لەبەر نەبوونی گرنگیدانی خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکان توانای منداڵان لەناودەچێت

نەبوونی ناوەندی پەوەردەیی کە تەواو گرنگی بدات بە توانای منداڵەکان و پاڵپشتی نەکردنی خێزان بۆ بەرەوپێشچوونی بەهرەی منداڵەکان، بوونەتە هۆکاری سەرەکی گەشەنەکردنی بەهرەی منداڵان و تەنها لە ناخیاندا دەمێنێتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- منداڵان خاوەنی بەهرە و توانای شاراوەن لە ناخی خۆیاندا، ئەم توانایە لە تەمەنێکی دیاریکراوەوە دەردەکەوێت بەر لەوەی بچنە ناوەندە پەروەردەییەکانی وەک ڕەوزە و خوێندنگەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە خێزانەکان هیچ گرنگی بە توانای منداڵەکانیان نادەن و هەمیشە بێدەنگیان دەکەن، لە ئاست ئەو شتانەی خولیایان بۆی هەیە، بۆیە حەزی منداڵان و تواناکانیان بەهەمان شێوەی خۆیان سەرکوت دەکرێت و نامێنێت.

 

منداڵان هیوایەکیان بە ناوەندە پەروەردەییەکان هەیە کە هاوکاریان بکات لە بەدیهێنانی خولیاکانیان بەڵام کاتێک دەچنە ناوەندەکان، دەبینن بەهەمان شێوەی خێزانەکانیانە و هیچ دەرفەتێکیان بۆ ناڕەخسێندرێت تا بتوانن خۆیان بدۆزنەوە لە خولیاکانیاندا، تەنها خوێندن ئامانجی سەرەکی ناوەندەکانە، بۆیە دووبارە بێ هیوا دەبن و نابنە ئەو کەسانەی بە بەهرەی خۆیان سەرکەوتن تۆمار بکەن.

 

"منداڵ لە تەمەنی ١ ساڵییەوە بەهرە و تواناکانی دەردەکەوێت"

دڵنیا عوسمان، ڕێنمایکاری پەورەردەیی، ئاماژەی بەوەکرد، بەشێوەیەکی گشتی منداڵان خاوەن بەهرە و توانایەکی جۆراوجۆرن، لە تەمەنی ١ ساڵییەوە منداڵ بەهرەکانی تێدا دەردەکەوێت، تا تەمەنی ٦ ساڵی منداڵ دەتوانێت بەهرەکانی خۆی دەربخات، زۆر کات بەهۆی گوێنەدانی خێزانەکان بە بەهرە و توانای منداڵەکە، یاخود بە پشتگوێ خستنیان لەلایەن ناوەندە پەروەردەییەکانەوە ئەم بەهرەیە گەشە ناکات و لە دوای شەش ساڵییەوە منداڵەکە بەهرەکەی لەناو دەچێت، چونکە لە کاتی خۆیدا گرنگیان پێنەداوە، وتیشی: دایک و باوکی ئێستا پێی وایە منداڵەکەی ئەوەندەی پێویستە لەلایەنی زانستییەوە بەرەوپێش بچێت، پێی وانییە منداڵەکەی بەهرە و توانایەکی هەبێت و هەوڵی پەرەدانی بدات.

 

"چاودێریکردنی منداڵان گرنگە بۆ زانینی بەهرە و تواناکانیان"

دڵنیا عوسمان باسی لەوەکرد، زانینی بەهرەی منداڵ پێویستی بە چاودێریکردنە لە کاتی یاریکردن و ئەو ڕەفتارانەی بە درێژایی ڕۆژەکە ئەنجامی دەدات، چاودێریکردنەکە پێویستە لەلایەن دایک و باوکەوە بکرێت، هەروەها مامۆستا و چاودێرانی ئەو باخچە و ڕەوزانەی منداڵەکەی لێیە بزانن منداڵەکە توانای جیاوازی هەیە، کە جیای بکاتەوە لە منداڵەکانی دیکە، تا بتوانن برەو بە تواناکانی بدەن، دەشڵێت: تا ئێستاش سیستمێک باوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە دایکان و باوکان هێندەی گرنگی بەوە دەدەن منداڵەکانیان لە خوێندنگە سەرکەتوو بن و نمرەی بەرز بەدەست بهێنن، ئەوەندە گرنگی بەتوانای منداڵەکانیان نادەن.

 

مامۆستا دڵنیا هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی شوێنێک کە دایک و باوک بتوانێت منداڵە بەهرەمەندەکەی بباتە ئەو شوێنە و پەرە بە تواناکانی بدەن.

 

"ناوەندە پەروەردەییەکان گرنگی بە تواناکانی منداڵان نادەن"

دڵنیا عوسمان ئاماژەی بەوەشدا، لە ناوەندە پەورەردەییەکان هیچ خول و ڕاهێنانێک بەو منداڵانە ناکرێن کە بەهرەدارن، بۆیە زۆرکات توانای منداڵەکە لەناودەچێت، سەرەڕای ئەوەش هەندێک خێزان هەن گرنگی بە توانای منداڵەکانیان دەدەن و لە وەرزی هاویندا دەیاننێرنە ئەو خولانەی حەزی پێدەکەن و توانای جیاوازیان تیایدا هەیە، وەک "خولەکانی مەلە، وێنەکێشان، میوزیک و نوسینی چیرۆک".

 

مامۆستا دڵنیا بە پێویستی دەزانێت ناوەندی پەروەردەیی وا هەبێت کە منداڵان بەهرەکانیان تیایدا دەربخەن، تا بەهرەکانیان لەناو نەچێت، بەهرەی ئەقڵی و جەستەیی هەن لەو ناوەندانەدا کەسانی پسپۆڕ هەبێت و بتوانێت تواناکانیان بەرەوپێش بەرێت، هەروەها بە گرنگی بدەزانێت سەرجەم پێداویستییەکان بۆ ئەو منداڵانە دابین بکرێت کە پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرە و تواناکانیان بدەن، بۆ نمونە منداڵێک حەز بە وێنەکێشان دەکات، گرنگە پێداویستییەکانی کێشانی وێنەی بۆ دیاری بکرێت، بۆ هەموو بەهرەکانی دیکەش بە هەمان شێوەیە.

 

"خێزان پاڵپشتی سەرەکی منداڵەکانن بۆیە دەبێت تواناکانیان پشتگوێ نەخەن"

مامۆستا دڵنیا باسی لەوەکرد، کێشەیەکی دیکە هەیە کە ڕێگرە لە بەردەم بەهرە و توانای منداڵەکان، ئەویش کۆمەڵگەی کوردییە کە هەمیشە پێی وایە ئەگەر منداڵێک جگە لە خوێندنەکەی گرنگی بدات بە خولیاکانی، ئەوا خوێندنەکەی پشتگوێ دەخات و ناتوانێت لە بوارە زانستییەکە بەرەوپێش بچێت، بۆیە توانای منداڵەکان لەناو دەبەن کە ڕەنگە لە داهاتوودا بەو توانایە ببنە کەسانێکی سەرکەتوو.

 

لە کۆتاییدا وتی: بەهرە و توانای منداڵ لەناو دەچێت، کاتێک لەلایەن خێزانەکانیانەوە پاڵپشتی ناکرێن، بۆیە پێویستە خێزانەکان و ناوەندە پەورەردەییەکان گرنگی بە تواناکانی منداڵەکان بدەن و بیانبەنە ئەو شوێنانەی پسپۆڕی تایبەتی لێیە بە تواناکانی منداڵەکانیان.