هەیە لە ناوچەکەدا.

 

لە کۆکردنەوەی نێرگس دەستی شکاوە

وەلید ئەلخەروب، تەمەنی ١١ ساڵەو لە جەبەل ئەلزەویە ئاوارە بووە بۆ شارۆچکەی باسنیا لە باکووری ئیدلب، لە کاتی کۆکردنەوەی گوڵی نێرگس دەستی شکاوە و وتی: دوای گیان لەدەستدانی باوکم و هاوسەرگیری دایکم، من لەگەڵ باپیرە بەتەمەنەکانم دەژیم و هەموو کارێک دەکەم بۆ بەشداریکردن لە دابینکردنی خەرجی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەمان.

 

سەبارەی بە شکانی دەستی وتی:  لە کاتی کۆکردنەوەی گوڵ لە چیا نزیک شوێنی نیشتەجێبوونم کەوتوومەتە خوارەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەم دەستم چاک ببێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێمەوە سەر کار، ناچمە قوتابخانە چونکە ناتوانم خەرجی و پێداویستییەکانی قوتابخانە دابین بکەم.

 

نیرگس سوودی هەیە

لە لایەکی دیکەوە، نور حەسەن، ئەندازیاری کشتوکاڵی دەربارەی گوڵی نێرگس وتی: نێرگس یەکێکە لەو گوڵە زستانەی کە لەسەر لێوارەکانی چیاکان گەشە دەکات لە ماوەی تشرینی دووەم تا ئاداری هەموو ساڵێک و لە ڕازاندنەوە و بۆندا بەکاردێت، دژە شێرپەنجەیە، دڵ و مێشک بەهێز دەکات و دەتوانێت بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بمێنێتەوەو، خەڵک خۆشحاڵن بە بینینی و بۆنکردنی و هەندێکیان دەیکڕن بۆ ڕازاندنەوەی ماڵەوەو یان وەک دیاری دەیبەخشن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، گوڵ سەرچاوەی داهاتە بۆ هەندێک لە خێزانە هەژارەکان و دەرفەتێکە بۆ منداڵانی کارکەر کۆیدەکەنەوەو دەیفرۆشن، سەرچاوەیەکی ئابووریی ڕۆژانەیە بۆ ئەوان.