"سیستمی دەسەڵاتداری ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان داوە"

توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە هەر بیانوویەک بێت بەردەوامە و چالاکوانێکیش دەڵێت: سیستمی دەسەڵاتداری ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان داوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لەلایەن پیاوانی خێزان و هاوژین و نزیکەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، بە بیانووی ئاین و ڕەگەز و شەرەفەوە بێدەنگە لە کوشتنەکە دەکرێت، لە کۆمەڵگە داخراوەکانیشدا بەهۆی دابونەریت و ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریەی دەسەڵات پەیڕەوی دەکات هەق بە پیاوان دەدەن لە بەرامبەر کوشتنی ژناندا، چونکە دەسەڵات هەمیشە لە هێز و ئیرادەی ژنان ترساوە و دەیەوێت بەو شێوەیە خۆسەپاندنی خۆی بپارێزێت.

 

"کوشتنی ژنان هەمیشە لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوەیە"

ڕۆزەرین کەمانگەر، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا ئێستا خەباتی ژنان هەیە و دەرگا کراوەتەوە بۆ تێکۆشانیان، لەگەڵیدا ڕاستیەکیش هەیە و بە بەردەوامی ژنان دەکرێنە قوربانی و دەکوژرێن، ئەم خەباتەش بەرامبەر بە زهنیەتییەکی پیاوسالار و کۆمەڵگەیەک کە دابونەریتی کۆن بەسەریدا زاڵە دەکرێت، هەر بۆیە کوشتنی ژنان هەمیشە لەلایەن باوک، برا، مام یان پیاوێکی لەناو دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت، چونکە ژنان بە شەرەفی خۆیان دەبینن، هەروەکو ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەریهەڵدا و لەلایەن دەسەڵاتەوە ژنان دەکوژران و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا کە تا ئێستاش درێژەی هەیە، چونکە هەمیشە دەسەڵات تێکۆشانی ژنان بە مەترسیەکی گەورە لەسەر خۆی دەبینێت، ئەم هێرشانە لەسەر ئیرادە و هێز و تێکۆشان زهنیەتی ژنانە، بۆیە کوشتنی فیزیکیش بەشێکە لەوانە.

 

"بە ناوی شەرەفەوە ژنان دەکوژرێن"

ڕۆزەرین کەمانگەر ڕوونی کردەوە، ئەو ژنە گەنجانەی لەم ماوەی پێشودا لەلایەن باوکیانەوە کوژران، هەر ئەوانە بوون کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە کۆمەڵگەدا دەوتەوە، ئەم کوشتنانە ناوی جیاواز لە خۆ دەگرێت و دەبێتە نەریت، یاسا و زۆر جار بە ناوی شەرەفەوە دەکرێت، بۆیە دەبینین لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا پێناسەیەک بۆ ژنی باش دانراوە، کە دەڵێت ژنی باش ئەوەیە دەنگی دەرنەکەوێت و لە چوارچێوەی ماڵدا بمێنێت و هەرچی زهنییەتی پیاوسالاری هەیە قبوڵی بکات، وە ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەک کە تێکۆشان دەکات، قبوڵ کراو نییە.

 

وتیشی: لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا ڕەگەزپەرستە، بێگومان ڕەوایەتی دەدات بە تاوانبار و هەقی تاوانلێکراو وەرناگرێتەوە، کوشتنی ژنان جوگرافیا نازانێت، چونکە تا ئەم ئەقڵیەتە هەبێت کوشتنی ژنان فەرز دەکرێت، ژنانیش بۆ ئەوەی پێناسەی قوربانی بوون ڕەت بکەنەوە دەستیان بە تێکۆشان کردووە، هەر ئەم تێکۆشانەی ژنان وای کردووە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا و بەزۆر بەشودان کەم بێتەوە بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە شۆڕشێک بە پێشەنگایەتی ژنان بەرپا بوو.

 

"سیستەمی پیاوسالاری مافی ژن ناپارێزێت"

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەوەشی خستەڕوو، لە باشووری کوردستاندا لەبەر ئەوەی تێکۆشان تا ڕادەیەک بەرز نییە، بۆیە دەبینین ڕۆژانە ژنان بە بیانووی ئاین و ڕەگەز و شەرەفەوە دەکوژرێن، پیاوانیش ژنان وەکو موڵکێک سەیر دەکەن و بە شەرەفی خۆیانی دەزانن، ڕەوایەتیان بە خۆیان داوە کە ئەم ژنە، مادام موڵکی پیاوە و شەرەفیانە، ئەگەر لە قسەیان دەرچوو ئیتر هەقیانە بیکوژن، هۆکارەکەشی دەسەڵاتە و خەریکە بەسەر هەموو شوێنێکی باشووری کوردستاندا دەسەپێندرێت، هەر وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ کێشەی ژنی بە سەرەکیترین کێشەی کۆمەڵگەی دەزانی و دەیوت، ئەگەر کۆمەڵگەیەک تێکۆشان بکەن، ئەو دۆخە قبوڵ ناکەن و بێ دەنگ نابن بەرامبەر کوشتنی ژنان.

 

دەشڵێت: ئێمەی ژنان دەبێت کێشەی ژنێک بە کێشەی خۆمان بزانین، ئەگەر بێ دەنگ بین بەرامبەر کوشتنی ژنێک، ڕۆژی دواتر ژنێکی تر دەکوژرێت، ئەو ژنانەی کۆمەڵگە هۆشیار دەکەنەوە هەر ئەوان دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی پیاوانیش هۆشیار ببنەوە، ئێمە لەگەڵ زهنیەتییەکی ڕەگەزگەرادا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە ژنانی پەراوێز خستووە، دەسەڵاتیش بۆ مانەوەی خۆی مافی ژنان ناپارێزێت، سیستەمی دەسەڵاتدار هیچ کات مافی ژن ناپارێزێت، وە لەناو سیستەمێکی وادا ژن و پیاویش زەرەرمەندن.