"تاڵیبان ڕێگە نادات خوێندکارانی کچ بەردەوام بن لە خوێندن"

پارێزگای مەزاری شەریف یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە ڕێگە بە کچانی سەروو پۆلی ٦ دەدرێت بخوێنن، مامۆستایان پشتڕاستیان کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تاڵیبان هەڕەشەیان لێکردوون، بەردەوام دەبن لە پەروەردەکردن و کردنەوەی خوێندنگە.

بەهاران لەهیب

 

کابول- تاڵیبان بەردەوامە لە ڕێگریکردن لەوەی کچان مافی خوێندنیان هەبێت، خوێندنگەکانی داخست و مەرجەکانی سەرپۆشی ناچاری سەپاند بۆ مامۆستایان و کچان و زیادکردنی وانەی ئاینی، ئەمانەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مافی خوێندنیان.

 

مەزاری شەریف تاکە پارێزگایە کە ساڵی ڕابردوو کچانی سەروو پۆلی ٦ ڕێگەیان پێدرا بچنە قوتابخانە، بەڵام هەموو خوێندکار و مامۆستاکانی لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندا بوون، بەرپرسانی تاڵیبان هەمیشە بەبێ مۆڵەت و لە کاتەکانی خوێندندا دەچوونە خوێندنگەکان بۆ پشکنینی جلوبەرگی قوتابیان و مامۆستایان، بەڵام ئەمساڵ ڕێگەیان نەدا کچانی سەروو پۆلی ٦ بچنە قوتابخانە و ژمارەیەکی زۆر مامۆستایان دەرکرد.

 

"بە چەک هەڕەشەیان لێکردین"

س.ف مامۆستا لە خوێندنگەیەکی کچانی مەزاری شەریف لەبارەی بارودۆخی ئێستای خوێندنگەکەیەوە وتی: کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی مەزاری شەریفیان کرد، دوای زیاتر لە هەفتەیەک، مامۆستایان و خوێندکاران بڕیاریاندا دووبارە بچنەوە خوێندنگە، دوو ڕۆژ دواتر، تاڵیبان هەڕەشەی لێکردین و هەموو مامۆستاکانی بانگهێشت کرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکە بۆ کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە هەڕەشەیان لێکردین بە چەک ئەگەر فەرمانەکانیان جێبەجێ نەکەین، دەکوژرێین، بەڵام سوور بووین لەسەر پەروەردەکردنی کچان و کردنەوەی خوێندنگە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرپرسانی تاڵیبان هەموو ڕۆژێک دەچن بۆ خوێندنگە و هەڕەشەیان لێ دەکەن، مامۆستایانی خوێندنگەکە حیجابیان لەبەر نەدەکرد، ڕۆژێک بەرپرسێکی تاڵیبان بینی کە بەبێ حیجاب دەچنەناو خوێندنگەوە، هاتە ناو پۆل و هەڕەشەی لێ کردین کە هەرکەسێک پابەند نەبێت بە حیجابەوە دەبێت بڕوات.

 

بەرپرسانی تاڵیبان هەموو ڕۆژێک ئەم کارە دەکەن لە خوێندنگەکانی مەزاری شەریف، هەندێک جار لە دەرگای خوێندنگەکان دادەنیشن و جانتای کچان دەگەڕێن، ئەگەر جوانکاری یان ڕووپۆشی ڕەنگاوڕەنگیان لە جانتای قوتابیان و مامۆستایاندا دۆزییەوە، ڕێگەیان پێنادەن بچنە ناو خوێندنگەو دەستیان بەسەردا دەگرن، ئەگەر جارێکی دیکە شتێکیان دۆزییەوە، بە چەک هەڕەشەیان لێ دەکەن.

 

خوێندکارانی کچ ماندوون لەم بارودۆخە و داخستنی خوێندنگەکان لەلایەن تاڵیبان، بەڵام هەموو ئەمانە بڕیاری ئەوان کەم ناکەنەوە سەرەڕای ئەوەی ناچارن حیجاب لەبەر بکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وانەی ئاینی زیاد دەکرێت بۆیان.