دەستفرۆشی لە میترۆدا: گێڕانەوەی ئازارێکی بێکۆتایی

سارا، فرۆشیارێکی دەستیی ناو میترۆیە، گلەیی لە نەبوونی کار و هەڵاوسان و گرانی نرخی کەلوپەلی سەرەتایی و کرێی خانوو دەکات و دەڵێت: دەسەڵات هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە پشتگوێ دەخات و بە گیر بە حیجابەوە دەدات.

شەبنەم تاوەکەلی

 

تاران- سارا محەمەدی ژنێکی فرۆشیارە و لە وێستگەی میترۆدا کەلوپەل دەفرۆشێت، ڕوونە کە ژیانێکی سەخت دەژی و گلەیی لە کەمی کار و هەڵاوسان و گرانی تێچووی کەلوپەلی سەرەتایی و کرێی خانوو هەیە، سارا بارودۆخی کۆمەڵگە ڕووندەکاتەوە، باسی خۆکوشتنی کچ و کوڕی گەنج دەکات کە خۆیان فڕێ دەدەنە ژێر میترۆ و هۆکاری خۆکوشتنیان، بۆ بێکاری و نائومێدی دەگەڕێنێتەوە.

 

 سارا دەڵێت: هەموو ڕۆژێک هەراسان دەکرێم، تەنانەت لەلایەن ئەو پیاوانەی کە هاوتەمەنن لەگەڵ باوکم، هیچ ئومێدێکم بۆ داهاتوو و منداڵەکانم نییە، زۆر جار ویستومە کۆتایی بە ژیانم بهێنم، بەڵام لەپێناو منداڵەکانم پەشیمان بوومەوە، زۆر هەوڵ دەدەم بەڵام ناتوانم هیچ بەدەست بهێنم، هەست بە بەدبەختی دەکەم کاتێک منداڵەکەم داوای شتێکم لێدەکەن و ناتوانم بۆیان دابین بکەم.

 

چیرۆکی ژیانی سارا، چیرۆکی ژیانی زۆرێک لە ژنانی بەڕێوەبەری ماڵە و بە گوێگرتن لە قسەکانی، دەتوانین باشتر لە دۆخی ئەوان تێبگەین، زۆر ژن هەن کە بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی ماددی و پاڵپشتی دارایی کۆمەڵگە و خێزان، ناچارن کاری قورس و ماندووکەر بکەن و بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هیچ ڕووناکییەک بۆیان نییە، بەڵام بەدەست ماندوێتی و شکستی دەروونی و جەستەییەوە دەناڵێنن، کە بە نائومێدی کۆتایی دێت و تەواو.

 

سارا بەڕێوەبەری خێزانەکە و دایکی سێ منداڵە، کە نزیکەی ١٠ ساڵە بە فرۆشتنی دەستیی لە میترۆدا بژێوی ژیانی دابین دەکات، لە یەکەم ساتدا کە ژنە فرۆشیارەکان لە میترۆدا دەبینین، تەنها وەک فرۆشیارێک دەیانبینین، بەڵام فرۆشتن لە میترۆکاندا بە واتای کارکردن بۆ چەندین کاتژمێر لە ناوەڕاستی قەرەباڵغی خەڵکی ماندوو و تووڕە دێت، بە واتای لەناو ژاوەژاوی دەنگدا دەێت کە بە شێوەیەکی نائاگایانە ماندوێتی دوو هێندە دەکات، هەروەها کارکردن لە تونێلی داخراودا کە هەندێک جار بەهۆی نەبوونی و ئۆکسجین و بڵاوبوونەوەی گازی زیانبەخش بەهۆی میترۆکانەوە،دەبێتە هۆی کێشەی سییەکان و شێرپەنجە، هەروەها دەردانی گازی ڕادۆن لە شەمەندەفەرەکانەوە دووەم هۆکاری شێرپەنجەی سییەکانە لە جیهاندا دوای جگەرەکێشان.

 

هەبوونی کەمترین ئاستی ژیان و دابینکردنی کەمترین ئاسانکاری ئاسوودەیی لە کۆمەڵگە گەشەسەندووەکان یان پێشکەوتووەکاندا بۆ ژیانی مرۆڤ پێویستە، هەموو کۆمەڵگەیەک بەرپرسیارە لە بەرامبەر هەر یەکێک لە هاوڵاتیانی و دەبێت هەلومەرجێک دروست بکات کە مرۆڤ لە ژینگەیەکی تەندروستدا گەشە بکات و لە پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانەدا پلانی پێشکەوتن و ئامانجەکانی دابنێت و ئاسۆیەکی ڕوونی هەبێت بەرەو ژیان.

 

بەڵام لە ئێران دۆخی خراپی ئابووری لە لایەک و ئەو هەڵاواردنانەی کە بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتین لە لایەکی دیکەوە، هەلومەرجی خراپی بۆ بژێوی ژیان دابین کردووە، لە کاتێکدا لە زانکۆکان بەم دۆخە، ئەگەر وەک ژنێک بەڕێوەبەری بنەماڵە بیت، دەبێت پێشوەختە قۆڵەکانت بچەمێنیتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەرجەکانی ژیان و سەختییەکانی کارکردن و سەپاندنەکانی ڕژێم.